عەلی كەریمی: ئەنەكەسە گەرەكیەتی شەری ناوخۆ بخاتە رۆژئاوای كوردستان
  2018-12-31       4500       
عەلی كەریمی

 

ئا: ئاوێنــــــــە

 

نوسەر و سیاسەتمەداری ناسراوی رۆژهەڵاتی كوردستان، عەلی كەریمی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاوێنە رایدەگەیەنێت ، ئەنەکەسە بە سیاسەتی ناحەزانی رۆژئاوا تەنیا گەرەکێتی شەڕی ناوخۆ بخاتە رۆژئاوای كوردستان دەنا  خۆ کەس پێشی پێ نەگرتوون بۆ کاری سیاسی و تەنانەت بەشداری لە دەسەڵات و بەرێوەبردنی کانتۆنەکان.



ئاوێنە:  دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کودستان چۆن دەبین؟

عەلی كەریمی: ئەوەی لە رۆژئاوا و بە تایبەت دوای هێرشی دڕندانەی هێزە تۆقێنەر و تروریستێکەی داعش دوای ٢٠١٤ هاتە گوڕێ، بەرگری و بە گژداچوونەوەی ئەفسانەیی هێزەکانی گەریلای پەیەدە بە کچ و کوڕانەوە، حەماسەیەک بوو لە چەشنی حەماسەکانی ساڵانی زووی شۆڕشگێڕانی ڤێتنامی و تەنانەت ئەوەی عەفرین و پێشتریش، سەریکانی و بە تایبەت کۆبانی کە بە حەق داستانی گەمارۆی ستالینگراد بە دەستی هیتلەری فاشیستی بیر جیهان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی خستەوە. ئەم کرییدیتە بۆ هەمیشە لە فایلی کوردانی رۆژئاوادا دەمێنێتەوە و هەتا هەیە هەموو کوردێک دەتوانێ شانازیی پێوە بکات. بە عەکسەوەی کوردانی باشور ئەوان کوردانی رۆژئاوا بە درێژایی ئەم چەند ساڵە کە لە جەنگ دابوون، زۆریان تورەکە بۆ هێزی هاوپەیمان و بیانییەکان هەڵ نەدروو، ئەوان زۆرتر پشتیان بە هیز و سیاسەتەکانی خۆیان بەست. ئەوان لە پشت کردن نائومێد نەبوون و بە ئافەرین و وبارەکەڵاش لە خۆ بایی نەبوون، پشتیان زۆرتر بە هێز و توانایەکانی خۆیان بەست، لەسەر بەرژەوەندی و بێ ئەخلاقی سیاسەتی غەرب و وەحشیەتی تورکیا راستە جارێ عفرین یان لە دەستچووە، هەموو دەزانن لەوەدا غەرب بە بێدەنگی خۆی لە عاست ئانکارا، خەنجەری لە پشتەوەرا وەشاند و بو دیفاع لە هاوپەیمانی خۆی (گریلا و شەرەڤان)ەکان زیاتر رووی لە بەرژەوەندی لە گەڵ تورکاندا کرد. ئەوەی جێی سەرنجە تەنانەت ئەم پشت تێکردنەی ئەمریکاش کوردانی رۆژئاوای سارد نەکردەوە و تووشی یائس و نائومێدی و ساردە بوونەوە نەکرد. ئەمڕۆ رۆژئاوا لە سەردمێکی چارەنووسساز دایە و تەنیا لە بەرگری شەرڤانەکاندا نەماوە، دەیان هێز و سیاسەتی قێزەون و لایەنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی داشی دامەی خۆیان جێگۆرکێ پێدەکەن و وای دەبینم کوردەکان تا ئێستا سیاسەتێکی ژیرانە دەکەن و ئامادە نین وا بە ئاسانی تەسلیمی ئیرادەی سوریا  یان ئەمریکا و یان تورکیا ببن.


ئاوێنە: چاوەڕوان دەکرێت لەدوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا سیناریۆی داگیر کردنی عەفرین لەلایە تورکیاوە دوبارە ببێتەوە؟

عەلی كەریمی: من وای نابینم ئەوەی دەگووترێ و ئاغای ترامپ گووتی وا بە ئاسانی بێتە دی و چاوەڕوان دەکرێ ئەمەی ترامپ لە بابەت کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا گووتی زۆری کار پێ نەکرێت و هەر وەک جاران قسە فڕێ دانێکی ئەم پیاوە بووبێ، هەر وەک زۆر جاران بە بێ پرس و زۆر جاهیلانە هەڵسوکەوت تەنانەت لە گەڵ ستافی خۆی دەکا لێکی دەینەوە، من وای بۆ دەچم ئەمریکا، سوریا جارێ چول ناکا و گەمەیەکە ئەمریکا لە گەڵ تورکیای دەکا. ئەوەی من بیزانم و لە گەڵیان دوابم، تەنانەت گەر واش بێ رۆژئاوا هەموو هێلکەکانی لە سەوەتەی ئەمریکا نەناوە و خۆیان بۆ پلانی ب و س ئامادە کردووە، ئەوان بە ئیرادە و سیاسەتی ژیرانەی خۆیان بەرەورووی رووداوە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکان دەبنەوە، هاتنی هەروا بە ئاسانی وەحشیانەی تورک بۆ رۆژهەڵاتی فورات کارەساتە و کارەساتی زۆر گەورەی مرۆیی و فاشیانەی تورکی لێدەکەوێتەوە، وابزانم تا رادەیەکی باش جیهان ئەمە دەزانێت.


ئاوێنە:  خەباتی دیبلۆماسی لەڕۆژئاوای کوردستان لەئاستی پێویستدایە؟

عەلی كەریمی: لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی تاک و یەک لایانە لە ناو هێزە سەرەکییەکەی رۆژئاوا واتا، پ ی د زۆر کەمە، تا ئێستا بە تایبەت لە شەخسی ساڵح موسلیمەوە توانیویانە سیاسەتێکی ژیرانە و دیپلۆماسێکی کارایان هەبێ چ لە گەڵ ئەمەریکا و بە تایبەت شەخسی بریت مەکگۆرک، چ لە گەڵ ئوروپا و روسیا. ئەوان لە دیپلۆماسی کەمیان نەهێناوە و تەنیا بەرامبەر ئەو هەموو بێ ئەخلاقی ئەم جیهانی سیاسەت و بەرژەوەندی ماڵیدا زۆر جاران بێدەسەڵات خۆیان دەبینن، ئەوەی من بزانم بە تایبەت لە ئوروپا و لە خودی رۆژئاوا بەو ماوە کەمەی سێچوار ساڵە دەیان کچ و کوڕی ژیر و دیپلۆماتیان پەروەردە کرد و هەر ئێستا لەسەرتاسەری جیهان کار دەکەن بۆ دۆزی رەوای رۆژئاوا.

 

 

ئاوێنە: گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژاوای سەر بە ئەنەکەسە دەتوانێت چ خزمەتێک بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بکات؟

عەلی كەریمی: ئەوان بە سیاسەتی زۆر نەتەوەیی و ژیرانەی "تەنیا یەک هێزی سەربازیی" لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو توانیان یەکریزیی و دوور کەوتنەوە لە شەڕی ناوخۆ دەستەبەر بکەن، بریاری لە ناوبردنی ملیشایی حیزبی یەک لە بریارە سەخت و پڕ لە ئیرادەکانی رۆژئاوا بوو کە کردیان، ئەنەکەسە بە سیاسەتی ناحەزانی رۆژئاوا تەنیا گەرەکێتی شەڕی ناوخۆ بخاتە رۆژئاوا دەنا  خۆ کەس پێشی پێ نەگرتوون بۆ کاری سیاسی و تەنانەت بەشداری لە دەسەڵات و بەرێوەبردنی کانتۆنەکان، ئەوان کاریکیان کرد هەموومان دەخوازین و ئارەزووی دەکەین بۆ باشور و رۆژهەڵاتیش دووپات بێتەوە واتا هێزێکی واحیدی نیشتمانی و لە ژێر یەک فەرماندەهی نەتەوەیی و نیشتمانیی. ئەوان نازانم بۆ ئەگەر وەدوای ئەجێندای ناحەزان نەکەوتوون بۆ هێندە پێداگری لەسەر پێشمەرگەی ئەنەکەسە دەکەن و بۆ ناچنەوە بۆ کاری بەرێوبردنی وڵات و سیاسەت لە گەڵێان کار بکەن؟! هەموو دەزانن پێشمەرگەی ئەنەکەسە لە لایان بارزانییەوە دەعم کراوە و دەکرێت!.


ئاوێنە:  ئایا ترس هەیە کە ڕژێمی بەشار ئەسەد هەمو دەستکەوتە بەدەستهاتوەکانی کورد لەناو ببات؟

عەلی كەریمی: ئەسەد جارێ ئەم هێزە نییە بتوانی بەسەر هەموو سوریادا موسەلەت بێ و پێویستی بە کوردە، پێشم وانییە بیهەوێ دوای ئەم هەموو شەر و ولات وێران کردنە جارێکی تر جبهەیەکی تازە بە دژی کوردەکان بکاتەوە، ئەوان باش دەزانن کوردەکان لە نێوان ئەسەد و ئۆردۆغان حکومەتی مەرکەزی دیمشق هەڵدەبژێرن و بە رای من ئەوە زۆریش ژیرانەیە؛ گەر هەر نەبوو لە نێوان سوپای فاشی تورک و دمشق، رۆژئاوا دووهەمیان هەڵبژێریت و بە کۆمەڵیک مافی فیدراڵی جارێ قەناعەت بکا!.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×