پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان پەسەندكرا
  2025-01-21       1643       

ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی بەعس، کە هەزاران دۆنم زەوی داگیرکراو لە ناوچە جێناکۆکەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان. بەوتەی پەرلەمانتارێکی عێراقیش "پرۆژە یاساکانی باری کەسێتی کە پرۆژەی شیعەکان بوو، لەگەڵ پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی کە پرۆژەی سوونەکان بوو پەسەندکران".

ئاوێنە: کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی وت "لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە 10 بڕگەی لەخۆ گرتبوو، دەنگدرا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی بەعسی روخاو، تایبەت بەداگیرکردنی موڵک و ماڵ لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان".

وتیشی "بەهۆی ئەم بڕیارە گرنگەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی جوتیارانی کورد کە داگیرکرابوون لە کەرکوک و خانەقین و خورماتوو مەندەلی و نەینەوا دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و بەم بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی لە هەموو جوتیارانی زوڵم لێکراوی کورد دەکەم، کە چەندین ساڵە زەوییەکانیان داگیرکراوە".

سەبارەت بە دوو پڕۆژە یاساکەی دیکە لایخۆیەوە چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بەهەمان میدیای راگەیاند "لەگەڵ پرۆژەی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس کە پرۆژەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، پرۆژە یاساکانی باری کەسێتی کە پرۆژەی شیعەکان بوو، لەگەڵ پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی کە پرۆژەی سوونەکان بوو پەسەندکران".

"لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی فراکسیۆنەکان نەتوانرا دەنگ لەسەر پرۆژەکە بدرێت و هەڵگیرا بۆ کاتێکی نادیار"، چرۆ حەمە شەریف وای وت.

جێی ئاماژەیە ئەو سێ‌ پڕۆژە یاسایەی کە لەلای عێراقییەکان جێ مشتومڕبوو و ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ناوەند پەسەندكرا بەپێی ماددەکان ئەمانەن:

ـ پێشنیازی هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە (188)ی ساڵی 1959.
ـ پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان، ئەوانەی هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە.
ـ پرۆژە یاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە (27) ساڵی 2016.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×