جه‌لیلی‌ گادانی‌و ده‌سته‌گه‌ریی ناو حیزبی دیموکرات
  2020-08-06       906       

ئا: ئاوێنه‌

جه‌لیلی‌ گادانی‌ کە رۆژی پێنج شەممە 6ی ئاب بەیەکجاری چاوی لێکنا، یه‌كێك بو له‌كادێره‌  دێرین‌و ناسراوه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، ماوه‌ی‌ 70 ساڵ بو چالاکانە لەریزەکانی ئه‌و حیزبه‌دا خەباتی دەکردو دووجاریش وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەسیاسەتی سەرکردایەتی حیزبی دیموکرات له‌و حیزبه‌ جیاده‌بێته‌وه‌. گادانی‌ كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ورازو نشێوو قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی‌ ئه‌م حیزبه‌ی‌ به‌چاوی‌ خۆی‌ دیت بوو‌، سه‌باره‌ت به‌مێژووی‌ ده‌سته‌و ده‌سته‌گه‌ری‌ ناو ئه‌م حیزبه‌و دوو كه‌رتبوونه‌كانی‌ لەسەروەختی دوەم جیابونەوەیدا لە(حدکا) بەم جۆرە بۆ رۆژنامەی ئاوێنه‌ ‌دوا.

كوردستانی‌ باشور.. مه‌ڵبه‌ندی‌ جیابوونه‌وه‌كان
جه‌لیلی‌ گادانی‌ ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌‌و ده‌فته‌ر سیاسی‌ حیزبی‌ دیموكرات كه‌ باس له‌مێژووی‌ جیابوونه‌وه‌كانی‌ ناو حیزبه‌كه‌ی‌ ده‌كات، یه‌كه‌م خاڵ‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "به‌داخه‌وه‌ سه‌رجه‌م جیابوونه‌وه‌كان له‌ناو كوردستانی‌ باشوردا روویانداوه‌".
گادانی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "بۆ یه‌كه‌مجار  سه‌ره‌تای‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو بوو كه‌رتبوون كه‌وته‌ ناو حیزبی‌ دیموكراته‌وه‌و‌ بوو به‌دوو باڵ‌، یه‌كێكیان سه‌ر به‌ئه‌حمه‌د تۆفیق بوو، ئه‌ویتریشیان سه‌ر به‌دكتۆر قاسملو"، ئه‌و ده‌ڵێت: "دوو هۆكاری‌ گرنگ له‌پشت ئه‌م دوو له‌تبوونه‌وه‌ بوو: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌حمه‌د تۆفیق هه‌ستێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ زۆر خاوێنی‌ هه‌بوو، له‌حاڵێكدا ئه‌و ده‌مه‌ دكتۆر قاسملو ماركسییه‌كی‌ ته‌واو بوو. دووه‌میشیان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌حمه‌د تۆفیق زیاتر له‌گه‌ڵ‌ ته‌شكیلاتی‌ ناو باشوری‌ كوردستان تێكه‌ڵ‌ بوو، له‌كاتێكدا دكتۆر قاسملو كه‌متر ناسرا بوو له‌ناو خه‌ڵكدا، ئه‌وكات له‌ڕاستیدا حیزبی‌ دیموكرات سكرتێری‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌مه‌شیان هۆكارییه‌كی‌ گرنگی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ فاكته‌ری‌ ده‌ره‌كیش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئاراسته‌ی‌ رابه‌رانی‌ حیزبه‌كه‌ هه‌بوو".
به‌پێی‌ لێدوانی‌ گادانی‌ "ئه‌وكاته‌ دكتۆر قاسملو سه‌ر به‌حیزبی‌ توده‌ بوو، وه‌ك كادێری‌ حیزبی‌ توده‌‌و به‌ئه‌ركی‌ ئه‌وانیش له‌ئه‌وروپاوه‌ گه‌ڕابۆوه‌ بۆ كوردستان"‌و ده‌ڵێت "ئه‌م دوو كه‌رتبوونه‌ چه‌ند ساڵێكی‌ خایاند".

كه‌رتبوونی‌ پارتی‌‌و حیزبی‌ دیموكرات
ئه‌م سه‌رده‌مه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ‌ كه‌رتبوونی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا به‌سه‌ر دوو باڵی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و بارزانیدا، كه‌ ئه‌مه‌ش وه‌ك گادانی‌ ده‌ڵێت كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر توندكردنه‌وه‌ی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ ناو حیزبی‌ دیموكرات‌و لێكدوور كه‌وتنه‌وه‌یان هه‌بوو. ئه‌و ده‌ڵێت: "پاشان ده‌سته‌یه‌ك له‌باڵه‌كه‌ی‌ ئه‌حمه‌د تۆفیق جیابوونه‌وه‌و ناوی‌ كۆمیته‌ی‌ ساغكه‌ره‌وه‌یان له‌خۆیان نا كه‌ زۆر نزیك بوون له‌ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌و مام جه‌لال‌و باڵی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتییه‌وه‌، دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ ئه‌م گروپه‌ش مه‌لا ئاواره‌و حسێنی‌ مه‌ده‌نی‌ بوون، دواتریش سلێمانی‌ موعینی‌‌و ئه‌وانیش چووونه‌ پاڵیان".
گادانی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "ئه‌مانیش پاشان كۆمیته‌ی‌ ئینقلابی‌ حیزبی‌ دیموكراتیان رێكخست به‌سه‌ركردایه‌تی‌  سلێمانی‌ موعینی‌ ناسراو به‌"كاك فایه‌ق"، سمایلی‌ شه‌ریف زاده‌، مه‌لا ئاواره‌، حه‌مه‌ده‌مینی‌ سه‌راجی‌‌و ده‌ستیاندایه‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ له‌كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات كه‌ به‌حه‌ره‌كه‌تی‌ 46 ‌و 47 به‌ناوبانگه‌".
گادانی‌ ده‌ڵێت "له‌م كاته‌دا جه‌ناحی‌ به‌رامبه‌ر كه‌ سه‌ر به‌ئه‌حمه‌د تۆفیق بوون روو له‌لاوازی‌ بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ناوبراو به‌گیراوی‌ نێردرابووه‌ كانی‌ ماسی‌ له‌بادینان‌و پاشان كه‌ چووه‌ به‌غدا له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا كوژراو بێسه‌روشوێن كرا".

قاسملو.. 16 ساڵ‌ سكرتێر
جه‌لیلی‌ گادانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "پاشان ئه‌ندامانی‌ ئه‌م دوو جه‌ناحه‌ كۆنفرانسی‌ سێهه‌میان له‌ساڵی‌ 1973دا له‌كۆیه‌ گرت، ئه‌م كۆنفرانسه‌ ئه‌نجامی‌ زۆر باشی‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت "له‌م كۆنگره‌یه‌دا حیزبی‌ دیموكرات سه‌رله‌نوێ‌ رێكخرایه‌وه‌‌و به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆو ئه‌ساسنامه‌ نووسرایه‌وه‌‌و سه‌رله‌نوێ‌ حیزبیش یه‌كخرایه‌وه‌، یه‌كخستنه‌وه‌كه‌ش ماوه‌یه‌كی‌ زۆری‌ خایاند‌و به‌درێژایی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ش سكرتێره‌كه‌ی‌ د. قاسملو بوو".

كۆنگره‌ی‌ چوار‌و توده‌ییه‌كان
جه‌لیلی‌ گادانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ حیزبی‌ توده‌ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دا بووه‌ حیزبی‌ دیموكرات بكات به‌حیزبێكی‌ پاشكۆی‌ خۆی‌‌. له‌كۆنگره‌ی‌ چواری‌ ئه‌م حیزبه‌دا كه‌ له‌ساڵی‌ 1980 به‌سترا، ده‌سته‌یه‌ك وه‌ك ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌بڕیاره‌كانی‌ كۆنگره‌كه‌و له‌سه‌ر خواستی‌ حیزبی‌ توده‌ جیابوونه‌وه‌.
گادانی‌ ده‌ڵێت: "ئه‌مانه‌ی‌ جیابوونه‌وه‌ به‌لایه‌نگرانی‌ كۆنگره‌ی‌ چوار ناسران، كه‌ سه‌ر به‌حیزبی‌ توده‌ بوون‌و گه‌ره‌كیان بوو حیزبی‌ دیموكرات له‌ژێر چاودێری‌ ئه‌واندا كار بكات، دیارترین ئه‌ندامانی‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ش غه‌نی‌ بلوریان‌ و دكتۆر ره‌حیمی‌ قازی‌ بوون، ئه‌و ده‌مه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامیش په‌لاماری‌ حیزبی‌ توده‌ی‌ دا، هه‌موویان ده‌ربه‌ده‌ر بوون‌و پاشان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات دیسان چوونه‌وه‌ پاڵ‌ حیزبی‌ توده‌".

كۆنگره‌ی‌ هه‌شت‌و جیابوونه‌وه‌كه‌ی‌ گادانی‌
ساڵی‌ 1988 حیزبی‌ دیموكرات كه‌ كۆنگره‌ی‌ هه‌شته‌می‌ به‌ست، گروپێك له‌رابه‌رایه‌تییه‌كه‌ی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ خۆیان له‌حیزبه‌كه‌ راگه‌یاند‌و ناوی‌ "حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ـ رابه‌رایه‌تی‌ شۆڕشگێڕ"یان له‌خۆیان نا، كه‌ سكرتێره‌كه‌یان جه‌لیلی‌ گادانی‌ بوو.
گادانی‌ سه‌باره‌ت به‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ی‌ له‌حیزبی‌ دیموكرات كه‌ هه‌شت‌ ساڵی‌ خایاند ده‌ڵێت "ناكۆكییه‌كه‌مان له‌سه‌ر بۆچوونی‌ سیاسی‌ بوو كه‌ نامه‌وێت بچمه‌وه‌ سه‌ری‌، ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ هۆكاری‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌ بوو د. قاسملو لیستێكی‌ سه‌پاند به‌سه‌ر حیزبدا كه‌ ئه‌فراد حه‌قی‌ ره‌ئیان نه‌ما، وتیان ده‌نگ به‌لیست بده‌ن، ئێمه‌ ناڕازی‌ بووین‌و جیابووینه‌وه‌".

جارێکیتریش  جیابوونه‌وه‌
کۆتایی ساڵی 2006، حیزبی‌ دیموكرات ئه‌زمونێكی‌ دیكه‌ی‌ دووله‌تبوون‌و لێكترازانی‌ به‌خۆوه‌ دی‌، گروپێك له‌ئۆپۆزیسیۆن  به‌ناوی‌ (حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ـ ئێران)ه‌وه‌ له‌(حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران) جیابوونه‌وه‌، جه‌لیلی‌ گادانی‌ كه‌ به‌وپه‌ڕی‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌م دوو له‌ت بوونه‌ی‌ حیزبه‌كه‌یان ده‌دوێت، ده‌ڵێت "ئێمه‌ پێشتر به‌زه‌حمه‌تێكی‌ زۆر بووینه‌وه‌ به‌یه‌ك، به‌داخه‌وه‌ زۆرایه‌تی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ قه‌دری‌ ئه‌و یه‌كبوونه‌ی‌ نه‌زانی‌".
گادانی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان "به‌دوای‌ كۆنگره‌ی‌ دوانزه‌هه‌مدا بڕیاری‌ ئه‌وه‌یان ده‌ركردووه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ ده‌سته‌گه‌ری‌‌و ده‌سته‌به‌ندی‌ له‌ناو ئۆرگانه‌كانی‌ حیزبدا بكات، هه‌ر كه‌سێك ئه‌وه‌ بكات به‌خیانه‌ت تاوانبار بكرێت‌و سزا بدرێت‌و ده‌ڵێت "به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆری‌ پێنه‌چوو دیسان ئه‌وانه‌‌ ده‌ستیانكرد به‌ده‌سته‌و ده‌سته‌بازی‌ به‌شێوه‌ی‌ نهێنی‌‌و شاراوه‌، كێشه‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و كۆنگره‌ی‌ سیانزه‌هه‌میش له‌ساڵی‌ 2004 له‌كۆیه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری‌ ئه‌و ده‌سته‌به‌ندییه‌دا گیرا، به‌دوای‌ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئه‌وان به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن زۆر كاری‌ ناڕه‌واو نادروستیان كرد چ له‌باری‌ كاری‌ سیاسی‌‌و چ له‌باری‌ ده‌رون ته‌شكیلاتییه‌وه‌، ره‌فتاریان ره‌فتارێكی‌ دیموكراسی‌‌و حیزبیانه‌و برایانه‌ نه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ریشه‌ی‌ داكوتاو بوو به‌دیارده‌یه‌كی‌ ناله‌بارو ناحه‌ز".
گادانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا "ناڕه‌زایه‌تی‌ له‌ناو حیزبه‌كه‌یاندا په‌ره‌یسه‌ندووه‌ كه‌ هه‌موو رۆژێك خه‌ڵكیان به‌ملاو ئه‌ولادا داوه‌"، ئه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وان بڕوایه‌كی‌ ته‌واویان به‌ده‌سته‌و ده‌سته‌گه‌ری‌ ناوچه‌گه‌ری‌ هه‌بوو،  خه‌ڵكه‌كه‌یان له‌یه‌كتر كرد به‌دوژمن، به‌دوای‌ ئه‌وه‌دا براده‌رانی‌ ئێمه‌ نامه‌یه‌كی‌ ناڕه‌زاییان نووسی‌‌و كه‌موكوڕییه‌كانی‌ حیزبیان نووسی‌‌و پێشنیاری‌ 20 خاڵیان كرد بۆ چاكسازی‌ حیزب، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان هه‌ر له‌سه‌ر بۆچوون‌و سیاسه‌تی‌ خۆیان سوور بوون‌و سه‌ره‌نجام ئێمه‌ش پێمانڕاگه‌یاندین كه‌ ئێمه‌  پێكه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ین‌و ده‌بینه‌ دوو به‌ش".

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×