نامەیەک لە ئیستانبولەوە: ئێمە ڕووەکخۆر نین، بەڵکو ئەوپەڕی بێدەرامەتین
  2020-11-09       3180       

نوسینی: بیولەنت مومای
فڕانکفورتەر ئەلگێماینە تسایتونگ

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە



زۆرینەی میدیاکانی تورکیا لە لایەن کۆشکەوە ئاڕاستەدەدرێن، بۆیە زەحمەتە بۆ مرۆڤەکانی ئەوێ پاشخانی ڕووداوە کردەکییەکان ببینن. جگە لە چەند ڕۆژنامەیەکی بچووک و سێ چوار وێبسایت هیچ کەناڵێکی دیکە بۆ زانیاریدان بە توێژە فراوانەکانی کۆمەڵگە لەگۆڕێ نییە. لێ ئۆرگانی بڵاوکردنەوەی گشتی-یاسایی بێگانان هەن کە بە زمانی تورکی پەخش دەکەن و دەتوانن ئەو گەمارۆدانەی پرێس بشکێنن.

یەکێک لەو کەناڵانە بریتییە لە "دۆیچە ڤێلە". لەم دواییەدا ڕێپۆرتاژێک لەو کەناڵە کاریگەرییەکانی تەنگژەی ئابووریی پێشان دا. بەو پێیە لە یەکەم هەشت مانگی ئەم ساڵدا نزیکەی لەدژی 600.000 کەس هەوڵی دەوڵەتییانەی ناچارکردن بۆ گەڕاندنەوەی قەرز دراوە، چونکە توانایان نەبووە قەرزەکانیان بدەنەوە. کێ لە تەنگانەدا قەرز بکات یان کرێدیتی بانک وەربگرێت و نەتوانێت ئەو قەرزانە یان کرێدیتانە بگەڕێنێتەوە، زەحمەتە ئیدی کرێدیتی دیکەی بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەی قەرزەکانی سەرەتای پێبدرێت.


ئەو سووک و ئاسان باوەڕ ناکات
ژنێکی تەمەن حەفتاوچوار ساڵان یەکێکە لەو مرۆڤانە کە لەنێو ئەم پێچاوپێچەی قەرزدا گیریخواردووە. ئەو پیرەژنە دوای چل ساڵ کارکردن خانەنشین بوو. ئەو تەنیایە و ناچار بوو قەرز وەربگرێت، چونکە نەیدەتوانی بە موچەی 245 یۆرۆی خانەنشینی هەڵبکات. ئەو گۆتی: "من قەرزەکانم بە قەرزی نوێ گەڕاندەوە، پاشان بانکەکە داوای بۆ هەوڵی دەوڵەتییانەی ناچارکردنی گەڕاندنەوەی قەرز پێشکەش کرد. مووچەکەم بەشی گوزەرانم ناکات. هەندێک ڕۆژ خۆراکی بەسم بۆ خواردن نییە. بەردەوام بانکەکان تەلەفونم بۆ دەکەن، لێ من وەریانناگرم. من لێبوومەتەوە. من دەمەوێت قەرزەکانم بدەمەوە، لێ پارەی دانەوەم نییە".
ئێمە بە ڕەوشی ئەو ژنە خانەنشینەمان بەڕێی ئەو میدیایانەوە نەزانی کە کۆشک کۆنترۆلیان دەکات، هەروەها بەڕێی ئەوانەوە بە ڕەوشەکەی 'مەسوت ئینجە'ی شۆفێرمان نەزانی، کاتێک لەو پاسە نزیککەوتەوە کە لێوەی ئەردۆگان سڵاوی لە دانیشتوان دەکرد، ئەوجا لە بەردەمیدا کڕووزایەوە کە ئەو چیدی ناتوانێت نان بۆ ماڵەوەی خۆی بباتەوە. گەرچی ئینجە ئەندامی ئاکەپە-یە، سەرەڕای ئەوە وێرای ڕاستەوخۆ دۆخی ئابووریی خۆی بە ئەردۆگان ڕابگەیەنێت. لێ وەڵامەکەی ئەردۆگان پێشانی دا کە کۆشک چەند لە داکەوتی (واقعی) ژیانی هاوڵاتیان دوورە: "ئەمە کەمێک بۆ من زیادەڕەوییە"، ئەردۆگان وەڵامی دایەوە. ئەوجا یەکێک لەو پاکەتانەی دا بە ئینجە کە لەوێ دابەشی دەکردن: فەرموو چێژ لەو چایە وەربگرە! پاشان ئایا میدیاکانی کۆشک چە هەواڵێکیان لەبارەی ئەو ڕەوشە بڵاوکردەوە؟ لە بەردەم کامێرای ئاژانسی ئەنادۆلودا کە بووە بە ئۆرگانی بڵاوکردنەوەی فەرمیی پرۆپاگەندە، مەسوت ئینجە ناچار بوو ئەم ڕوونکردنەوەیە بخوێنێتەوە: "وشەکانم شێوێنراون. من تەنیا بە شێوەیەکی مەجازی گۆتم کە ئێمە ناتوانین نان بۆ ماڵەوە بەرینەوە. ئێمە بەردەوام لایەنی سەرۆکی دەوڵەت ئەردۆگان دەگرین".
حکومەت بەو جۆرە چالاکییانەی پرۆپاگەندە هەوڵ دەدات داکەوت هەڵبگەڕێنێتەوە. لێ داکەوت ناشاررێتەوە. دانیشتوان تا نێو مۆخیان هەست بە کاریگەرییەکانی تەنگژەکە دەکەن. بەگوێرەی حسابکردنی زانایان، هەڵئاوسانی پارە چوار جار بەرزترە لەوەی کە حکومەت دەیدرکێنێت. کێ کەمترین ڕێژەی مووچە وەربگرێت، ئەو کەسە لە دەستپێکی ساڵدا توانیویەتی بەو مووچەیە 2324 سەموونی تورکی بکڕێت، لێ ئێستا تەنیا 1550 سەمونی پێدەکڕرێت. ڕەوشەکە هێندە نالەبارە، کە ئیدی تەنانەت 'MHP' ی نەتەوەگەرای توندەڕەو دەستی کرد بە پرۆپاگەندەی / کەمپانیای "نان ی نێو زەرف" بۆ ئەو هاوڵاتیانە کە چیدی ناتوانن نان بکڕن: لە گۆڕەپانە فراوانەکاندا مێزی دانا بۆ دابەشکردنی نان بەخۆڕایی.
لێ ئەوە بەدڵی ئەردۆگان نەبوو. بۆیە لە بەردەمی کامێراکاندا ڕایگەیاند: "ئایا ئەمڕۆ لە تورکیا هیچ کەسێک هەیە کە نەتوانێت نان بۆ ماڵەوە بباتەوە؟ ئایا بڕوا بەوە دەکەن؟ ئێمە وڵاتێکین کە باشترین وەزعمان لە جیهاندا هەیە". ئەوەش پەرچەکردارێکی چاوەڕونکراو بوو، ئاخر ئەو خۆی لەژێر تەنگژەکەدا ناناڵێنێت. کاتێک خەڵک پێویستیان بە نانی نێو زەرفە، بە پێچەوانەوە بودجەی کۆشکەکانی ئەو بەڕێژەی 273 دەر سەد بەرزبۆتەوە.

 

سووی بەرز، نەبوونی قەرز
لێ مەسەلەکە تەنیا نان نییە. ئێمە چیدی ناتوانین گۆشت بکڕین، بێگومان نەک لەبەر ئەوەی ئێمە پێکڕا ڕووەکخۆرین، بەڵکو بەهۆی تەنگژەی ئابوورییەوە. خواردنی گۆشتی سوور لە دوازدە مانگی ڕابوردوودا بەڕێژەی 30 دەر سەد دابەزیوە. فرۆشتنی مەئکەرۆنی، کە خۆراکێکی هەرزانە، بەڕێژەی 25 دەر سەد بەرزبۆتەوە. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆیی، بودجەی خانەداری لە 38 دەر سەدی خانەوادەکاندا بەشی پێداویستییەکانی خۆراکیان ناکات. 70 دەر سەدی هاوڵاتیان پارەکانیان بەشی پێداویستیی ژیانیان ناکەن. خۆکوشتنەکانیش لەتاو بێهیوایی پەرەیان سەندووە. لە پێنج ساڵی رابوردوودا، کە ئێمە لە تەنگژەی ئابووریداین، 1380 کەس بەهۆی هەژاریی ئابوورییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
نیشانە سەرجەم-ئابوورییەکان (ماکرۆئیکۆنۆمییەکان) دەریدەخەن کە ئێمە ناتوانین هیوادار بین دۆخی ئابووری ببووژێتەوە. ئەردۆگان پێش ڕێفەراندومەکەی گۆڕینی سیستەم لە ساڵی 2017 گفتی دا: "بە سیستەمی سەرۆکایەتی ئابووریمان بەرزدەبێتەوە". لێ ئەوەی بەڕاستی بەرزبۆوە، بریتی بوون لە قەرزەکانمان، لە هەڵئاوسانی پارە و کۆرسی دراوەکان. لە سێ ساڵی رابوردوودا دۆلار و یۆرۆ پەیوەند بە لیرەی تورکییەوە بەڕێژەی 130 دەر سەد بەرزبوونەوە. کاتێک ئاکەپە ساڵی 2002 هاتە سەر حوکم، قەرزەکانی وڵاتانی بیانی لای تورکیا 114 ملیارد دۆلار بوون، ئەمڕۆ بریتین لە 421 ملیارد دۆلار. گەرچی ئێمە سەر بەو وڵاتانەین کە لە ئاستی جیهانیدا بەرزترین سوو دەدەین، کەچی هیچ وڵاتێک قەرزمان ناداتێت. کاتێک فۆندی سەرمایە ئاڕاستەدراو لە لایەن ئەردۆگان و زاواکەیەوە هەوڵی بۆ وەرگرتنی قەرز لە هەندەران دا، هیچ کۆمپانیایەکی نێونەتەوەیی دارایی بەرانبەر ئەوە پەرچەکرداری پۆزەتیڤی نەنواند.



ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سەبارەت بە پێکڕای ئەوە بێدەنگە


بۆ مەبەستی لەبیربردنەوەی سەرجەم ئەو کێشانە و گۆڕینی رۆژەڤ، دوژمنێکی دیکە هێنرایە پێشەوە. دوای کوشتنی دڕندەی مامۆستایەک لە فەڕەنسا بەهۆی کاریکاتێرەکانی محەمەدەوە لە ساتیرە گۆڤاری "Charlie Hebdo" دا، ماکرۆن ڕوونکردنەوەی دا، ئەوەش هات بەپیر داواکارییەکانی ئەردۆگانەوە. تانوتی ئەوە کە ئەوان دوژمنی ئیسلامن، بۆ ئەردۆگان بوو بە بەهانەیەک کە بانگی هاوڵاتیان بکات بایکۆتی شمەکی تورکی بکەن، هەروەک ئێمە هەموومان هاوشێوەی هاوسەرەکەی ئەو بین کە جانتای دەستییەکەی مارکەی هێرمێسە بە نرخی 45.000 یۆرۆ.

لە پشتی تەنگژەکەوە لەتەک فەڕەنسادا ڕسواییەک خۆی دەبینێتەوە کە هێندە ئاسان لەبیرنابرێتەوە. تورکیا دە ڕۆژ دوای سەربڕینی مامۆستا ساموێل پاتی ئەو تاوانەی مەحکوم نەکرد، لێ دوای ئەوە کە ئەردۆگان دەربڕینەکانی ماکرۆنی وەک ئامرازێکی سیاسەتی نێوخۆیی بەکارهێنا، ئیدی وتەبێژی کۆشک، ئیبراهیم کالین، تویتی کرد: "ئێمە ئەو جۆرە بەڕبەڕێتییە ڕەتدەکەینەوە". جێی سەرنجە کە ئەنادۆلو وەک ئاژانسێکی هەواڵی ی دەوڵەتی یەک تاکە هەواڵی لەبارەی ئەو کوشتنە دڕندەیە بڵاونەکردەوە.

هەمان ئەو ئاژانسە کە داراییەکەی بە پارەی زەریبەی ئێمە دابین دەکرێت، ئەو هەواڵەشی بڵاونەکردەوە کە خانمی ڕۆژنامەوان جگدەم ئاکبایراک حوکمی ساڵێکی بەسەردا درا تەنیا لەبەر ئەوەی ئەردۆگانی بە دیکتاتۆر ناوزەد کردبوو. ئاژانسەکە لەبارەی ئەوەش هیچی بڵاونەکردەوە کە چۆن بۆ کرێکارێک، کە لە سۆسیالمیدیاکاندا رەخنەی لە ئەردۆگان گرتبوو، داوای دوازدە ساڵ زیندانی کرا، یان لەبارەی ئەو پیاوە کە ڕەخنەی لە وەزیری نێوخۆ، سیولەیمان سۆیڵو، گرت، ئەوجا چۆن بەدووی ئەوەدا بەتۆمەتی تێرۆریزم لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ پێکهێنرا و ماڵەکەی تەفتیش کرا، ئەوجا سەرجەم زانیاریی کەسیی خانەوادەی بڵاوکرایەوە. ئەو ئاژانسە بە هەمان شێوە هیچی لەبارەی ئەو هێرشە بۆ سەر ماڵی هاوڵاتییەک بڵاونەکردەوە، کە لە میانەی ڕاپرسییەکی سەرجادەدا سکاڵای لەدەست ڕەوشی ئابووری کردوو. نەخێر، ئاژانسی هەواڵ ی ئەنادۆڵو سەرقاڵی ئەوە بوو کە چەند قورس خاوەندارانی قاوەخانە تورکییەکان لە بەرلین تووشی کۆرۆنا بوون.



زابینە ئاداتەپە ئەم نووسینەی لە تورکییەوە کردووە بە ئەڵمانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×