وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە تاران و مەسقەت لەسەر دیاریکردنی ڕێڕەوێکی تایبەت بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هرمز گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، و ئێستا سەرقاڵی کۆتاییهێنانن بە ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی هاتووچۆی دەریایی لەو ناوچەیەدا. هاوکات جەختیشی کردەوە کە دەستپێشخەرییەکی لەو جۆرە بە مانای مسۆگەربوونی ئاسایش بۆ تەواوی کەشتییە تێپەڕبووەکان نایەت.
ئاوێنە: ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێران (ئێرنا) لەسەر زاری ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاوی کردەوە: «بیرۆکە و سنوری جوگرافیی ئەو ڕێڕەوەی کە لەلایەن هەردوولاوە نەخشەی بۆ کێشراوە پەسەند کراوە. ئەگەر هەندێک لایەنی سێیەم ئاستەنگ دروست نەکەن، ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی هەردوو وڵات —که تێڕوانینە سەرەکییەکان و خاڵە هاوبەشەکان لەخۆدەگرێت— لە قۆناغی کۆتایی پێداچوونەوە و داڕشتندایە».
لە لایەکی دیکەوە، دونالد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری دا لەوەی ئەگەر لە «کاتێکی زۆر نزیکدا» گەرووی هرمز نەکرێتەوە، ئێران ڕووبەڕووی «لێدانێکی زۆر سەخت» دەبێتەوە. ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامییان هەیە، لە کاتێکدا تاران ئاشکرای کردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتۆن ئەنجام نەداوە.