فالح فەیاز: ئەمریكا خۆی بەسه‌ر جیهاندا سەپاندووەو سەروەریی وڵاتان پێشێل دەكات‌
  2021-01-15       455       
فالح فەیاز

فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەمریكا خۆی بەسه‌ر جیهاندا سەپاندووەو سەروەریی وڵاتان پێشێل دەكات‌و شكۆی گەلان دەشكێنێت.

ئاوێنه‌: دوێنێ پێنجشه‌ممه‌، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا عەبدولعەزیز محەمەداوی، ناسراو بەئەبو فەدەک، سوپاسالاری حەشدی شەعبیی خستە لیستی تیرۆرەوە. ئەبو فەدەك، یەكێكە لەدیارترین سەركردەكانی كەتائیبی حیزبوڵای عێراقەو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەو رێکخراوە بووە کە ساڵی 2009وە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

له‌به‌رامبه‌ردا فالح فه‌یاز هێرشده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌مر‌یكاو رایگه‌یاند، سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر "ئه‌بوفدك"دا، پێشێلكاری سه‌روه‌ری عێراق و دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كانییه‌تی.

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا فالح فەیاز کە لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، رایگەیاند، ئه‌وانه‌ی به‌رگری له‌ خاك و پیرۆزییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن بۆیان گرنگ نییه‌ بێگانه‌كان به‌خراپه‌ باسیان بكه‌ن یان بیانخه‌نه‌ لیستی سزاكانه‌وه‌.

وتیشی: ئه‌وانه‌ خراونه‌ته‌ لیستی كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌ف له‌ لایه‌ن مه‌رجه‌عیه‌ت و گه‌له‌كه‌یان و ناویان له‌ لیستی رزگاریخوازان و به‌رگریكاران له‌ خاك و شكۆ له‌ ناودارترین داستانی عێراقی هاوچه‌رخ تۆمار كراوه‌.

راشیگەیاند، ئەمریكا خۆی بەسه‌ر جیهاندا سەپاندووەو سەروەریی وڵاتان پێشێل دەكات‌و شكۆی گەلان دەشكێنێت.

رونیشیكردۆته‌وه‌، حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی ره‌سمیی سه‌ربازی عێراق. فه‌رمان له‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ،مسته‌فا كازمی وه‌رده‌گرێت و له‌ ژێرباری سه‌رجه‌م چوارچێوه‌ یاساییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×