لە تورکیا هەڵواسینی وێنەی ئۆجەلان و ئاڵاکانی پەکەکە هەرای نایەوە
  2021-01-24       2017       
شەوی رابردوو پۆلیسی توركیا ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشكنینی لە بارەگایەكی پارتی دیموكراتی گەلان هەپەدە لە ناوچەی ئەسنیۆرتی ئیستەنبوڵ ئەنجام دا.

ئاوێنە: ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دوای ئاشكرابوونی هەڵواسینی وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری دەستگیركراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە و ئاڵاكانی بوو، لە كاتی پاككردنەوەی بارەگاكە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا ئەمڕۆ یەك شەممە تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە لەنێو بارەگای هەدەپەدا گیراوە.

سۆیلۆ رەخنەی لە سیاسەتی خۆرئاواش گرت بەرامبەر توركیا و پەكەكە، وتی “هیچ وڵاتێكی دیموكراتی نییە لە جیهاندا رێبدات بە ئەو جۆرە كارانە، بە بوونی رێكخراوی تیرۆرستی لەسەر خاكەكەی”.

بەپێی تۆمارە ڤیدیۆییەكە، وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەنێو بارەگای هەدەپەدا لە پاڵ وێنەی چەند شەڕڤان و گەریلایەك و دروشمەكانی پەكەكە دژی توركیا هەڵواسراون بە بەپێی میدیاكانی توركیا، دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتەدا بوون.

وەزیری ناوخۆ دەڵێت: سەدان خێزان نزیكەی ساڵ و نیوێكە لە پێش بارەگای سەرەكی هەدەپە لە پارێزگای دیار بەكر داوای گەڕاندنەوەی گەنجە رفێنراوەكانیان دەكەن لەلایەن پەكەكەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە لە شوباتی 1999 لە نایرۆبی لەلایەن هێزێكی نێودەوڵەتییەوە دەستگیركرا و رادەستی توركیا كرا.

دادگای توركیا سەرەتا سزای لە سێدارەدان و دواتر سزای زیندانی هەمیشەیی بۆ دەركرد و تا ئێستا چەند جارێكی كەم رێگا بە بینیی ئۆجەلان دراوە لەلایەن كەسوكاری و پارێزەرەكانیەوە و بە سەدان جاریش داواكاری بینینی رەتكراوەتەوە.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×