وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئێران بەشێوەی ئەلیکترۆنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکەن بۆ قۆناغی دووەمی دانوستانەکان لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ئاژانسی هەواڵی ئێران بڵاویکردەوە، سەرۆکەکانی ئێران و ئەمریکا بە دوورەوە و بەشێوەی ئەلیکترۆنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان واژۆکردووە، بە جیاوازییەکی کەم لە کاتی نێوان هەردوو واژۆکەدا.
ئاوێنە: پەیامنێری ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی کەسی وێنەیەکی ڕێککەوتنەکەی لە میانی خوانێکی ئێوارەدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی "ڤێرسای" واژۆکردووە، وێنەیەکی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکەش بۆ ئێرانییەکان و وڵاتانی نێوەندگیر نێردراوە. پەیامنێرەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئەوەشی زیادکردووە کە یاداشتەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستیەوە کە "پێشتر ترەمپ و جەی دی ڤانس-ی جێگری بەشێوەی ئەلیکترۆنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێران واژۆکردبوو، لە کاتێکدا ترەمپ ئێوارەی چوارشەممە لەسەر کۆپییەکی کاغەزی ڕێککەوتنەکە واژۆی کردووە".
سەرۆکی فەرەنسا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەمشەو سەرۆک ترەمپ لە ڤێرسای ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی واژۆکرد. ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە لەبەردەم ئاشتییەکی هەمیشەیی دەکاتەوە و دەرفەتی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز دەڕەخسێنێت. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دروست بۆ هاووڵاتیانمان، کە دەبێتە هۆی ئەوەی بەم زووانە نرخی وزە داببەزێت".
قاڵیباف: "یاداشتەکە شکستە بۆ ئەمریکییەکان"
لە یەکەمین کاردانەوەکاندا، محەممەد باقر قاڵیباف، گەورە دانوستانکاری ئێرانی و سەرۆکی ئەنجومەنی شورا (پەرلەمان)، ڕایگەیاند یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە -کە دوای سێ مانگ لە جەنگ واژۆکراوە- "شکستە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".
قاڵیباف لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران لە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە و کەمێک دوای ئەوەی هەردوولا دەقی یاداشتەکەیان بڵاوکردەوە گوتی "ئەم ڕێککەوتنە شکستە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. خەڵکیش دەیخوێننەوە و خۆیان بڕیار دەدەن".
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە کە خێراکردنی خشتە کاتییەکە بە ئامانجی کردنەوەی گەرووی هورمزە پێش سبەی هەینی، بەو پێیەی هەردوو لایەن لەسەر ئەم پرسە ڕێککەوتوون، لەلایەکی دیکەشەوە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە فشارێکی سیاسی لەسەر ئیدارەی ئەمریکا هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی دەقی یاداشتەکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی لێدوانەکانیدا دانی بەوەدا نا کە دانوستانەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئاستەنگیان تێکەوتووە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەکەی بە ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە کە بۆ شەوی دووەم دەست بە بۆردومانکردنیان دەکەنەوە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن.
شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان -کە وڵاتەکەی سەرکردایەتی هەوڵەکانی نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکای دەکرد- ڕایگەیاند کە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە بەرزترین ئاستی حکومەتدا، سەلمێنەری پابەندبوونی هەردوولایە بە گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ململانێکان، و ئاماژەی بەوەشکرد کە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمەش بە گوتەی شەهباز بەو مانایەیە کە ئێران وەک یەکەم هەنگاو دەستبەجێ گەرووی هورمز دەکاتەوە، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا ڕاستەوخۆ دوای ئەوە گەمارۆ دەریاییەکان هەڵدەگرێت.
لە لێدوانەکانیدا سەرۆک وەزیرانی پاکستان ستایشی پابەندبوونی دۆناڵد ترەمپ و تیمە دانوستانکارەکەی کرد بە دیپلۆماسییەت و هەڵبژاردنی چارەسەری ئاشتیانە بۆ ململانێیەک کە دەکرا لێکەوتەی کارەساتاوی بۆ ناوچەکە و دەرەوەشی هەبێت، بەپێی گوزارشتەکانی خۆی.
هەروەها شەهباز ستایشی ڕێبەری باڵا ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری کرد "بۆ ئەو دانایی و دووربینی و هەستی سەرکردایەتییە بەرزەی نیشانیانداوە لە پەیڕەوکردنی پرسی ئاشتیدا"، بەپێی ئەوەی لە لێدوانەکانیدا هاتووە.
لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەشدا، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ستایشی هەوڵەکانی دەوڵەتی قەتەر، تورکیا، عەرەبستانی سعودیە و میسر و هەروەها هەوڵەکانی فەرماندەی سوپای پاکستان، موشیر عاسم مونیر-ی کرد لە گەیشتن بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.
بەپێی گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە جەخت لە ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی لوبنان و سەروەرییەکەی دەکاتەوە. لە لای خۆیەوە قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانەکانیدا جەختی لەسەر ئەولەوییەتی پابەندبوون بە بڕگەی یەکەمی یاداشتەکە کردەوە، کە باس لە کۆتاییهێنان بە شەڕ لەسەر سەرجەم بەرەکان دەکات بە لوبنانیشەوە.
قاڵیباف گوتی کە ئێران و ئەمریکا کار دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا، بەو مەرجەی ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسەند بکرێت، وەک ئەوەی لە بڕگەی ١٤ی یاداشتەکەدا هاتووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، قاڵیباف لە لێدوانەکانیدا ڕایگەیاند "تەنانەت ئەگەر بگەینە ڕێککەوتنی کۆتاییش و ئەنجومەنی ئاسایش پەسەندی بکات، هێشتا جێگەی متمانە نییە، زامنی ئێمە (بۆ جێبەجێکردنی) هێزەکەمانە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە جیاوازی نێوان دانوستانەکانی ئێستا و پێشوو لە "سەرکەوتنی ئێران لە جەنگی دواییدا" خۆی دەبینێتەوە.
دۆسیەی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی سزاکان
لەو نێوەندەدا، بەرپرسانی ئەمریکی وردەکارییەکانی بڕگەکانی ئەو یاداشتەی لێکتێگەیشتنیان ئاشکرا کرد کە لە نێوان تاران و واشنتۆن واژۆکراوە، و ئاماژەیان بەوە کرد کە لە ١٤ بڕگە پێکدێت، بەپێی ئەوەی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە.
لە نێو ئەو خاڵانەی کە یاداشتەکە لەخۆی دەگرێت، بەڵێنێکی ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیانە کە لەمەودوا هیچ کارێکی سەربازی ئەنجام نەدەن، هەروەها بەڵێنێکی دوولایەنەی نێوان واشنتۆن و تاران لەخۆدەگرێت بۆ ڕێزگرتن لە سەروەری یەکتر، و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی لایەنی بەرامبەر، بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییەی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە.
بەپێی ئەوەی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستوویەتیەوە، دەتوانرێت دیارترین ئەو خاڵانەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتوون لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکرێنەوە:
- دۆسیەی ئەتۆمی: دانانی پێوەرێکی "کەمترین"ـی نوێ بۆ کەمکردنەوەی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرزی ئێران.
- بەرەی لوبنان: دانانی بڕگەیەک کە سەروەری دەوڵەتی لوبنان بەسەر خاکەکەیدا مسۆگەر بکات، ئەمەش دوای هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان.
- کەمکردنەوەی سزاکان: ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڵێن دەدات هەنگاو بنێت بۆ سڕکردنی -نەک هەڵوەشاندنەوەی- هەندێک لە سزایە بەرفراوانەکانی سەر تاران، هەرکە ڕێککەوتنەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
- ئازادی هاتوچۆی دەریایی: ڕەشنووسەکە مسۆگەری بەردەوامی هاتوچۆی دەریایی دەکات بەناو گەرووی هورمزدا بەبێ سەپاندنی هیچ باجێکی ئێرانی بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، لەگەڵ پاراستنی مافی سەپاندنی باج لە کاتێکی دواتردا.
- پارە سڕکراوەکانی ئێران: بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاند واشنتۆن بەڵێن دەدات لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتەکەدا ڕێگە بە بەکارهێنانی تەواوەتی پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران بدات.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هەیوم" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لوبنان خێراتر بکات و پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران، ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی لوبنان واژۆ بکات.
بەپێی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، تەلئەبیب پێیوایە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ لوبنان ئەو مەرجە لەسەر مێزی دانوستان لادەبات کە ئێران دایناوە سەبارەت بە کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان.