عێراق؛ لە 18 رۆژدا ئاماری توشبوانی رۆژانەی كۆرۆنا لەسەدا 296 زیادیكردوە
  2021-02-18       504       

سەرپەرشتیاری  تیمی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی ئاشكرایكرد كە لە ماوەی 18 رۆژی ئەم مانگەدا ئاماری توشبوانی رۆژانەی كۆرۆنا لەسەدا 296 زیادیكردوەو ئەوەش بە "زەنگێكی مەترسیدار" ناودەبات.

ئاوێنە: د. هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیاری  تیمی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسوك نوسیویەتی"لە 2/1  تا 2021/2/18 ئاماری پۆزەتیفی كۆرۆنا لەعێراق 296%  زیادی کردوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"زیادبونی ڕێژەی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەپێی ئەو داتایانەی کە وەزارەتی تەندروستی عێراقی بڵاوی دەکاتەوە زەنگێکی مەترسیدارە."

د. هێرش حەیدەر وتوشیەتی"بە نمونە ژمارەی توشبون لە 1ی شوباتدا 984 توشبو لە ڕۆژێکا تۆمارکراوە، لە 18ی شوباتدا ژمارەی توشبون بەرزبۆتەوە بۆ 3896 توشبو."

بەپێی هەمان داتا لەماوەی 18 ڕۆژدا ڕێژەی بەرزبونەوە 296% زیادی کردوە.

ماوەی چەند رۆژێكە تۆماری رۆژانەی توشبون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە عێراق روی لە هەڵكشانەو رۆژی دوشەممەی رابردوش وەزیری تەندروستی عێراق تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی توشبون بە كۆرۆنای گۆڕاوی ئاشكراكرد. لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراقیش چەند بڕیارێكی نوێی بۆ توندكردنەوەی رێكارەكانی روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا راگەیاندون.

هاوكات لە هەرێمی كوردستان ژمارەی توشبوانی رۆژانەی كۆرۆنا لەماوەی چەند رۆژی رابردودا روی لە هەڵكشان كردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×