تیمێکی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێوەیەکی فەرمی لیستی مووچەی مانگی ئابی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ کرد.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم، هاوتەریب لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەدا، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی کە تایبەتە بە کۆی خەرجی و داهاتەکانی مانگی تەممووزی 2026، پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق کراوە.
ئامانج لە ڕادەستکردنی ئەم دۆسیە و داتایانە لە کاتی خۆیدا، بریتییە لە تەواوکردنی پڕۆسەی وردبینی لەلایەن بەغداوە، بە مەبەستی خێراکردنی ڕێکارە ئیداری و داراییەکان بۆ دابینکردن و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.