حكومەتی عێراق چەند ماددەیەكی مەترسیداری لەفڕۆكەخانەى بەغدا دوورخستەوە
  2020-08-10       358       

بەرپرسانی باڵای عێراق ئاشكرایان كرد "چەند ماددەیەکی مەترسیداریان لە فڕۆکەخانەی بەغدا دوورخستۆتەوە کە سووتێنەرن و بەئاسانیی گڕ دەگرن، وەک خۆپارێزییەک تا تووشی هەمان رووداوی لوبنان نەبن".

ئاوێنە: دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردۆتەوە "کە لە پڕۆسەیەکی خێرا و کورت مەودادا توانیویانە چەند کەرەستەیەکی مەترسیداری سووتێنەر لەناو کارگۆی فڕۆکەخانەی بەغداوە بگوازنەوە بۆ چەند کۆگایەکی سەربازیی و لەناو بارەگای ئەندازیاری سەربازیی سوپادا عەمبار کراوە".

ئاماژە بەوەشكراوە : "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیداوە کە هەر ماددەیەکی تووند و سووتێنەر و نیتراتی ئەمۆنیا پێویستە لە شوێنی نیشتەجێبوون دووربخرێتەوە".

بەگوێرەی فەرمانەکە هەموو دەروازە ئاویی و وشکانی و ئاسمانییەکان دەبێت پابەند بن بەو بڕیارەوە و لە زووترین کاتدا لایەنی پەیوەندیدار دەبێت بەکاری پێویست هەستێت.

رۆژی سێشەممە 4ی ئەم مانگە، تەقینەوەیەک لە بەندەری بەیروت روویدا و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 160 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 4 هەزار کەسیش برینداربوون و 20 كەسیش بێ سەروشوێنن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×