وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری نوێی دایە هاوڵاتیان بۆ ڕەمەزان
  2021-04-13       252       
وەزارەتی تەندروستی عێراق، هۆشداری نوێی دایە هاوڵاتیان لە مانگی ڕەمەزاندا و داوای لێکردن بە هەموو شێوەیەک دووربکەونەوە لە بەشداری بەربانگکردنەوە.

ئاوێنە: لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر هاوڵاتیان بە هەموو شێوەیەک خۆیان بەدوور بگرن لە بەشداریکردن لە بەربانگکردنەوەی بە کۆمەڵ لە مانگی رەمەزاندا، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبوان کۆرۆنا.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا بەرەو زیادبوون دەچێت و نەخۆشی زیاتر دەخەوێنرێت.

لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا وەزارەتی تەندروستی عێراق داوای لە هاوڵاتیان کردووە، پشتیوانی هەوڵەکانیان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە قورسەی کە بەهۆی کۆرۆناوە هاتووەتە ئاراوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داواشی لە هاوڵاتیان کردووە، ڕوو ئەو بنکانەی کە بۆ کوتانی ڤاکسنی دژی کۆرۆنا دیاریکراون، بۆ ئەوەی ڤاکسینەکە وەربگرن.

دوێنێ وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، ، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٧٩٥٣ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ٤٤ کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە.

لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، ٩٣٢ هەزار و ٨٩٨ کەس تووشی پەتاکە بوون، لەو ژمارەیەش ٨٢٠ هەزار و ٥٣٢ کەس چاکبوونەتەوە .

تا ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە عێراق ١٤٧٥٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×