ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان
  2021-04-08       692       

لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان، جه‌خت له‌ گرنگيى يه‌كڕيزى، ته‌بايى، گفتوگۆ و لێكگه‌يشتنی نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پڕۆسەی چاكسازی كراوەتەوە لەگەڵ كاركردن بۆ پاراستنی ئازادییەكان و ئازادی رادەربڕین.


ئاوێنە: ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كۆبوه‌وه‌.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ جێگرانى سه‌رۆكی هەرێم ئاماده‌ى بون، بارودۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌، په‌يوه‌ندييه ده‌ره‌كييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى  نێچيرڤان بارزانى بۆ فه‌ره‌نسا، ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ هاوكێشه‌ سياسييه‌ تازه‌كاندا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێرـبه‌غدا، ديالۆگى ستراتيژيى ئه‌مه‌ريكاـعێراق و به‌شدارى و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان تيايدا، هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، بارودۆخى ناوخۆ و په‌يوه‌نديى نێوان پێكهاته‌ و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، تاوتوێ كرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا له‌ كه‌شێكى ڕاشكاو و كراوه‌دا كێشه‌و نيگه‌رانييه‌كان خرانه‌ڕو و جه‌خت له‌ پێويستى و گرنگيى يه‌كڕيزى، ته‌بايى، گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن له‌نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كاندا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، كرايه‌وه‌.

هەروەها كۆبونه‌وه‌ په‌سەندكردنى ياساى بودجه‌ى عێراقى به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى له‌ به‌ره‌وپێشچونى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م داو هيواى خواست ياساكه‌ جێبه‌جێ بكرێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى به‌سه‌ر ژيان و گوزه‌رانى هاوڵاتيان و دۆخى ئابوريى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت و ڕێخۆشكه‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردولا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستورو له‌ چوارچێوه‌ى سيستمى فيدرڵيدا.

هەروەك له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت كرايه‌وه‌‌ كه‌ دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ده‌ستورييه‌كان، پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و هه‌نگاونان بۆ ئاينده‌يه‌كى باشتر، واقعبينى و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرساريه‌تيى هه‌موان، پێكه‌وه‌كاركردن، هاوبه‌شى، ته‌بايى و يه‌كڕيزى ده‌خوازێت و به‌ گرنگييه‌وه‌ جه‌ختى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و كاركردن بۆ باشتركردنى گوزه‌ر‌انى هاوڵاتيان و پێويستيى پاراستنى ئازادييه‌كان و ئازاديى ڕاده‌ربڕين و دانانى چوارچێوهو ميكانيزمێك بۆ به‌رده‌واميى ئه‌م كۆبونه‌وانه‌ كرده‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى دوپاتى كرده‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان و پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و پێگه‌ى ده‌ستورى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزييه‌، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌ چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موان ده‌مێنێته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×