کەجەکە: سری سورەیا توانی تێکۆشانی دوو گەل بگەیەنێت بە یەکتر
  2025-05-04       146       

کەجەکە ڕایگەیاند، سری سورەیا ئۆندەر توانی خەباتی هەردوو گەل بگەیەنێت بە یەکتر و دەشڵێن: بەهێزکردنی تێکۆشانی دیمووکراسی و ئاشتی ڕاسترین ڕێگایە بۆ خاوەنداریکردن لە یادی ئەو.

ئاوێنە: هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، بەبۆنەی کۆچی داوای ئەندامی شاندی دەم پارتی ئیمرالی سری سورەیا ئۆندەرەوە پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

کەجەکە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنمان بۆ بەڕێزی و بەرزڕاگرتنی ئامانجەکانی، درێژە بە هەوڵەکانی دەدەین، داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەو شوێنەی کە وازی لێهێنابوو، بە وەفاداری بە یادی بە نرخی سری سورەیا ئۆندەر تێکۆشانی دیمووکراسی و ئاشتی لە ئەستۆ بگرن و هەوڵ و تێکۆشانی زیاتر بدەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم تێکۆشانە.

 

دەقی پەیامەکەی کەجەکە:

بەداخێکی زۆرەوە بیستمان کە بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر، پاش ئەوەی ماوەی ١٨ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕی نەخۆشخانەدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە چارەسەری بۆ دەکرا، گیانی لەدەستداوە، هەرچەندە پزیشکەکان بارودۆخیان زۆر ئاڵۆز و ناجێگیر ڕاگەیاند، بەڵام وەک هەموو کەسێک، ئێمەش لەو باوەڕەدا بووین و چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە سری سورەیا ئۆندەری هێژا بەسەرکەوتووی ئەم دۆخە تێپەڕێنێت، بەداخەوە، وا پێش نەهات.

ڕۆلەی بەنرخی گەلەکەمان کە تورکیە چاوەڕوانییەکی زۆری لێ هەبوو و بە هەوڵەکانی بەشدارییەکی گرنگی لە تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسی و ئاشتیدا کردبوو، بەداخەوە کۆچی دوایی کرد، ڕایدەگەیەنین کە لەدەستدانی تێکۆشەرێکی وەها بەنرخ ئێمەی بەڕاستی خەمگین کرد، بەو بۆنەوە سەرەتا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی هێژای، دۆستانی، هاوکارانی و کۆمەڵگەی هونەری، سینەما و دەم پارتی و گەلەکەمان دەکەین و بەڕێزدارییەوە یادی بەرزی دەکەینەوە.

سری سورەیا ئۆندەر لە کاتی کارکردن بۆ ئاشتی و دیموکراسی دەکرد کە کارێکی زۆر گرنگە، نەخۆش کەوت و بەداخەوە ژیانی لەدەستدا، بۆیە ئەو شەهیدی ئاشتی و دیموکراسییە، لە هەمان کاتدا کەسیکی گەروەی تێکۆشانە، سۆسیالیست، شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزە، ژیانی خۆی بە تێکۆشان بۆ سۆسیالیزم و دیموکراسی و ئازادیی بەسەر برد، بۆ ئەمەش باجێکی زۆر قورسی دا، گرنگترین تایبەتمەندی ئەو بوو؛ کە لەلایەک پێشەنگێکی گرنگی تێکۆشانی سۆسیالیزم و تەڤفەری سۆسیالیستی تورکیا بوو، لە لایەکی دیکەشەوە بە پشتیوانیی کردنی بۆ گەلی کورد کەسێکی گرنگی ئەم تێکۆشانە بوو، لە ژیانی خۆیدا تێکۆشانی بۆ دوو گەل کرد، لە ڕێگەی کەسایەتی و کارە هونەریەکانییەوە بەشدارییەکی گەورەی لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا کردووە. هەروەها بە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بوێرانە، کاریگەرانە و بەجوانی ڕاستی کۆمەڵایەتی نیشان دەدا و ئەو دۆخەی هەبوو دەیخستە ژێر پرسیار و سەرەنجی قووڵترەوە.

سری سورەیا ئۆندەر کە بە وتن تایبەتمەندییە باشەکانی تەواو نابێت، بە ژیان، هوونەر و تێکۆشانی سۆسیالیزمی و دیموکراسی خۆی بە ڕیگایەکی جوان تەمسیلی نوێنەرایەتی هێڵی ماهیر، دەنیز، ئیبراهیم و یڵماز گونەی کرد و بوو بە یەکێک لەو کەسایەتییە گرنگانەی کە ئەم هێڵەیان گەیاندە ئەم سەردەمە، ئێمە بە حورمەتەوە بەبیری دەهێنینەوە و جارێکی دیکە سەری خۆمان لەبەردەم یادەوەرییە بەنرخەکەی دادەنوێنین، لە مانگی ئایار کە مانگی شەهیدان شەهید بوو، بەم بۆنەیەوە بە ڕێز و منەتدارییەوە هەموو شەهیدانی مانگی گوڵان و شەهیدانی دیموکراسی و شۆڕش بەبیر دەهێنینەوە.

سری سورەیا ئۆندەری هێژا لە دۆزی ئاشتیدا کارێکی زۆر گرنگی دەکرد و پێشەنگایەتی دەکرد، چاوەڕوانییەکی زۆریشی هەبوو، بەڵام ئەو کارانەی تا ئێستا کردبووی زۆر گەورە بوون و لەگەڵ هاوکارەکانی دیکەیدا کاری ئاشتییان گەیاندبووە ئاستێکی گرنگ، هەرچەندە کۆچی دوایی بۆ ئێمە ئازارێکی گەورەیە ڕاسترین ڕیگا بۆ خاوەنداریکردن لە یادی ئەو بەرەوپێشبردن و سەرخستنی تێکۆشانی دتموکراتی و ئاشتییە.

لەسەر بنەمای ڕێزگرتنمان بۆ بەڕێزی و بەرزڕاگرتنی ئامانجەکانی، درێژە بە هەوڵەکانی دەدەین، داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەو شوێنەی کە وازی لێهێنابوو، بە وەفاداری بە یادی بەنرخی سری سورەیا ئۆندەر تێکۆشانی دیموکراسی و ئاشتی لە ئەستۆ بگرن و هەوڵ وتێکۆشانی زیاتر بدەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم تێکۆشانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×