سەرۆک وەزیرانی عێراق لەدوای کۆڕبەندی ئابووری عێراق و ئیسپانیا رایگەیاند، سەرمایەگوزاری بیانی لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ٦٢ ملیار دۆلار و لەگەڵ خستنەگەڕی رێگەی گەشەپێدانیش ئەم سەرمایەیە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، دەشڵێت، دەمانەوێت یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان درووستبکەین.
ئاوێنە: ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی درووستكردنی یەك ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون، لە کۆڕبەندی ئابووری عێراق و بەمجۆرە زانیاری خستەڕوو.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەدوای کۆڕبەندی ئابووری عێراق و ئیسپانیا رایگەیاند، سەرمایەگوزاری بیانی لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ٦٢ ملیار دۆلار و لەگەڵ خستنەگەڕی رێگەی گەشەپێدانیش ئەم سەرمایەیە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هاوبەشییەکی ستراتیژی گشتگیریان لە سەرجەم کەرتەکاندا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا تاوتوێ کردووە و بڕیاریانداوە کۆمپانیا ئیسپانییەکان وەبەرهێنانی زیاتر لە عێراقدا ئەنجام بدەن و قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتیش زیاد بکەن.
ئەوەشی خستە ڕوو، کاری لەپێشینەیان پیشەسازیی بیناسازییە، چونکە دەیانەوێت یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیانی عێراق درووست بکەن و ١٠٠ ملیار دۆلار لە ماوەی ٣ ساڵدا تەرخانکراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری، کە زەمینەیەکی گونجاوە بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیا ئیسپانییەکان.