وەزارەتی تەندروستی
عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا چوار هەزارو 102 توشبوی نوێی كۆرۆنا
تۆماركراون و هاوكات 24 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكەش
گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون.
ئاوێنە: وەزارەتی
تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی
24 سەعاتی رابردودا، 39 هەزارو 605 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و
بەپێی ئەنجامەكان چوار هەزارو 102 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون كە 593 حاڵەتیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بون.
بەپێی بەیاننامەكە
هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتربون
لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە چوار هەزارو 769 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.
هەروەها ئاماژەی
بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 24 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە
كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون و حەوت حاڵەتی گیانلەدەستدان بون.
وەزارەتی تەندروستی
عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە،
كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 172 هەزارو 42 كەس و لەوانە 16 هەزارو 214
كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 86 هەزارو 612 كەسیان چاكبونەتەوەو 69 هەزارو
216 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 456 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.