سەندیکای پزیشکانی کوردستان رایگەیاند، بەشێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای
روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا "نازانستی و ناواقعین" و لەگەڵ رێنماییە زانستییە
جیهانییەکاندا یەک ناگرنەوەو هیچ سودێکی ئەوتۆ بە رێگریکردن لە ڤایرۆسەکە ناگەیەنن
و دەبنە بارگرانی ماددی لەسەر هاوڵاتییان.
ئاوێنە: سەندیکای پزیشکانی
کوردستان لەبارەی بڕیاری داخستنی نۆرینگەکانەوە رایگەیاند"ئێوارەی ئەمڕۆ
٣\٨\٢٠٢٠ ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، کۆمەڵێک رێنوێنی نوێی روبەروبونەوەی
کۆرۆنای بڵاوکردەوە، تیایدا بڕیاری داوە نۆرینگە و سەنتەر و کۆمەڵگە فەرمییەکان بۆ
ماوەی ١٤ ڕۆژ دابخرێن، بەبێ ئەوەی بۆ سەندیکاکان بگەڕێنەوە."
ئەوەش خراوەتەڕو"بەشێکی رێنوێنییەکان نازانستی و ناواقعین و لەگەڵ ڕێنوێنییە
زانستییە جیهانییەکان یەک ناگرنەوە کە هیچ سودێکی ئەوتۆی رێگریکردن لە ڤایرۆسەکە
ناگەیەنێت و دەبێتە بارگرانی ماددی لەسەر هاوڵاتییان."
باس لەوەشکراوە، "بە تایبەتی کە ئێستا زۆربەی نەخۆشخانە گشتییەکان لە
شاری هەولێر داخراون، تاکە دەلاقە بۆ هاوڵاتیان، کلینیکە تایبەتەکانن کە چارەسەرو
دەستنیشانی کۆرۆنا و نەخۆشیەکانی تر دەکەن."
ئاماژە بەوەشکراوە، "بەداخستنی کلینیک و سەنتەرەکان وادەکات قەرەباڵغییەکی
زۆر لەسەر ئەو بەشەی نەخۆشخانەکان کە ماونەتەوە دروست ببێت و بەرکەوتن زیاتر دەبێت."
ئەوەش خراوەتەڕو"وەک
سەندیکای پزیشکانی کوردستان، داوا دەکەین بە بڕیارەکەدا بچنەوەو ئەو تێبینییانەی سەندیکاکان
بەهەند وەربگیرێن و داوا لە پزیشکانی بەڕێزیش دەکەین تا رۆژی شەممەی داهاتو کلینیک
و سەنتەرەکان بەداخراوی بهێڵنەوە، لە ڕۆژی شەممە ٨\٨\٢٠٢٠ کلینیکەکانیان بەشێوەی
ئارەزومەندانە دەتوان بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی بکەنەوە."
ئەوەش لە کاتێدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، "بڕیاردراوە
بە داخستنی گشت سەنتەر و نۆرینگەکان (پزیشکان، پزیشکانی ددان، کارمەندانی تەندروستی،
تاقیگەیی) بۆ ماوەی ١٤ رۆژ."