ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، بنكەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین موشەك باران كراو بەپێی قسەی فەرماندەی بنكە ئاسمانییەكە، دو بریندار لە هێزە ئەمنییەكان هەن.
ئاوێنە: لیوا روكنی فڕۆكەوان زیا موحسین، فەرماندەی بنكەی ئاسمانی بەلەد بە
ئاژانسی رەسمی عێراقی رایگەیاند، بنكەی ئاسمانی بەلەد روبەڕوی هێرشێكی موشەكی
بۆتەوەو دو موشەك لەنێو بنكەكە كەوتونەتە خوارەوە.
وتیشی، لە ئەنجامی بۆردومانەكە دو كەس لە هێزە ئەمنییەكان برینداربون كە
برینی یەكێكیان سەختە بەڵام ئەویدیكەیان برینەكەی سوكە.
جەختیشی كردۆتەوە كە هیچ زیانێكی ماددی بە بنكەكە نەگەیشتوەو موشەكەكان لە
ناوچە خۆڵییەكانی بنكەكە كەوتونەتە خوارەوە.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقییەوە بڵاویكردۆتەوە كە لانیكەم پێنج موشەك ئاڕاستەی بنكەی ئاسمانی بەلەد كراون كە بنكەیەكی عێراقییەو بەڵێندەری ئەمریكییش لەخۆدەگرێت.