وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەوەڵامی دەستپێشخەرییەكەی ئەمڕۆی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێدا بۆ پێكهێنانی حكومەت دەڵێت، كۆمەڵ نەك حكومەت بەڵكو پەرلەمانی دیزاینكراویشی بۆ جێهێشتون.
ئاوێنە: محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵ لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت"كاك شاسوار دوەمجارە پێشنیارێك ئاڕاستەی یەكێتی، یەكگرتو و كۆمەڵ دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، بێ خەبەر لەوەی كە كۆمەڵ نەك حكومەت بەڵكو پەڕلەمانی دیزاینكراویشی بۆ جێهێشتون."
وتەبێژەكەی كۆمەڵ وتوشیەتی"فەرمون خۆتان و یەكێتی و پارتی چۆن حكومەت پێكدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناكات ناوی ئێمە بهێنن، دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش بە سەد پۆست نەك پەنجا؛ گۆڕانكاری نابێت و دۆخەكە چاك نابێت، گەر خراپتر نەبێت."
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەێ نوێ، ئەمڕۆ لە دەستپێشخەرییەكدا بۆ یەكێتی و یەكگرتو و كۆمەڵ رایگەیاند، کاک محەمەد سلێمان، سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان رۆژی چوارشەممەی بۆ دانیشتنی پەرلەمان كوردستان راگەیاندوە، ئەگەر یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتو دەیانەوێت ئەوا دەتوانن بە 15 کورسییەکەی ئێمەوە (سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان) هەڵبژێرن و ئێمە هیچ پۆستێکمان ناوێت هەر سێ پۆستەکە بۆ یەکێتی، یەکگرتو و کۆمەڵ؛ ئەگەر دەنگمان نەدانێ و هەڵمان نەبژاردن ئەوا دیارە ئەم قسانەی ئێمە ناڕاستن.
وتیشی، ئەگەر ئەو لایەنانە بیانەوێت، دو سبەی دەتوانین سەرۆکی پەرلەمان، جێگر و سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێرین، دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێرین و دواتریش سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسێک رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت کە پارتی نەبێت. ئەمە باشترین فرسەتە.