بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی جەخت دەكاتەوە كە دەبێت لە سوریای نوێدا گەلی كورد هاوبەشێكی راستەقینە بێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمیش دەڵێت، نامانەوێت هەڵەكانی رابردو دوبارەبكرێنەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو قسانەی بافڵ تاڵەبانی لە میانی كۆبونەوەیەكیدا هاتون لەگەڵ ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەی نێوان سەرۆكی یەكێتی و كونسوڵی گشتی ئەڵمانیادا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە جەختیان لێکرایەوە.
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکردوە، "وڵاتەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەمولایەک کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاوەدانی لە ناوچەکە بکەن. دەبێت لە سوریای نوێدا مافی هەمو لایەک بەتایبەت گەلی کورد پارێزراوبێت و هاوبەشێکی راستەقینەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا."
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندوە،"هەڵوێستی ئێمە لەبارەی حکومەتی نوێوە رونە و نامانەوێت جارێکیتر هەڵەکانی رابردو دوبارەبکرێنەوە، دەبێت حکومەتی داهاتو دادپەروەرانەو دور لە هەمو بیرکردنەوەیەکی حزبی کار بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و خزمەتیان بکات."
هەر لەوبارەیەوە سەرۆكی یەكێتی وتوشیەتی"ئێمە ناکۆکی و لێکترازان بەهەموشێوەیەک رەتدەکەینەوە و ئامانجمان ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین. بۆیە هیوادارین هەمو لایەنەکانیتریش بەم نییەتەوە هەنگاوبنێن و پێکەوە هەرێمەکان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستە بکەین."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەوە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پشتیوانی و هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و رایگەیاندوە، "یەکخستنەوەی پێشمەرگە پرۆسەیەکی نیشتمانی و چارەنوسسازە، هیوادارین ئاستەنگە حزبییەکان نەبنە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکە و هەمومان هێزێکی تۆکمە بۆ کوردستانەکەمان بونیادبنێین."