فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەزارو 905 ئەفسەرو سەربازی سورییان رادەستی وڵاتەكەی خۆیان كردونەتەوە كە لە كاتی كەوتنی رژێمەكەی بەشدار ئەسەد پەنایان بۆ عێراق هێنابو.
ئاوێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی 7ی ئەم مانگە، ژمارەیەك ئەفسەرو سەربازیی سوپای سوریا لەگەڵ ژمارەیەك لە كارمەندانان و پاسەوانانی دەروازەی بوكەمالی سوری، پەنایان بۆ هێزە عێراقییەكان هێناو داوایان كرد بێنە ناو خاكی عێراقەوە، ئەوەش لەسایەی روداوەكانی ئەم دواییە لە سوریا.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەڕوانگەی مرۆییەوەو لەدوای وەرگرتنی رەزامەندی رەسمی، رێگە بە هاتنە ناوەوەیان بۆ نێو عێراق دراو و لەكاتی هاتنە ژورەوەشیان جەردی ناوەكانیان و ئەو چەكانە كرا كە پێیان بو و دواتر شوێنێكیان بۆ مانەوە بۆ دابینكراو چەكەكانیان رادەستی وەزارەتی بەرگریی عێراق كران.
ئەوەشی خستۆتەڕو، دوێنێ چوارشەممە، 36 كارمەندی مەرزی بوكەمال، لەسەر داوای خۆیان رادەستی وڵاتەكەیان كرانەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لەسەر داوای خۆیان لەڕێگەی دەروازەی قائیمەوە، هەزارو 905 سەرباز و ئەفسەری سوپای سوریا، رادەستی لایەنی سوری كرانەوە، ئەوەش لەدوای ئەوەی بەڵێنی نوسراویان لێوەرگیرا كە تێیدا داوای گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەیان دەكەن و هەورەها پاش ئەوەش كە لێبوردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریاوە بۆ دەرچوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا دەكەن، پارێزگاری لەو ئەفسەرو سەربازانە بكەن كە رادەست كراونەتەوە بەشێوەیەك كە لێبوردن بیانگرێتەوەو گەرەنتی گەڕانەوەیان بۆ نێو كەسوكارییان بكرێت.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق وتوشیەتی، ئەو چەكانەی بەو هێزەی سوپای سوریا بون كە خۆیان رادەست كردوە، هێشتا لای وەزارەتی بەرگریی عێراقن و لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی سوریادا رادەست دەكرێنەوە.