فراكسیۆنی گۆڕان لەبارەی ڤیدیۆی "دانپێدانان"ی سزادراوانی بادینان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
  2021-03-04       714       

فراكسیۆنی گۆڕان لەبارەی ڤیدیۆی "دانپێدانان"ی سزادراوانی بادینانەوە رایگەیاند، جیاوازی و دژیەكی زۆرە لەنێوان ئەوەی لە دانیشتنەكانی دادگادا لەڕێی نوێنەرانمانەوە گوێبیستی بوین، لەگەل ئەو "دانپێدانانانە" كە لە راگەیەندنەكانەوە بڵاوكرایەوە.

ئاوێنە: فراكسیۆنەكە، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"چوار ئەندام لە نوێنەرانمان ئامادەی پڕۆسەی دادگاییکردنی کەیسی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان بون."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەوەی لەدانیشتنەکانی دادگا گوێبیستی بوین بە بەراورد بە دانپێدانانەکان کە لە راگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە، جیاوازی و دژیەکی زۆر دەبینین."

فراكسیۆنی گۆڕان داوای كردوە لە کاتی پێداچونەوەدا، دادگا ڕەچاوی پڕەنسیپی دادپەروەری بکات بەشێوەیەکی بێلایەنانەو دور لە گوشارە سیاسییەکان بەکەیسەکەدا بچێتەوەو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت و ئازادبکرێن.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكی ڤیدیۆییدا وتەی سزادراوانی بادینان بەناوی "دانپێدانان" بڵاوكردەوە كە تێیدا تۆمەتباریان دەكات بە "سیخوڕیكردن بۆ پەكەكەو چەند لایەنێكی دیكە."

هەروەها راگەیەندراوە ڤیدیۆییەكە لەلایەن سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە پێكدێن لە هەریەكە لە سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایش، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی پێشمه‌رگه، رەتكرایەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەنجومەنەكە سەرجەمی ئەندامانی لە پێنج كەس پێكهاتون.‌

دەقی راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی گۆڕان...

راگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی (گۆڕان)ەوە بۆ ڕایگشتی 

چوار ئەندام لە نوێنەرانمان ئامادەی پڕۆسەی دادگاییکردنی کەیسی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان بون.

لەگەڵ ئەوەی مافی ئەوەمان نییە دەستوەربدەینە کاروباری دادگاکان، ھەمیشە داوادەکەین دادگاکان سەربەخۆ بن، بەڵام ئەوەی لەدانیشتنەکانی دادگا گوێبیست بوین بە بەراورد بە دانپێدانانەکان کە لە راگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە، جیاوازی و دژیەکی زۆر دەبینین. بۆیە داوادەکەین لە کاتی پێداچونەوەدا، دادگا ڕەچاوی پڕەنسیپی دادپەروەری بکات بەشێوەیەکی بێلایەنانەو دور لە گوشارە سیاسییەکان بەکەیسەکەدا بچێتەوەو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت و ئازادبکرێن.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
   ٤/٣/٢٠٢١

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×