ئا: عەمار عەزیز
ریھام حەجی، کچە ئیزیدییەکی خەڵکی کۆمەڵگای خانەسوری سەر بەقەزای شنگالە، ساڵی ٢٠١٤ کە داعش شنگالی داگیر کرد، تەمەنی ١٠ ساڵان بوو، لەگەڵ ٧٧ کەسی دیکەی خێزانو کەسوکارەکەی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش، کوتایی مانگی رابوردوو لەڕۆژئاوای کوردستان رزگارکراو جارێکی تر گەڕایەوە ناو کەسوکاری خۆی، ئەو دەڵێت "کە وەک کەنیزەک بردیانم، ماوەی دوو ساڵ وەک کارەکەر لەماڵی ئەبوبەکر بەغدادی کارم کرد".
ریھام حەجی، دوواین رزگاربووی دەستی داعش کە ئێستا لەکەمپی ئیسیان لەسنوری شێخان لەگەڵ دایکو باوکی دەژی، بەئاوێنەی وت "زۆر ئاسوودەو دڵخۆشم دوای ١١ ساڵی ڕەشو تاریکو جۆرەھا نەخوشی، جارێکی تر بەباوەشی دایکو باوکو خێزانەکەی خۆم شاد بوومەوە، لەئابی ٢٠١٤ لەگەڵ سەدان ژنو کچی تر کەوتمە دەست چەکدارانی داعش، سەرەتا ئێمەیان گواستنەوە بۆ شوێنێک لەسنووری نەینەوا، دواتر منیان گواستەوە بۆ لای ئەبوبەکر بەغدادی، دوو ساڵ لەماڵی ئەو وەکو "کارەکەرو کەنیزەک" کارم کرد، لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا، نەیاندەھێشت ھەتا پێش دەرگەی ماڵەوە بڕۆم، زۆر بەوردی چاودێری منیان دەکرد".
ریھام حەجی دوای ساڵێک لەرفاندنی، کاتێک کە تەمەنی ١١ ساڵ بووە، لەژێردەستی داعش لە ٢٠١٥ بەزۆر ھاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی داعش پێدەکرێت، ئەو نایەوێت باسی ئەم بابەتە بکات، "لەبەرئەوەی زۆر ئازاربەخشەو دەیەوێت ئەو رۆژگارە تاڵەی لەبیربچێتەوە".
دوای کوشتنی ئەبو بەکر بەغدادی ریھام دەگوازرێتەوە بۆ زیندانێکی سوریا، ریھام وتی "دوای کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، چەکدارانی داعش منیان گواستەوە بۆ زیندانێکی سوریا، ماوەیەک لەوێ بووم، دواتر بۆ شوێنێکی تر، سێ جار لەگەڵ یانزە کەسی تر ھەوڵی ئەوەمان دا خۆمان رزگار بکەین، بەڵام بێ سوود بوو، جارێکی تر چەکدارانی داعش ئێمەیان دەستگیر دەکردەوە، لەبەرامبەر ھەوڵەکانمان بۆ خۆ رزگارکردن ئێمەیان ئەشکەنجە دەدا، ئەوەندە ناخۆش بوو ناتوانم وەسفی بکەم".
لەکۆتایی مانگی رابردوودا بەھاوکاری ھێزەکانی روژئاوای کوردستانو لەڕێگای کەسایەتییەکی ئێزیدی بەناوی "عەبدوڵا شرێم" رزگاردەکرێتو دواتر بەچەند رێکارێک دەگەڕێنرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە ریھام وتی "ھەموو ئەو کەسو لایەنانەی کە رۆڵیان ھەبوو لە ئازادکردنی مندا سوپاسیان دەکەم، ھەرگیز لەبیرم ناچێت، لێرەوە داواش دەکەم ئەو رفێنراوانەی تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە ھەوڵی باش بدرێت تا رزگار بکرێنو بەکەسوکاری خۆیان شاد ببنەوە".


ریهام لەگەڵ خێزانەکەی
ریھام حەجی، دوواین رزگاربووی ئێزیدییە کە لەژێر دەستی داعش رزگار کراوە، تا ئێستا لەکۆی ٦ ھەزارو ٤١٧ رفێنراوی ئێزیدی، لەم ژمارەیە تا ئێستا زیاتر لە ٢ ھەزار رفێنراو چارەنوسیان دیار نییە، بەرپرسانی حکومەتی عێراقو ھەرێمی کوردستان بەڵێن دەدەن تا یەک رفێنراو مابێت گەڕانو بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە بەردەوام دەبێت .
فەوزی شەرۆ، ئامۆزای ریھام حەجی، بەئاوێنەی وت "لەبنەماڵەی ئێمە، ٧٧ کەس کەوتنە دەست چەکدارانی داعش، تەنیا لەخێزانەکەی ریھام شەش خوشکو برایەکی چارەنوسی نادیارە، ئەمە جگە لەوەی ٣٧ کەسی تر لەکەسوکاری نزیک لەخۆمان ھێشتا رزگار نەکراون، ١١ ساڵی ڕەبەقە ھەر چاوەرێی رزگارکردنی کەسوکاری خۆمانین، بێ ھیوا نەبووین، بەڵام دەبێت بەرپرسانی عیراقو ھەرێمی کوردستان باشتر بەدوای رفێنراوانمان بگەڕن تاوەکۆ ھەموویان رزگاردەکرێن ".
وتیشی "ھەزاران خێزانی ئێزیدی شەوو رۆژ چاوەرێی رزگارکردنی کەسوکاریان دەکەن، ئەوان ناتوانن بەدوایاندا بگەڕێنو سۆراغی کەسوکاری خۆیان بکەن، چونکە ھەژارن، بۆیە زۆر پێوستە ھەموو لایەک باشترو وردتر بەدوای رفێنراواندا بگەڕێن".
چەکدارانی داعش لەئابی ٢٠١٤ دا دەستیگرت بەسەر قەزای شنگالدا، ٦ ھەزارو ٤١٧ ئێزیدییان رفاند، لەم ژمارەیە ھێشتا ٢ ھەزارو ٧٠٠ کەسیان چارەنوسیان نادیارە، ھەروەھا لەھێرشەکانی داعش ھەزارو ٢٩٣ ئێزیدی کوژراون، ٦٨ مەزارگە خاپور کرانو تا ئێستاش زیاتر لە ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان دوزراونەتەوە.
ھاوڵاتیانی ئێزیدی لەعێراق، بە ٥٥٠ ھەزار کەس مەزەندە دەکرێن، بەپێی ئامارەکانی بەرێوەبرایەتی کاروباری ئێزیدیان لەوەزارەتی ئەوقافو کاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێم، لەو ژمارەیە ٣٦٠ ھەزار ئێزیدی ئاوارە بوون، ھەروەھا ١٠٠ ھەزار ئێزیدی کۆچیان کردوە بۆ دەرەوەی وڵات.
یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، لە ١ ئاداری ٢٠٢١ لەپەرلەمانی عیراق پەسەندکراو تایبەتە بەقەرەبوی داراییو مەعنەوی ئەو خانمانەی لەلایەن داعشەوە رفێنران، بەئامانجی دابینکردنی ژیانێکی شایستەو دوبارە تێکەڵکردنەوەیان بەکۆمەڵگە. لەیاساکەدا مووچەیەکی مانگانە، لەگەڵ پێدانی پارچە زەوی نیشتەجێ بوون جێگیرکراوە.
لەبارەی دوواین ئاماری رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدیو بەرنامەیان بۆ رزگارکردنی ئەوانەی تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە، حسێن قائیدی، بەرپرسی نۆسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی بەئاوێنەی وت "لەکۆی ٦ ھەزارو ٤١٧ رفێنراوی ئێزیدی تا ئێستا ٣ ھەزار ٥٩٠ کەس رزگارکراون، خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە کە کاری ئێمە بەردەوامەو رانەگیراوە، بەپێچەوانەوە بەردەوام بەدوای رفێنراوان دەگەرێن، ئەوەش لەڕێگای بەرنامەو پلانی تایبەتی خۆمان".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات