"سری سورەیا ئۆندەر" کۆچی دوایی کرد
  2025-05-03       188       
سری سورەیا ئۆندەر

ئا: ئاوێنە


سری سورەیا ئۆندەری تەمەن ٦٢ ساڵ، دوای ١٨ ڕۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە، ئێوارەی ئەمڕۆ ٣ی ئایار، بەیەکجاری دڵی لەلێدان کەوت. ئەو لەنێو ژاروژەنگی جەنگ‌و رق‌و قینی دەیان ساڵەی تورکیادا بەردەوام بانگەشەی بۆ ئاشتی دەکرد، ئەوەی جێی سەرنجە کۆچکردنی هەم ئۆجەلانی دڵگران کردو هەم ئەردۆغان‌و باخچەلی.

   

ئۆندەر، لە ٧ی تەمووزی ١٩٦٢ لە شاری ئادیەمان لەدایک بووە. زیا ئۆندەری باوکی سەر بەبنەماڵەیەکی بەڕەچەڵەک تورکمان بووەو یەکێک بووە لەدامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئادیامانی پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP). زولەیخا خانمی دایکی، سەر بەڕێبازی نورسیەکان بووەو مامی ئۆندەر قوتابی سەعید نورسی بووە.
ئەم زەمینە ئایدیۆلۆژییە کە بەڕواڵەت دژ بەیەک بوو، بوو بەیەکێک لەو سەرچاوە بنەڕەتیانەی کە تێڕوانینی ئەوی بۆ ژیان‌و سیاسەت‌و بیرکردنەوە فرەڕەنگ کرد. ئۆندەر دەڵێت "لایەنی باوکم سۆسیالیستی بوو، دیوی دایکم نورجو بوو، هەردووکیان لە دەرەوەی سیستەمی دەسەلاتداری تورکیا بوون. بەهۆی ئەمەوە هەردووکیانم ناسی، هەم ئاشنا بەئیسلام بووم‌و هەم بەسۆسیالیزم، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارم دا لایەنگریی سۆسیالیزم بم".
ئۆندەر لەتەمەنی هەشت ساڵیدا بوو، کە باوکی بەهۆی نەخۆشی سیرۆزیس گیانی لەدەست دا، لەگەڵ دایکی‌و چوار خوشک‌و براکەیدا ڕوویان لەماڵی باپیرەی کرد. 
ئیتر ئەو منداڵییەکی سەختی لەگەڵ خێزانەکەیدا بەسەر برد. لەچەندین پیشەی جۆراوجۆردا کاری کردووە، لەوانە شاگردی فۆتۆگرافەرو کرێکاری کشتوکاڵی‌و فیتەری‌و پەنچەرچی. ئۆندەر کە لە تەمەنێکی بچووکدا ناچار بوو بارگرانی ژیان لەئەستۆ بگرێت، لەهەرزەکاری‌و هەڕەتی گەنجێتیدا بە ئاشنابوون بەکتێب دەستیکرد بەگەشەدان بەهۆشیاری سیاسی خۆی.
ئۆندەر لە کاتێکدا خوێندکاری ئامادەیی ئادیەمان بوو، بەشداری چالاکییەکی کرد کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەکۆمەڵکوژی مەرعەش لە ساڵی ١٩٧٨ ڕێکخرابوو، بۆ یەکەمجار بەهۆی ئەو چالاکییەوە دەستگیرکرا.
دواتر لەزانکۆی ئەنقەرە، لەکۆلیژی زانستە سیاسییەکان ناوی خۆی تۆمار کرد، بەڵام دیسان لەکاتی کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ دەستبەسەر کراو بەتۆمەتی "ئەندامبوون لەڕێکخراوێکی تیرۆریستی" حوکمی حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، کە تەمەنی ١٩ ساڵ بوو.
ئۆندەر کە لەساڵی ١٩٨٧ ئازاد بوو، ساڵانێکی زۆر وەک شۆفێرو کرێکاری بیناسازی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی کاریکرد. بەڵام سەرباری ئەوەش هەرگیز خولیای بۆ ئەدەب‌و سینەما لەدەست نەدا.
یەکێک لەخاڵە وەرچەرخانەکانی ژیانی، بەشداریکردن بوو لەۆرکشۆپی سیناریۆی بارش پیرهاسان دوای بینینی فیلمی "دیوار"ی یەڵماز گۆنای. ئۆندەر دەڵێت "کاتێک دەستم بەسیناریۆنووسی کرد، تەمەنم نزیکەی ٤٠ ساڵ بوو، ئەم دەستپێکردنە درەنگە باشترین هەنگاو بوو لەژیانمدا".
لەساڵی ٢٠٠٦دا سیناریۆی فیلمی "ئینترناسیۆنال"ی نووسی، ئەم فیلمە لەزۆرێک لەفێستیڤاڵەکاندا خەڵاتی بەدەستهێنا، لەنێویاندا خەڵاتی گۆڵدن بۆڵ.
دوابەدوای ئەم پێشکەوتنە، وەک سیناریۆنووس و دەرهێنەر و ئەکتەر بەشداری لەچەندین فیلم‌و کورتەفیلم‌و شانۆدا کردووە.
ئۆندەر هاوکات لەگەڵ هونەرەکەیدا، وەک ستووننووسیش کاری کردووەو لەڕۆژنامەکانی بیرگون و ڕادیکاڵدا‌و ئیزگور ئۆندەم وتارەکانی بڵاوکردوەتەوە، کە زۆربەیان باسی لەبابەتەکانی وەک خەباتی چینایەتی، ئاشتی‌و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن.
ئۆندەر کە لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠١١دا وەک کاندیدی ناوچەی ٢ی ئەستەنبوڵ وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ هەڵبژێردرا، پەیوەندی بەفراکسیۆنی پارتی ئاشتی‌و دیموکراسی (بەدەپە)ەوە کرد. لە ساڵی ٢٠١٣ ئەندامی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بووەو وەک جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردراو، کە ئامانجی یەکخستنی سیاسەتی کوردی‌و ئۆپۆزسیۆنی چەپی تورکی بوو لەژێر یەک چەتردا، بەمەش ئۆندر بووە کەسایەتییەکی دیارتر.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥شدا لەناوچەی ١ی ئەنقەرە وەک ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە.
یەکێک لەو ساتانەی کە سری سورەیا ئۆندەر بەخەڵکی فراوانتر لە تورکیە ناساند، ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزی بوو لەساڵی 2013، کە لەبەردەم شۆفڵێکدا وەستاو وتی "من نوێنەری درەختەکانیشم". 
هەر لەو ڕۆژانەدا بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە کە لەلایەن پۆلیسەوە ئاڕاستەی کرا، گەیەندراوەتە نەخۆشخانە. 
ئۆندەر یەکێک بوو لە ناوە گرنگەکان لەپرۆسەی ئاشتی‌و چارەسەرکردنی پرسی کورددا کە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ ڕوویدا.
ناوبراو بەنوێنەرایەتی هەدەپە چووە دورگەی ئیمرالی‌و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدا، هەروەها بەشداری لەسەردانەکانی قەندیلدا کرد، بەدرێژایی پرۆسەکە پەیامی هەردوولای دەگواستەوە، بووە یەکێک لەو کاراکتەرانەی کە هەوڵی دامەزراندنی زمانی گفتوگۆیان دا.
لە نەورۆزی ٢١ی ئازاری ٢٠١٣دا نامەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە کە داوای ئاشتی دەکات لەبەردەم سەدان هەزار کەسدا لەدیاربەکر.
یەکێک لە قۆناغە هەرە گرنگەکانی پرۆسەکە کۆدەنگی دۆڵمەباخچە بوو کە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥ ئەنجامدرا، بەڵام پرۆسەکە بەلێدوانەکەی ئەردۆغان کۆتایی هات کە وتی "من دان بەڕێککەوتنی دۆلمەباخچەدا نانێم". 
دوای ماوەیەکی کەم، هەڵبژاردنەکان لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بەڕێوەچوو، هەدەپە بە ١٣%ی دەنگەکان ئاستەکەی تێپەڕاندو ٨٠ کورسی بەدەستهێنا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئاکەپە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەست بدات‌و حکومەتی بۆ پێکنەهێنرێت.
دوابەدوای پێکنەهێنانی هاوپەیمانی لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیران، تورکیا جارێکی دیکە لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ چووە سەر سندوقەکانی دەنگدان، لەم نێوەندەدا پرۆسەی چارەسەری کۆتایی هات‌و تورکیا چووە قۆناغی گێژاوی سیاسییەوە.
دەستگیرکردنی نوێنەرانی هەدەپە لەچوارچێوەی یاساکانی باری نائاساییدا دەستیپێکرد کە دوای هەوڵی کودەتاکە لە ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ هاتەئاراوە، ئۆندەریش لەکاریگەری ئەمە بەدەر نەبوو، لە٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨دا بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی"، دەستگیرکراو خرایە زیندانەوە.
لە لێدوانێکیدا لەدەروازەی چوونە ناو زیندانی قەندیرە، وتی "هەرچەندە ڕووداوەکان خەمناکن، بەڵام ڕۆژە خۆشەکان بەڕێوەن"، دوابەدوای ئازادکردنی، وتی "ئەگەر تەنانەت یەک کەسیش بەردەوام بێت لەخواستی ئاشتی، هیوایەک هەیە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەستبەرداری "بیرۆکەی ئاشتی" نابێت. ئەو وتی "شەڕ ئاسانەو ئاشتی ئەرکێکی قورسە کە پێویستی بەهەوڵدان‌و تێکۆشان هەیە".
کاتێک کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئازاد کرا، یەکەم قسەی ئەوە بوو "ئێمە تەنیا کاتێک دەتوانین خۆشی خۆمان ئەزموون بکەین کە وڵات هەنگاوێک بەرەو دیموکراسیکردنی راستەقینەو ئاشتی بنێت".
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ وەک پەرلەمانتاری دەم پارتی بۆ ئەستەنبوڵ گەڕایەوە پەرلەمانی تورکیاو وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
ئۆندەر لەنێو ئەو ناوانەدا بوو کە لە چوارچێوەی دۆسیەی داخستنی هەدەپەدا داوای قەدەغەکردنی سیاسەت بۆ ماوەی پێنج ساڵ کرا کە لەدادگای باڵای تێهەڵچوونەوە لەدادگای دەستووری لە ١٧ی ئازاری تۆمارکرابوو، لەدۆسیەی کۆبانیدا دادگایی کرا، کە ساڵانێک دوای ڕووداوەکانی کۆبانی کرایەوەو لەمانگی ئایاری ٢٠٢٤دا بێتاوان دەرچوو.
لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجالان کرد کە “ڕێکخراوەکە هەڵبوەشێنێتەوە و لە پەرلەمان قسە بکات”. ئەم لێدوانە ڕێگەی خۆشکرد بۆ گفتوگۆیەکی نوێی پرۆسەی چارەسەرکردن.

ئۆندەر لە درێژەی پەیامەکانی ئاشتیدا، لە هەموو وتارەکانیدا جەختی لەسەر دیالۆگ و دیموکراتیزەکردن کردەوە. تەنانەت لەکاتی باسکردنی کێشە تەندروستییەکانی لەگەڵ خەڵکدا، پەیامی "بەردەوام دەبم لە کارکردن بۆ ئاشتی".
ئۆندەر بە بەردەوامی بەرگری لە زمانی ئاشتی لە سیاسەتی تورکیادا کردووەو بەردەوام بەزمانی تیژو ژیرانەو نوکتەئامێز دەدوا، زۆرجار لەوتارەکانیدا لەپەرلەماندا ئیدیۆمی فۆلکلۆری بەکاردەهێنا.
ئۆندەر خوێنەرێکی راستەقینە بوو، ئەو شارەزای ئەدەبیاتی جیهانی، فەلسەفە، مێژوو، فیزیا، فەلەکناسی، کۆمەڵناسی (عەلی شەریعەتی، کوتوب سیتە، دۆستۆیڤسکی، قوتابخانەی فرانکفۆرت، دانتێ، مارکس، حافز، کافکا، سەعید نورسی، ئیبن عەرەبی، سۆکرات، ترۆتسکی، ئایزنشتاین، ئەنیشتاین، دەستوور، جوگرافیا، سینەما،، فۆتۆگرافی، فەلسەفەو مێژووی یاسا، یۆنانی کۆن، مۆسیقا، برێخت، ئیسلام، مەسیحییەت‌و.. هتد" بوو. 
ئۆندەر یەکێک بوو لەو سەرکردانەی کە سیاسەت‌و هونەرو نوکتەو خەباتی بەیەکەوە گرێدەدا.
ئۆندەر یەکێک بوو لەناوە گرنگەکانی ئەو "پرۆسەی ئاشتی‌و چارەسەرکردنی پرسی کورد"، هەم لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣- ٢٠١٥‌و هەم لەنێوان ساڵانی ٢٠٢٤ – ٢٠٢٥ لەتورکیا.
ئەندامێکی سەرەکی‌و بەردەوامی ئەو تیمانە بوو کە دەچوونە قەندیل‌و زیندانی ئیمرالی‌و دۆڵمە باخچەو چانکایا.
ئۆندەر ئەو نامەیەی خوێندەوە کە ئۆجەلان لەساڵی ٢٠١٣ لەئاهەنگی نەورۆز لەئامەد داوای کرد "گەریلاکان بکشێنەوە بۆ دەرەوەی سنووری تورکیا"، هەروەها لەنەورۆزی ٢٠١٤و ٢٠١٥شدا نامەکەی ئۆجەلانی بەزامانی تورکی لەبەردەم هەزاران خەڵکی ئامەد خوێندەوە.
ترۆپکی "پرۆسەی چارەسەر" کۆبوونەوەی دۆلمەباخچە بوو، لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥دا، کە یاڵچن ئاکدۆغان بەناوی حکومەتەوە لەبەردەم کامێراکاندا دەرکەوت‌و سری سورەیا ئۆندەر بەناوی شاندی هەدەپە لەبەردەم کامێراکاندا دەرکەوت‌و ١٠ خاڵەکەی پرۆسەی ئاشتی خوێندەوە.
هەروەها لەدواهەمین رۆژو هەفتەکانی ژیانیدا ڕۆڵێکی کارای لەشاندی ئیمرالی دەم پارتی دەگێڕا لەو پرۆسەیەی کە بە"پرۆسەی چارەسەری نوێ" دەناسرێت، کە بەبانگەوازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکردو بەبانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ڕێکخراوەکەی بەردەوام بوو. ئۆندەر، یەکێک لەئەندامانی 'شاندی ئیمرالی' بوو کە 'بانگەوازی ئاشتی‌و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی مێژوویی ئۆجالانیان ڕاگەیاند.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×