ئەمریکا فشار بۆ ئیسرائیل دەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە سووریا و ئێران
  2026-08-28       51       

واشنتۆن لە هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ پاراستنی هێمنی و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی پێکدادانەکان، گوشارێکی توند لەسەر ئیسرائیل دروست دەکات بۆ ئەوەی خۆی لە هەر هەنگاوێک بەدور بگرێت کە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەبهەیەکی نوێی پێکدادان لە سووریا، هاوکات هۆشداریشی داوە لە ئەنجامدانی هەر هێرشێکی تاکلایەنە بۆ سەر ئێران.

سەرچاوە ئاگادارەکان لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی هەڵوێستەکەی ئەمریکا بریتییە لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی مەترسیداری ناوچەکە و ڕێگریکردن لە فراوانتربوونی بازنەی ململانێکان، بەتایبەت لە کاتێکدا جەبهەکانی غازە و لوبنان بەدەست ئاڵۆزیی بەردەوامەوە دەناڵێنن و ناکۆکییەکان لەگەڵ تاران بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.

لە بەرامبەر ئەم فشارە ئەمریکیانەدا، بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەلئەبیب پێویستی بە پاراستنی «ئازادیی کاری سەربازی» هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە ئەمنییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، و بە ئەمریکایان ڕاگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی هێرشی «سنوردار و ماوە بە ماوە» لە کەرتی غازە و لوبنان.

سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە واشنتۆن هۆشدارییەکی ڕوونی دایە ئیسرائیل لە دژی هەر هێرشێکی سەربازیی سەربەخۆ دژی تاران، لە کاتێکدا کار بۆ هاوسەنگکردنی فشارە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکان دەکات و لە هەمان کاتدا دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە تاران، ڕایگەیاند کە گەڕاندنەوەی دیپلۆماسی بۆ ڕێڕەوی ڕاست لە نێوان تاران و واشنتۆندا «مەحاڵ نییە»، بەڵام ئەمە بەستەوە بە گۆڕینی ڕەفتاری ئەمریکا و داننان بە مافەکانی تارانەوە.

ئەم دۆخە ئاڵۆزە نیشانەی ئەو ئاستەنگە گەورەیەیە کە لەبەردەم سیاسەتی دەروەی ئەمریکادایە لە بەڕێوەبردنی چەند قەیرانێکی بەیەکەوەگرێدراو لە ناوچەکەدا، لەوانە پاراستنی ڕێککەوتنەکان بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان سوپا و هێزەکانی تری نێو خاکی سووریا، و ڕێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی ئیسرائیل کە توانای پەرەسەندنی ناوچەیی هەبێت. لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل سورە لەسەر مانەوەی بژاردە سەربازییەکانی بە کراوەیی، ئەوەش سەرکەوتنی هەوڵەکانی واشنتۆن دەبەستێتەوە بە توانای جیاکردنەوەی نێوان ئۆپەراسیۆنە سنووردارەکان و ئەو هەنگاوانەی کە دەتوانن ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گەورە بەرن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×