ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم و نوێنەرانی كورد لەبەغدا لەبارەی پرسی موچە كۆدەبنەوە
  2025-01-11       262       

بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەكی نائاسایی لەنێوان حكومەتی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغدا بەڕێوەبچێت و كۆبونەوەكەش تایبەتە بە پرسی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێم.

ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەوی رابردو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی شەممە 11/1/2025 کاتژمێر 10:00 لە شاری هەولێر بە ئامادەبونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەولێر كۆبونەوەیەكی نا ئاسایی ئەنجامدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆبونەوەكە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم ئامادە دەبن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، بابەتی کۆبونەوەکە تایبەتە بە پرسی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی.

دوابەدوای ئەوە هەریەکە لە فراكسیۆنەكانی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند، بایکۆتی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی کورد دەکەن.

موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەکگرتو لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حیزبەکەی ڕاگەیاند، بەشداری کۆبونەوەکەی حکومەتی هەرێم ناکەین.

هاوکات سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق بایکۆتکردنی کۆبونەوەکەی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاندو وتی"هەمو خەڵکی هەرێم دەزانێت بەغدا زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار پارەی بۆ موچەی 12 مانگ ناردوە، بەڵام موچەیەکی ساڵی 2024یان نەداوە بە موچەخۆران."

هەروەها فراكسیۆنی نەوەی نوێش بەشداری لە كۆبونەوەكەدا ناكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×