پەژاک ناسنامەى گەریلا شەهیدەکانی ناوچەى مەهابادی بڵاوکردەوە
  2020-10-17       895       

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە راگەیاندراوێکدا ناسنامەى گەریلا شەهیدەکانی ناوچەى مەهاباد بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو هەڤاڵیان بە ناوەکانی جەنگاوەر باهۆز و ئارام ئاویەر لەگەڵ وڵاتپارێزێکدا بە ناوی خدر بایەزیدی لە بۆسەیەکی سوپای پاسداراندا لە نزیک مەهاباد شەهید بوون.

ئاوێنه‌: دەقی راگەیاندراوەکەى پەژاک

رۆڵی پێشەنگایەتی گەریلاکانمان جێگای هێوا و ورەبەخشی گەلە

رۆژی ١٥. ٩. ٢٠٢٠ گرووپێک لە هەڤاڵانمان لە هەرێمی مەهاباد کە سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕی و بەڕێوەبردنی خەبات بوون، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی و لەو ڕووداوەدا بەداخەوە دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی جەنگاوەر باهۆز و ئارام ئاویەر و هەروەها وڵاتپارێزێک بە ناوی خدر بایەزیدی شەهید دەکەون.

جێگای ئاماژەیە بە درێژایی ئەمساڵ هێزەکانی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی تەشەنەدان و بەرفراوانکردنەوەی سیاسەتی میلیتاریستین و بە گشتی رۆژهەڵاتی کوردستانیان وەرگەڕاندووەتە پادگانێکی سەربازی و بە بەردەوامی هێرش دەبەنە سەر کۆمەڵانی خەڵک و هەموو سیاسەتەکانی دەوڵەت و حاکمییەت سپێردراوەتە سپای پاسداران و روانگەی ئەمنییەتی بۆ کوردستان لە لووتکەدایە. هەرچەند کۆماری ئیسلامی بەو چەشنە هەوڵدانێتی کە هەموو دەرەتانەکانی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەمان لەناو بەرێت. بەڵام گەلەکەمان فداییانە لە مەیدانی تێکۆشاندایە و بە هەموو هێزەوە پێداگرە لە سەر رێبازی ئازادی و گەیشتن بە ئامانجەکانی. هەڵبەت لەم ناوەدا رۆڵی پێشەنگایەتی گەریلاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە جێگای هیوا و ورەبەخشی و بە پانتایی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوون و تێکۆشانی گەریلا بووەتە تانە و چەقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی. هەوڵدانەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هێرشی بەردەوام بۆ سەر گەریلاکانمان، دابڕینی پێوەندی نێوان پێشەنگایەتی کۆمەڵگا واتە گریلا و گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەم لەبواری سەربازی و هەم بە شەڕێکی راگەیاندنی و تایبەت دەیهەوێ ئەو ئامانجە بپێکی، بەڵام بە پێداگری و تێکۆشانی بێ‌پسانەوەی گەریلا و پشتیوانی و یارمەتیدانی گەلەکەمان هەتا سەرکەوتن درێژە بە خەباتمان دەدەین.

هەروەک ئاماژەمان پێکرد لە ئەنجامی ئەو بۆسەیەدا دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی جەنگاوەر باهۆز ئەندامی مه‌جلیسی پژاک خەڵکی گوندی کانێ‌رەشی سەر بە شاری بۆکان و ئارام ئاویەر خەڵکی شاری سنە دەگەنە پلەی شەهادەت. هەروەها هاوڕێی وڵاتپارێز کاک خدر بایەزیدی خەڵکی گوندی بەرەجۆ لە هەمان بۆسەدا شەهید دەبێت. بەو بۆنەیەوە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەرسێ بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە و کەس‌وکار و دوستانیان و گەلەکەمان لە شارەکانی بۆکان و سنە و هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. بەڵێنی درێژەپێدانی رێگا و رێبازی پیرۆزیان هەتا گەیشتن بە سەرکەوتن و وەدەست‌خستنی ئامانجە پڕشەنگدارەکانیان دووبارە دەکەینەوە.

هەڤاڵمان جەنگاوەر باهۆز ئەندامی مه‌جلیسی پژاک ماوەی حەڤدە ساڵ بێ‌پسانەوە و ماندوونەناسانە لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشاندا بووە و هەر لە یەکەم ساتەکانی ژیانی گەریلایەتیەوە بەوپەڕی بەرپرسیاری و لەخۆبووردوویی لە ناو خەباتدا جێگای گرتووە. شوێن پەنجەی خەبات و کرداری شۆڕشگێڕانەی لە زۆر شوێنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دیارە. هەڤاڵ جەنگاوەر لە سەنگەرە جیاوازەکانی تێکۆشاندا بە بەردەوامی هێمای خۆڕاگری و کۆڵنەدان بووە و چ لە شاخ و چ لە زیندانەکانی کۆماری سێدارەدا نموونەیەکی راستەقینەی بەرخۆدانە. هەرگێز لە ئاست دڕندەیی و ئەشکەنجەی جەللادانی رژیم مەلکەچ نەبوو و زیندان و سیاچاڵکانی کردە سەنگەری بەربەرەکانی و خۆڕاگری لەهەمبەر داگیرکاری. ئەو رەوتی تێکۆشانە کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێگای متمانەی لێ دروست کرد، کە لەناو هەڤاڵان و زیندانیانی سیاسی کورد و گەلانی دیکەی ئێراندا پێگەی تایبەتی پێدابوو. کەسایەتییەکی یەکجار دڵنزم و رۆح‌سووک و خزمەتکاری هەبوو. هەموو تەمەنی شۆڕشگێڕیی هەڵگری بەرپرسیارێتی و ئەرکە جیاوازەکانی کرد و خۆی لە هیچ ئەرکێک نەبوارد و هەبوونی لەناو هەڤاڵاندا هێمنی و ئارامی لەتەک خۆی دەهێنا. لە ئاست دوژمن بەردەوام بە هەڵوێست و خاوەن رقێکی ئەستوور بوو. خۆشەویستی گەلەکەی بەردەوام لە دڵیدا چڵی دەدا. کەسێکی بە ورە و چاونەترس و پێشەنگ، کە پڕ بوو لە داخوازی تێکۆشان. عاشقێکی راستەقینەی نیشتمان و ئازادی کە بێ‌گومان ناکرێ لە چەند رستەدا باسی کەسایەتی بکەین.

هەڤاڵ ئارام ئاویەر، کە بە وریایی و نەترسی دەناسرا کەسایەتییەکی فیداکار و خۆبەخش بوو. تەمەنێکی درێژی لە خەباتی مەدەنی و گەریلایەتی و ئەزموون لە پاش خۆی بۆ بەجێهێشتین. یەکێک بوو لە یادگارەکانی سێی رەشەمەی سنە و سەرهەڵدانەکانی رۆژهەڵات و بەرخۆدێرێکی زیندان. مرۆڤێکی رێکخەر و خەڵک دۆست و رووخۆش کە جێگای لە دڵی هەڤاڵانیدا دەکردەوە. هەڤاڵی ساتە دژوارەکان و هەورازە سەختەکانی گریلایی بوو. ئەزموون و لێهاتوویی لەبواری سەربازیدا پاڵپشتێکی مەزن بوو بۆ هەڤاڵان و ترسی بەردەوام بۆ دوژمن. لە بڕیارداری و پێشەنگایەتیدا نموونەی کادرێکی ئاپۆیی پێوەدیار بوو. ئەخلاق و رەوشتێکی راستەقینەی شۆڕشگێڕی لە کەسایەتیی خۆیدا بونیاد نابوو. هەتا دوا ساتی تێکۆشانی بەردەوام لە گەشە و هەوڵداندا خەباتی کرد.

بێگومان ئەرکی وڵاتپارێزی و نیشتمان‌دوستی ئەرکی هەرکەسێکە و فەرهەنگی بەرزی گەلەکەمان لە رۆژهەڵات، لەوبوارەدا لەبەر چاوە. هاوڕێی وڵاتپارێزمان کاک خدر بایەزیدی وەک نموونەیەکی بەرزی وڵاتپاریزی و تێکۆشان لە هەمبەری داگیرکاری فەداکارانە و بەرپرسانە ئەرکی پشتیوانی و یارمەتیدانی بۆ گەل و شۆڕشگێڕەکانی پێکهێنا و لەو قۆناغەدا خەتی تێکۆشانی گەلەکەمانی ڕووناک‌تر کردەوە. هەبوونی کەسایەتی ئاوەها پێداگرترمان دەکات لە خەباتدا و ورەمان پێدەبەخشی. گەلەکەمان دەبێت وەک نرخێکی کۆمەڵایەتی بەرز چاوی لێبکا و بە هەموو جۆرێک خاوەن لێی‌دەرکەوێ.

لە کۆتاییدا وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرخۆشی و دووبارە‌کردنەوەی بەڵێن و پەیمانمان بۆ بەردەوامی رێبازی شەهیدان لە هەموو گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازین کە خاوەن لە خەتی خۆڕاگری و بەرخۆدان دەرکەون و ریزەکانی یەکگرتوویی و تێکۆشان تۆکمەتر بکەن. رێگای تێکۆشانی شەهیدان پڕ رێبوار و گەشەدار بێت.

ناسنامەی هەڤاڵانی شەهید

کۆدی رێکخستنی:  جەنگاوەر باهۆز

ناو و پاشناو: هادی ئەمینی

ناوی دایک: مەنیج

ناوی باوک: حەسەن

تاریخ و شوێنی لەدایک‌بوون:   ١٣٦٣ی هەتاوی گوندی کانێ‌رەشی سەر بە شاری بۆکان

بەشداربوون: ٢٠٠٣ی هەتاوی

تاریخی و شوێنی شەهادەت: ١٥. ٩. ٢٠٢٠  هەرێمی موکریان

****

کۆدی رێکخستنی: ئارام ئاویەر

ناو و پاشناو: سیروان مەحموودی

ناوی دایک: فەراسەت

ناوی باوک: عەلی

تاریخ و شوێنی لەدایکبوون:  ١٣٦٢ شاری سنە

تاریخی بەشداربوون:٢٠١٥

تاریخ و شوێنی شەهادەت: ١٥. ٩. ٢٠٢٠ هەرێمی موکریان


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×