پەرلەمانتارانی عەرەب و توركمان دژایەتی خۆیان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك راگەیاند
  2020-07-06       530       
لیوای 2ی پیاده‌ی كه‌ركوكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: سایتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

نوێنەرانی هەردو پێكهاتەی عەرەب و توركمان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن: مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ژوری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و هەروەها دژایەتی خۆیشیان بۆ ئەو بڕیارە دەربڕیوە.

ئاوێنە: پەرلەمانتارانی ئەو دو پێكهاتەیە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندوە"لە پێشهاتێكی مەترسیدارو پێچەوانەی دەستوردا، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان رەزامەندی داوە لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ژوری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای كەركوك."

پەرلەمانتارانی ئەو دو پێكهاتەیە رایانگەیاندوە كە بەتەواوی ئەو هەنگاوەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان رەتدەكەنەوە كە بە رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەو هەنگاوەی ناوە "بەبێ ئەوەی بۆچونی پێكهاتەكانی ئێمە وەربگرێت."

پەرلەمانتارانی ئەو دو پێكهاتەیە پێیانوایە ئەو هەنگاوە "زیان بەو ئاشتییە كۆمەڵایەتییە دەگەیەنێت كە دوای ئۆپەراسیۆنەكانی چەسپاندنی یاسا لە ساڵی 2017 لە كەركوك هاتۆتەدی."

هەڕەشەی ئەوەشیان كردوە كە ئەگەر رەچاوكردنی پەتای كۆرۆناو رێكارەكانی رێگری لە گردبونەوە نەبوایە ئەوا پێكهاتەكانیان لەكەركوك پەنایان دەبردە بەر هەمو رێگەیەكی دەستوری بۆ رێگریكردن لەو "هەنگاوە ئیستیفزازییە."

شەوی رابردو لاپەڕەی رەسمی هێزی ئاسمانی عێراق لە فەیسبوك، لەزاری جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە رایگەیاند كە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق رێككەوتون لەسەر دروستكردنی چوار ژوری هەماهەنگی هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكان.

بەپێی قسەی جەبار یاوەر، چوار ناوەندەكە دەكەونە دیالە، كەركوك، مەخمور و موسڵ.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×