وەزیری تەندروستی عێراق دوایین ئاماری تەقینەوە خۆكوژییەكانی ئەمڕۆی بەغدای ئاشكراكرد
  2021-01-21       758       

وەزیری تەندروستی عێراق ئاشكرایكرد، بەپێی دوایین ئاماری دو تەقینەوە خۆكوژییەكەی ئەمڕۆی بەغدای بڵاوكردەوە رایگەیاند، 32 كەس كوژراون و 110 كەسیش برینداربون.

ئاوێنە: میدیای رەسمی عێراق، لەزاری حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستییەوە رایگەیاند، دوایین ئاماری دو تەقینەوە خۆكوژییەكەی ئەمڕۆی بەغدا گەیشتۆتە 32 كوژراو 110 بریندار.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەئێستادا 36 بریندار لە نەخۆشخانەكاندا ماونەتەوەو چارەسەر وەردەگرن و هیچ یەكێكیش لە بریندارەكان لە نەخۆشخانەكان گیانیان لەدەست نەداوە.

پێشتر وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەكاری ئەو هێرشە خۆكوژییەی بڵاوكردەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە گۆڕەپانی تەیەرانی لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت كردە ئامانج.

بەپێی قسەی خالد مەحنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، خۆكوژی یەكەم دوای ئەوەی هاواری كردوە كە نەخۆشەو بەفریایەوە بچن، خەڵك لێی كۆبونەتەوەو خۆی تەقاندۆتەوە، هەرچی خۆكوژی دوەمە، دوای كۆبونەوەی خەڵك بۆ گواستنەوەی بریندارانی تەقینەوەی یەكەم، خۆی تەقاندۆتەوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×