نوسینگەی قوباد تاڵه‌بانی‌: لیوا چەتۆ ساڵح هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر پرسی دەوام
  2020-09-15       1907       
لیوا چەتۆ ساڵح
له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر پرسی دەوام. 

ئاوێنه‌: له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "لەماوەی رابردودا لێدوانێک بەناوی بە‌ڕێز بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پرسی دەوامی فەرمانبەران لەهەندێک کەناڵی میدیایی بڵاو بوە‌وە‌. لەبەر هەستیاری دۆخەکە لێکۆڵینەوەمان لەم بابەتە کردووەو بۆمان دەرکەوتووە کە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، وەکو خۆشی دەڵێت؛ بەهیچ شێوەیەک هیچ لێدوانێکی نەداوە، لەسەر پرسی دەوام."

نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران ده‌ڵێت، "بریکاری وەزارتی ناوخۆ، وەکو هەموو ئەندامانی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکابینەی نۆیە‌م پابەندە بەجێبەجێکردنی دیدو سیاسە‌تی حیزبەکەی لەچوارچێوەی کارنامەی پەسەندکراوی کابینەی نۆیە‌می حكومە‌تی ھە‌رێم کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان یەکێک لەئە‌ولە‌ویاتە‌كانمانە‌."

رۆژی 3ی ئەم مانگە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا رایگەیاند، بەفەرمانی حكومەت دەوامی فەرمانگەكان ئاسایی دەكرێنەوەو دەبێت فەرمانبەران هەفتانە لەیەكشەمەوە بۆ پێنجشەممە دەوام بكەن‌و كاتی دەوامیش لەكاتژمێر (8:30) خولەك دەستپێدەكات بۆ كاتژمێر (3:00)ی پاشنیوەڕۆ.

هەمان رۆژ سایتی‌ میلله‌ت پرێس كه‌ سه‌ر به‌یه‌كێك له‌هاوسه‌رۆكانی‌ یه‌كێتییه‌ لێدوانێكی نافەرمییان بەناوی لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ بڵاوكردەوە كە رایگه‌یاندبو، "بڕیاری حكومەت بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام نامەنتقی‌و دراسە نەكراوە. بڕیارەكەی حكومەت بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام لەپارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەكانی گەرمیان‌و راپەڕین جێبەجێ ناكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×