فالح فەیاز،
سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، هەستیان بە شەرمەزاری كردوە كاتێك ئاڵای
حەشد لەسەر بارەگا سوتاوەكەی پارتی لە بەغدا هەڵكراوە، دەشڵێت: هۆشیار زێباری
كاتێك وەزیری دارایی عێراق بو هەمو ئاسانكارییەكی دارایی بۆ حەشد كردوە.
ئاوێنە: فالح
فەیاز، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی "عراقیە"دا،
لێدوانەكانی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە "بێڕێزیكردن"
بەرامبەر بە حەشدی شەعبی ناوبرد.
سەرۆكی دەستەی
حەشدی شەعبی لەبارەی سوتاندنی بارەگاكەی پارتی لە بەغدا، وتی"سوتاندنی
بارەگاكەی پارتی لە بەغدا جێی داخە، كارێكی تاوانكارییە چونكە ئێمە هەمو كردەیەكی
سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بەرامبەر بە هەر دامەزراوەیەكی عێراقی یاخود
بیانی بە كردەوەیەكی تیرۆریستی دەزانین."
هەروەها
وتیشی"بە هەڵكردنی ئاڵای حەشدی شەعبی لەسەر بارەگاكەی پارتی هەستمان بە
شەرمەزاری كرد، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی بەرپرس نییە لە هەندێك لایەن كە دروشمی
لایەندارێتی بۆ حەشد بەرزدەكەنەوە."
ئاشكراشیكرد كە
هێزە ئەمنییەكان بە تۆمەتی سوتاندنی بارەگاكەی پارتی 15 بۆ 18 كەسیان
دەستگیركردون.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا
وتی"هۆشیار زێباری هەمو ئاسانكارییەكی دارایی بۆ حەشد كردوە كاتێك كە وەزیری
دارایی عێراق بوە."
فالح فەیاز جەختیشی كردەوە كە حەشدی شەعبی
دەستەیەكی رەسمییە لەچوارچێوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتداو ئەوەی نوێنەرایەتییە
دیپلۆماتییەكان دەكاتە ئامانج لایەنی دەرچو لە یاسان.
هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان حەشدی
شەعبی و سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، مستەفا كازمی پشتیوانی لە حەشد دەكات و
لەڕوی سەربازییەوە ئەو فەرماندەیەتی.
وتیشی"كازمی بەگوێرەی زۆرینەیەكی
پەرلەمانی رون هاتۆتە سەر حوكم و هیچ دژایەتییەكی لەگەڵ حەشد نییە."