هاوپەیمانى فەتح: پشتگیریمان لە بەرزکردنەوەى بەهاى دۆلار بەرامبەر بە دینارى عێراقى نەکردوە
  2021-04-06       407       
سەرکردەیەکى هاوپەیمانى فەتح هەڵوێستى هاوپەیمانێتییەکەى لەبارەى نرخى نوێى دۆلارەوە لە بودجەى گشتى رونکردەوە و رەتیکردەوە پشتگیرییان لە بەرزکردنەوەى بەهاى دۆلار بەرامبەر بە دینارى عێراقى کردبێت.

ئاوێنە: غسنفەر بەتیخ، سەرکردە لە هاوپەیمانێتى فەتج (6ى نیسانى 2021) رایگەیاند "هەڵوێستى هاوپەیمانى فەتج زۆر روونە لەبارەى نرخى دۆلارەوە و دژى جێگیرکردنى ئەو نرخە نوێیەى دۆلارە لە بودجەى گشتیدا".

وتیشى، فەتح هەوڵێکى زۆریدا بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار بەڵام حکومەت رەتیکردەوە و چەند فراکسیۆنێکى پەرلەمانیش پشتیوانى حکومەتیان کرد لە بەرزکردنەوەى دۆلاردا.

سەرکردەکەى فەتح هۆکارى دەنگدانیان بە بودجە بۆ ئەوە گەڕاندەوە تا هاوپەیمانێتییەکەیان تۆمەتبار نەکرێت بە دروستکردنى بەربەست بۆ تێپەڕاندنى بودجە و ئاستەنگى دروستکردن بۆ بەشێک لە پڕۆژەکان و وتى "هەربۆیە فەتح لەگەڵ زۆرینەى پەرلەماندا دەنگى بە بودجەکەدا".

جەختیشى کردەوە، سەرەراى فشارەکان فەتح بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەکانى بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار و لەو داواکارییەى پاشەکشە ناکات بەوپێیەى کاریگەرییەکى نەرێنى کردۆتە سەر هاووڵاتیان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×