بۆچی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا بەو ئەندازەیە بەلای هەمو دنیاوە گرنگە؟
  2020-11-07       751       
بایدن

ئا: ئاوێنە



کوردستان وەک زۆرێک لەوڵاتانی دنیا بەدەسەڵات‌و بێ دەسەڵاتییەوە بەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە سەرقاڵ‌و سەرگەرمەو مشتومڕیانە لەسەر بایدن‌و ترامپ، وەک ئەوەی چارەنوسی خەڵکی کوردستان بەئەنجام‌و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکاوە گرێدرابێت، بۆچی ئەمەریکا بەو ئەندازەیە بەلای هەمو دنیاوە گرنگ‌و پڕ بایەخە؟

 

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌چه‌ندین روه‌وه‌ جێی‌ بایه‌خ‌و گرنگه‌، له‌م وڵاته‌دا كه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی‌ كیشوه‌رێك به‌رین‌و فراوانه‌و له‌باوه‌شی‌ دوو ئۆقیانووسی‌ گه‌وره‌ی‌ جیهاندا هه‌ڵكه‌وتوه‌، یه‌كێك له‌سیسته‌مه‌ هه‌ره‌ دیموكراسییه‌كانی‌ جیهان سه‌قامگیره‌. 

 

ره‌نگه‌ زۆربەمان پێمانوابێت گرنگی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌وه‌ سەرچاوە دەگرێت كه‌ خاوه‌نی‌ به‌هێزترین‌و تۆكمه‌ترین هێزی‌ سه‌ربازی‌ جیهانه‌‌و رۆڵی سەرەکی هەبوە لەتێکشکاندنی نازیزم‌و کۆمۆنیزمدا. بێگومان توانای سەربازیی تەنها فاکتەرێکی بەهێزیی ئەمەریکایە، کە بودجه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌گه‌وره‌ترین بودجه‌ی‌ سه‌ربازی‌ دونیا داده‌نرێت، زۆربه‌ی‌ ئه‌م بودجه‌یه‌ی‌ په‌نتاگۆنیش ته‌رخان دەکرێت بۆ داهێنانی‌ نوێی‌ ته‌كنیك‌و ته‌كنه‌لۆژیا كه‌ بنه‌مای‌ باڵاده‌ستی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌سه‌ر هەمو جیهاندا.
ئه‌مه‌ریكا کە یەکەم وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمییە، زیاتر له‌700 بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌36 وڵاتی‌ جیهاندا هه‌یه‌، گرنگترین ئۆقیانووس‌و ده‌ریاكانی‌ جیهان‌و بگره‌ ئاسمانیش له‌ژێر چاودێری‌ ئه‌مه‌ریكادایه‌، فه‌رمانده‌ییه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاش به‌سه‌ر چه‌ند روبه‌رێكی‌ جوگرافیدا دابه‌شكراون كه‌ سه‌رتاسه‌ری‌ گۆی‌ زه‌وی‌ ده‌گرنه‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌و به‌رپرسیارێتی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ دیاریكراوی‌ ئه‌م دونیایه‌یان له‌ئه‌ستۆدایه‌.


لەپاڵ ئەم باڵادەستییە سەربازییەی ئەمەریکادا، چەندین فاکتەری دیکەی بەهێزیی ئەمەریکاش هەن:
له‌ڕووی‌ ئابورییه‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا به‌وڵاتی‌ "سه‌رمایه‌" ناوده‌برێت، ١٠ کۆمپانیای یەکەمی بازاڕی بۆرسە هەر ١٠یان ئەمەرییکین‌و بەسەر ئابوری جیهاندا باڵادەستن.
٣ سۆپەر ملیاردێری جیهان کە سەرمایەکەیان لەسەروو ١٠٠ ملیار دۆلارەوەیە، هەر سێکیان ئەمەریکیین. لە ١٠ ملیاردێری گەورەی جیهان ٦یان ئەمەریکین، به‌شێكی‌ زۆری‌ ملیاردێره‌كانی‌ جیهان كه‌ هه‌ندێكیان ته‌مه‌نیان له‌خوار چل ساڵه‌وه‌یه‌ دانیشتووی‌ ئه‌مه‌ریكان.
گه‌وره‌ترین بۆرسه‌ی‌ جیهان "ۆل ستریت" له‌ئه‌مه‌ریكادایه‌ كه‌ رۆژانه‌ ده‌یان ملیار دۆلاری‌ تێدا ئاڵووێر ده‌كرێت.
له‌كۆی‌ 30 فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ی‌ جیهان، حه‌ڤده‌یان له‌ئه‌مه‌ریكادان، گەورەترین بەندەرەکانی جیهان دیسان لەئەمەریکادان.
باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ سندوقی‌ دراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، بانكی‌ جیهانی‌‌و رێكخراوی‌ گات "بازرگانی‌ جیهان" له‌ئه‌مه‌ریكادان كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ئابوری‌ جیهان دیاریدەکەن.
له‌دوای‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ بریتنودزی‌ 1944ه‌وه‌، دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ گرنگترین بزوێنه‌ری‌ پرۆسه‌ی‌ بازرگانی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، تاكه‌ دراویشه‌ له‌ئاستی‌ جیهاندا كه‌ به‌های‌ هه‌موو دراوه‌كانی‌ تر له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نرخه‌كه‌ی‌ دیاریده‌كرێت، له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا دیاریكردنی‌ نرخی‌ زێڕ‌و نه‌وت‌و وزەو بەشێکی زۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان‌و کانزاو ناکانزاکان له‌بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا بەم دراوە رەنگ سەوزە ئەنجام دەدرێت.
دۆلار دراوێکی جیهانییەو رکەبەری نییە، ئەمڕۆ ٧٨% بازرگانی نێودەوڵەتی بەدۆلار ئەنجام دەدرێت، ٦٥% یەدەکی بانکە ناوەندییەکانی جیهان بەدۆلارن، ٩٠%ی کەرەسە خاوەکانی جیهان بەدۆلار نرخیان دیاریدەکرێت. تەنانەت لەکوردستاندا، فرۆشتنی خانوو ئوتومبێل‌و زۆرێک لەکاڵاکان بەدۆلارە.


 هاوکات باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ئه‌مه‌ریكادایه‌و کەم بڕیاری گرنگی جیهان هەیە بەبێ رەزامەندی ئەم زلهێزە تێپەڕێنرێت کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە.
به‌پێی‌ پله‌به‌ندی‌ باشترین زانكۆكانی‌ جیهان، لەنێو ٢٠ زانکۆی هەرە باشی جیهاندا بەپێی ریزبەندی سەنتەری شەنگەهای ١٧یان ئەمەریکیین‌و هۆکارێکی بەهێزی بەجیهانیبوونی ئێستای زمانی ئینگلیزی کوالێتی‌و ئاست بەرزیی زانکۆکانی ئەمەریکایە، کە لەسلێمانی‌و دهۆکیش هەن.


زۆرترین رێژه‌ی‌ وه‌رگرانی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبل ئه‌مه‌ریكین.


ئه‌مه‌ریكا خاوه‌نی‌ گه‌وره‌ترین ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌‌و زانیاری‌ كۆكردنه‌وه‌یە.


گه‌وره‌ترین‌و گرنگترین ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵ‌‌و كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان‌و رادیۆو رۆژنامه‌‌و گۆڤاره‌ جیهانیه‌كان‌ ئەمەریکیین‌و ئەمەریکا به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ نوێترین داهێنانه‌كانی‌ ته‌كنیك‌و ته‌كنه‌لۆژیا‌و سه‌رنجڕاكێشترین فلیمه‌كانی‌ سینه‌مای هۆلیۆدو داهێنه‌ری‌ مۆزیكه‌ هاوچه‌رخه‌كان‌و ئامڕازه‌ سه‌رگه‌رمییه‌كانی‌ جیهانه‌.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×