گەنجێك لە زێی دوكان خنكاو تەرمەكەی دۆزرایەوە
  2020-08-01       1041       

قائیمقامیەتی قەزای دوكان رایگەیاند: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، گەنجێكی دانیشتوی قەزاكە لە زێی دوكاندا خنكاوەو دوای گرتنەوەی ئاوی زێیەكە، توانیویانە تەرمی ئەو گەنجە بدۆزنەوە.

ئاوێنە: قائیمقامیەتی قەزای دوكان لە راگەیەندراوێكدا وتی:  پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە زێی دوکاندا گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵان لەکاتی ئەنجامدانی یارییەکی ئاویدا خنکا .

بەپێی راگەیەندراوەكە ئەو گەنجە ناوی (ک. ئ.)یەو دانیشتوی قەزای دوکانە كە ئەوەش سێیەم ڕوداوی خنکانە لەم ساڵدا لە زێی دوكان.

ئاماژەی بەوەشداوە كە دوای روداوەكە لەسەر داوای سیروان سەرحەد، قائیمقامی دوکان ئاوی زێی دوکان گیرایەوە تا بتوانرێت تەرمی گەنجەکە بدۆزرێتەوە .

ئەوەشی خستۆتەڕو: بە ھەوڵی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و تیمی مەلەوانی دوکان و زۆرێک لە مەلەوانانی قەزای دوکان توانرا تەرمی ئەو گەنجە بدۆزرێتەوە .

قائیمقامی دوكان ئاگاداری گەشتیاران و هاوڵاتیانی كردۆتەوە كە ئاوی زێی دوکان بەردەدرێتەوەو لەبەرزبونەوەی ئاستی ئاوی زێی دوکان خۆیان و ڕۆڵەکانیان بپارێزن تا توشی ھیچ ڕوداوێکی نەخوازراو نەبنەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×