ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی یەكێتیی و گۆڕان ئاشكراكرا
  2020-11-29       895       

ئەمڕۆ یەكشەمە ٢٩/١١/٢٠٢٠ كۆبوونەوەی لوتكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەدەباشان بەڕێوەچوو .

ئاوێنه‌: تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو، لەسەر دواین گۆڕانكاری و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەكانی ھەرێم و عێراق ، بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێم ، كەبەرئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروست بووە ، دواتریش بەدیاركراوی دوای دەركردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ،  پەیوەندیدار بە كورتھێنانی بودجەو وەرگرتنی  قەرز قەیرانەكە  قوڵتربووەتەوە .

سەڕەڕای جەختكردنەوە، لەتوندوتۆڵكردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا ھەنگاوی كرداری خێرا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بنرێت، ھەروەك ھاوڕابووین لەسەر ئەم ھەنگاو، و بڕیارانەی خوارەوە.

١ . بەپەلە وەفدێكی خاوەن بڕیاری حكومەتی ھەرێم پێكبھێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەركردنی ریشەیی و كۆتایی كێشەی بودجەو موچەی ھەرێمی كوردستان ، لەھەمانكاتدا ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەكی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی 

2. پێشوازی لەھەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی دەكەین ، ھەروەك لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمدا ھاتووە.

3. زەمینەخۆشكردن بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رووبەڕووی واقیعی  ھەرێم و عێراق دەبێتەوە . 

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان  بزووتنەوەی گۆڕان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×