هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر هێرشی توند دەكاتە سەر توركیاو دەڵێت، ئەوەی لە سوریا رویدا پەڵەیەكی رەشە بەنێوچەوانی توركیاوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، دوێنێ پێنجشەممە، هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر لەمیانی بەسەركردنەوەی لیوای 63ی حەشدی شەعبی لە قەزای خورماتو، جەختی كردۆتەوە لەسەر گرنگی چاوكراوەیی هێزە سەربازییەكان و پتەوكردنی هەوڵە سەربازییەكان بۆ گەرەنتیكردنی بەردەوامی ئاسایش و سەقامگیری.
هادی عامری رایگەیاندوە، ئەوەی لە سوریا رویدا پڕۆژەیەكی زایۆنی-توركییە بە پێشوازی ئەمریكا.
عامری وتوشیەتی، توركەكان و زایۆنییەكان، دو روی یەك دراون.
ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر، ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەوەی لە سوریا رویدا، "پەڵەیەكی رەشە بە نێوچەوانی توركەكان و ئەو گروپە چەتانەی كە توركیا پشتیوانییان دەكات."
هادی عامری وتوشیەتی، توركەكان و شوێنكەوتوانیان لە بەرەی نوسرە، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەوان ئیسلامین، "ئەوان چۆن ئیسلامین لەكاتێكدا پڕۆژەی پیسی زایۆنییەكان جێبەجێ دەكەن"، "ئیسلام بێبەرییە لێیان."