دادگای ئەمریکا دروستکردنی هۆڵی ئاهەنگەکانی ترەمپ لە کۆشکی سپی ڕادەگرێت
  2026-08-07       59       

دادگای تێهەڵچونەوەی ئەمریکا بڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی تەواوی کارە بیناسازییەکانی تایبەت بە دروستکردنی هۆڵی ئاهەنگگێڕانی نوێ لە کۆشکی سپی. بڕیارەکەی دادگا پشتگیری لە داواکاریی یاسایی پارێزەرانی شوێنەوارە مێژوییەکان دەکات، کە داوای ڕاگرتنی پڕۆژەکەیان کردبو.

ئاوێنە: ​هاوکات، دادگا ڕونیکردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بۆ ماوەی دو هەفتە ڕادەگرێت، تاوەکو بوار بە ئیدارەی ئەمریکا بیدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت تانە لە بڕیارەکە بدات لەبەردەم دادگای باڵای وڵاتەکەدا.

​لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا هاتوە، پرسی دروستکردنی هۆڵێکی گەورەی لەو شێوەیە تەنها لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی کۆنگرێسدایە و لەو جۆرە بڕیارانە نییە کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆکایەتی) بتوانێت بە سەربەخۆیی و بە تەنیا بڕیاری لەسەر بدات.

​لەگەڵ ئەوەشدا، دادگا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەم بڕیارە پەیوەندی بە دروستی یان نادروستی بنەمای پڕۆژەکە لە ڕوی سیاسییەوە نییە. ئامانج لە بڕیارەکە ئەوەیە کە ئیدارەی ئەمریکا مافی ئەوەی نییە لە ماوەی دادگاییکردنی بەپەلەی ئێستادا لە کارەکانی دروستکردن بەردەوام بێت، مەگەر بەپێی دەستور و یاسا کارپێکراوەکانی ئەمریکا، پێشوەختە ڕەزامەندی فەرمیی کۆنگرێس بەدەستبهێنێت. ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئیدارەی ئەمریکا لە ئایندەدا بە یەکجاری لە دروستکردنی هۆڵەکە بێبەش کرابێت.

​پڕۆژەی دروستکردنی ئەم هۆڵە نوێیەی ئاهەنگگێڕان و پێشوازی، یەکێکە لە گەورەترین و مشتومڕاوییترین پڕۆژەکانی بیناسازی لە مێژوی هاوچەرخی کۆشکی سپیدا. پڕۆژەکە لە تەمموزی ساڵی 2025 لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام ئێستا بە بڕیاری دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی کارەکانی پەکخراون بەهۆی نەبونی ڕەزامەندی کۆنگرێس

.​بەپێی ئەو زانیارییانەی پێشتر لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکراونەتەوە، ڕوبەری هۆڵە پێشنیارکراوەکە 90,000 پێی چوارگۆشەیە و توانای لەخۆگرتنی 650 بۆ 1,000 کەسی هەیە. ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی، جێگرتنەوەی ئەو چادرە کاتییانەیە کە بۆ شێوەخوانە فەرمییەکان لەسەر چیمەنی کۆشکەکە هەڵدەدران.

تێچوی پڕۆژەکە لە 200 ملیۆن دۆلارەوە دەستی پێکرد و ئێستا گەیشتوەتە 400 ملیۆن دۆلار، کە لەلایەن بەخشەرە تایبەتەکان، کۆمپانیاکان و خودی ترەمپەوە دابین دەکرێت. هۆڵەکە دیوارەکانی لە شوشەی دژە گوللـە دروست دەکرێن، سەقفەکەی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە (Drone-proof)، و لە ڕێگەی پردێکی شوشەیییەوە بە بەشی نیشتەجێبونی سەرەکی کۆشکەکەوە دەبەسترێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×