حەشدی شەعبی هەڕەشە لەتورکیا دەکات
  2024-12-02       441       

ئەبو عەلا ئەلوەلائی ئەمینداری گشتیی لیواکانی سەیدول شوهەدا کە بەشێکە لەبەرەی مقاوەمەی عێراقی، ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرکەشی بەئایندەی سیاسیی خۆیەوە دەکات، ده‌شڵێت:"سوریا نابێتە زبڵدانێک بۆ پاشەڕۆکانی تورکیاو ئیسرائیل".

ئاوێنە: ئەلوەلایی لەپۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X”نوسیویه‌تى، "حکومەتی تورکیا سورە لەسەرئەوەی خەڵکەکەی، کە بەدەست تێکچونی توندی ئابورییەوە دەناڵێنن، بخاتە ناو جەنگێکی دۆڕاوەوە کە ئابورییەکەی بەرگەی ئەو جۆرە ململانێیانە ناگرێت".

ئەمینداری گشتیی لیواکانی سەید شوهەدا دەشڵێت:"هەرچەند داڕمانی دراوی تورکیا خەریکبوو ئابوریی تورکیا بەرەو هەڵدێر بەرێت، بەڵام زیادبونی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ عێراق ڕۆڵی هەبوو لەکەمکردنەوەی قەیرانەکەو ڕزگارکردنی ئابوریی ئەو وڵاتە".

هەروەک ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "ئەردۆغان پێیوایە سیاسەتەکانی ئێستای وای لێدەکات بتوانێت لەپڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”دا جێگایەک بەدەستبهێنێت، کە لەگەڵ ناتانیاهۆی هاوپەیمانەکەیدا گرێی دەدات.

ئەلوەلائی جەختی لەوەشکردوه‌تەوە، ڕژێمی تورکیاو قەوارەی ئیسرائیل دەبێت درک بەوە بکەن کە سوریا جارێکی تر نابێتە گۆڕەپانێک بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانە مرۆییەکانیان.

هۆشداریشده‌دات‌و ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، "لیواکانی سەیدولشوهەدا بەتەواوی ئامادەی ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەکن، بەئیرادەو باوەڕێکی بەهێزتر لەجاران".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×