ئا: عەمار عەزیز
سەرباری راگەیاندنی چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوە لەلایەن پەکەکەوەو باسکردنی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام کاریگەریی ئەم پرۆسەی ئاشتییە بۆ ناوچەکانی سەرسنوری نێوان تورکیاو ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارێزگای دھۆک نەبووە دەرنەکەوتووە، بگرە بۆردومانکردنو هێرشی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری قەزای ئامێدی زیاتر بووە .
نەشوان عەلی محەمەد، هاولاتییەکی دانیشتوی ناو ئامێدییەو باس لەوە دەکات کە ھیچ سیمایەکی پرۆسەی ئاشتی لەسنوری قەزاکەیان بەدیناکرێت، دۆخەکە ھەروەکو جارانەو بەردەوام دەنگی تەقو تۆق لەدوورەوە دێت، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆر پێمان سەیرە کە باس لەپرۆسەی ئاشتی دەکرێت، لێرە هیچ شتێک بەدیناکرێت کە ئاماژە بێت بۆ ئاشتی، بەردەوام ناوچەکانمان بۆردومان دەکرێت لەلایەن سوپای تورکیاوە، رۆژانە دەنگی تۆپو تەقینەوەی گەورە دەبیستین، زۆرجار دوکەڵی بۆردومان ئاسمانی ناوچەکە دەتەنێت".
وتیشی "ناتوانین بەئاسانی ھاتۆچۆ بکەین، جگە لەمەش دەیان گوندو شوێن قەدەغەکراونو خەڵک ناتوانێت بۆ ئەو گوندو شوێنانە بچێتو بازگەی ئەمنی تورکی جێگیرکراون، ھەرکاتێک سنورەکەمان بۆردومان نەکرا ئەوکات دەتوانین بڵێن پرۆسەی ئاشتی کاریگەری ھەبووە".
مژێ، گوندێکی سنوری قەزای ئامێدییە، لەمانگی مارسی پارساڵەوە چوڵکراوەو خەڵکەکەی ئاوارەی دھۆکو ناوچەکانی تر بوون، لەسەدا ٩٠ خانووەکانی ئەو گوندە وێران بوونو ئێستاش رۆژانە یان هەفتانە تۆپبارانو بۆردومان دەکرێت.
ئازاد ھەمزو، موختاری گوندی مژێ، بەئاوێنەی وت "بۆردومانکردن نەک کەمی نەکردوە، بەڵکۆ چەند رۆژێکە زیاتر بووە، ئەم رۆژانە بۆردومانی زۆر چڕتر بووە لەسنوری قەزای ئامێدی، بەتایبەت لەچیای گارەو کورەژارو چەند ناوچەیەکی تر".
وتیشی "زیاتر لەساڵێکە ماڵو حاڵی خۆمان بەجێھشتووەو رێگە بەئێمە نادەن بچینەوە سەرگوندەکانی خۆمان ، ٢ ھەزار ٣٠٠ دار گوێزم ھەیە لەگوند چەند جارێک ھەوڵمدا بچم تەماشایان بکەم کە چییان لێھاتووە، بەڵام رێگەیان نەدا، ئەو خەڵکەی کاری ئاژەڵدارییان دەکرد بەرپرسانی ئەمنی بەئەوانیان وت چۆڵبوونی گوندەکە کاتییە، بەڵام ئەویش ڕاست دەرنەچوو، خاوەنەکانیان بەناچاریی ئاژەڵەکانی خۆیان فرۆشت، داواکاریمان ئەوەیە جارێکی تر بگەرێنەوە سەرگوندەکانی خۆمانو ناوچەکەمان ئاشتی بەخۆیەوە ببینێت".
تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، سەرباری راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، لە ١٢ی ئایارەوە، توركیا ٣١ هێرشو بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە كە زۆرترینیان دوێنێ ١٥ی ئایار بووەو ٢٣ جار چەند ناوچەیەكی بۆردومان كردون. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی (سی ، پی تی)، لەسەرەتای ساڵی ١٩٩١ تا حوزەیرانی ٢٠٢٤ نزیکەی ٣٤٤ ھاوڵاتی مەدەنی لەھەرێمی کوردستان بەھۆی ھێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە، ٣٥٨ کەسی دیکەش برینداربوون، لەوەشدا پارێزگای دھۆک بەرێژەی ٤٤ لەسەد پشکی شێری بەرکەوتبوو، ھەروەھا تورکیا نزیکەی ٣٩ کیڵومەتر ھاتۆتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، ٧٤ بنکەو بارەگای سەربازی دامەزراندوە .
کامەران عوسمان، لەرێکخراوی سی پی تی کە بەردەوام چاودێری ئەو ناوچانە دەکەن بۆردومان دەکرێن، بەئاوێنەی وت "سەرباری باسو خواسی پرۆسەی ئاشتی، هێشتا بۆردومان کردن کەمی نەکردوە، بەڵکو ھێرشی فڕۆکەی جەنگی زیاتر بووە، لەمانگی ئاداری ئەم ساڵ ١١٨ ھێرشو بۆردومان ھەبووە، مانگی چوار زۆر زیاتر بووە ٢١٠ ھێرشو بۆردومان ھەبووە ، بەپێی ئەم ژمارانە دەردەکەوێت کەوا پرۆسەی ئاشتی ھیچ کاریگەریەکەی ئەوتۆی لەسەر ناوچەکە نەبووە ".
ئامێدی ناوچەیەکی زۆر دەوڵەمەندە لەرووی شوێنی گەشتیارییەوە، بەڵام دۆخی شەڕ وایکردووە گەشتیاران ناتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن، ئەمەش کاریگەریی نەخوازراوی ئابوریشی لەسەر ناوچەکە زیاتر کردووە.
حەمید محەمەد، بەرێوەبەری فەرمانگەی گەشتوگوزاری ئامێدی بەئاوێنەی وت "تا چەند ناوچەکە ئارامو سەقامگیر بێت گەشتیار زیاتر روو لەسنوری ئێمە دەکەن، داواکارین پرۆسەی ئاشتی بەکردەیی جێبەجێ بکرێت چونکە ئەمە لەبەرژەوەندی ھەموو لایەکدایە، بەتایبەتی دانیشتوانی قەزای ئامێدی، کە گەشتیاریی سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتو بژێویی ژیانیانە".
لە ٢٧ی حوەزیرانی پارساڵ دانیشتوانی گوندی دەرگەلێ لەسنوری ناحیەی کانێ ماسێ بەھۆی شەری تورکیاو گەریلایەکانی پەکەکە ئاوارەی دھۆکو زاخۆ بوونو تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە، ئەوان دەڵێن کەس لێمان ناپرسێت .
یەحیا کامیل، هاوڵاتییەکی کریستیانی دانیشتووی گوندی دەرگەلێیە، ئەو بەئاوێنەی وت "لەحوزەیرانی ٢٠٢٤ بەھۆی شەڕی تورکیاو گەریلایەکانی پەکەکە ئاوارەی ناوەندی دھۆک بووین، گوندەکەمان وێران بووە بەشی زۆری خانووەکان بەکەڵکی ئەوە نایەن جارێکی تر تێیدا بژین، تەنانەت کەنیسەیەکی کریستیانەکان لەگوندەکەی ئێمە ھەبوو وێران بووە".
وتیشی "دوای نزیکەی ساڵێک لەئاوارەبوونمان لەئێستادا تاکە ھیوای ئێمە ئەوەیە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆمان، حەزدەکەین پرۆسەی ئاشتی تەنیا بەقسە نەبێتو جارێکی تر سەقامگیری بۆ ناوچەکانمان بگەڕێتەوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات