ئا: داناز عەبدولڕەحمان
ئوتێل ئەبو سەناء!
ئەبوسەنا ناوێکی دیار و ناسراوی شاری سلێمانییە،ڕۆژانە گوێبیستی ئەبین و بەکاری دەبەین،بەڵام هەتا ئێستا نازانین چاوگی ئەم ناوە لەچییەوە هاتووە و چۆن پەیدا بووە..
لای ئەبوسەنا چاوەڕێت ئەکەم،لای ئەبو سەنا دابەزین هەیە،لای ئەبوسەنا پێچ بکەرەوە،ئەولا ئوتێلەکەی ئەبوسەنا،تەنیشت ئەبوسەنا،ئەمە ئەو دەستەواژانەیە ڕۆژانە زۆر دووبارەدەبنەوە،بەڵام ئایا ئەبو سەنا کێیە؟.
ئەبوسەنا کێیە؟
ئەبو سەنا ناوی تەواو "سلێوە گۆرگیس مربین"ە
لە ڕۆژی ۱-۷-۱۹٤۲ لەشاری کۆیە لە گەڕەکی بەفری قەندی لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی هەر لە شاری کۆیە تەواوکردوە.
دایکی ناوی "حنێ متێ"بووە.
یەک برای هەیە لەخۆی گەورەتر بەناوی جەبار گۆرگیس.
بەکرێکاری دەستی پێکردوە و دواتر لە توتنی کۆیە بەشی انحسار کرێکاری کردوە،لە ۱٦-۹-۱۹٦۲ ژیانی هاوسەری پێکهێناوە لەگەڵ خاتوو نەعیمە شەمعون یەڵدا.چوونەتە شاری بەغدادو لەوێ نیشتەجێ بوون،ماوەیەک لە بەغداد پیشەی فیتەرچێتی ئەکات لە کۆمپانیای مرسیدس،دواتر یەکەم چێشتخانەی خۆی داناوە بەناوی(نبوخذ نصر)کە شوێنی ئوتێل شیراتۆنی ئێستای لەسەر دروستکراوە..لەبەر لێهاتووی و زرنگی خۆی توانیوێتی چەند چێشتخانەیەکی تریش بکاتەوە بەناوەکانی (کهف) و (کریستاڵ) و چەند پڕۆژەیەکی گرنگی تریش لە دهۆک و موسڵ و بێجی و تکریت.
لەساڵی ۱۹۷٥ز هاتوونەتە شاری سلێمانی و بەتەواوەتی نیشتەجێ بوون. چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری دروستکردوە لەوانە: بینای دائیرەی مەحەلی ئەوسا کردویەتی بە ئوتێل سەلام (ئاشتی)ئێستا.
وشەی ئەبو سەناء لەچییەوە هاتووە؟
کچە گەورەکەی گۆرگیس ناوی سەنایە،کە لەشاری بەغداد لەدایک بووە،لە کلتوری عەرەبدا وا باوە هەمیشە باوک بەناوی کچ و کوڕی گەورەوە بانگ دەکرێت.خاتوو سەناش یەکەم مناڵی بووە و زۆر خۆشەویستی باوکی بووە ئیتر هەر بە ئەبو سەنا بڕیاریداوە کە ئوتێل بکات بەناوی کچە گەورەکەیەوە لە شاری سلێمانی.
ساڵی چەند ئوتێل ئەبوو سەنا دروستکرا؟
ئەم ئوتێلە دەکەوێتە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانییەوە لەساڵی ۱۹۷٨ز بەردی بناغەی بە ئوتێلەکە داندراوە،نزیکەی چوار ساڵی خایاندوە هەتا تەواوکرا،واتا ساڵی ۱۹٨۲ز دەرگای ئوتێلەکه کرایەوە..
لەسەرەتای دروستکردنی ئوتێلەکە لەبەر خۆشەویستی کچە گەورەکەی و نازناوی خۆی ئوتێلەکەی ناونا ئەبو سەنا..
ئوتێلەکە پێکهاتووە لە دوو نهۆمو پەنجا ژوور،چەند ڕێستورانت و بەشێکی تر..
ئەبو سەنا وەک بازرگانێکی سەرکەوتوو دیار
لەو ساڵانەدا ئوتێل سەرچنار گەشتیاری وەرگرتووە و دەستی کردوە بە چەند پرۆژەی گەشتیاری تر لەوانە : ئەحمەد ئاوا،دوکان و ڕانیە.
لەساڵی ۲۰۰۰ ئوتێل گەشتیاری ئاشوری بنیات نایەوە لە سەیرانگای دوکان ئێستاش کراوەیە بەڕووی گەشتیاراندا..
لە ۱٥-۲-۲۰۱٥ خاتوو نەعیمە خانی خێزانی کۆچی دوایی کرد.خاوەنی چوار کوڕە بەناوەکانی (ریاز، رامز، مازن، وسام)، کچەکانی (سەنا، رائدە).
لەبەرواری ۱٥_۲_۲٠۲٥لەبەریتانیا کۆچیی دوایکرد
سوپاس بۆ کاک مازن ی کوڕی ئەبو سەنا بۆ هاریکاری و زانیاری..