2021-06-24   452     
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی
توشبوانی نوێی كۆرۆنا زیاتر بوە لەوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوەو هاوكات 31
توشبوی دیكەی كۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە بەوەش كۆی ئەو توشبوانەی كە تاوەكو ئێستا بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 16 هەزارو 999 كەس.
ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەكدا
ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 46 هەزارو 811 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری
وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان شەش هەزارو 93 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.
بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە
ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە چوار هەزارو
30 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 31 توشبوی ڤایرۆسەكە
گیانیان لەدەستداوە كە شەشیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بون.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی
ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 311 هەزار كەس و لەوانە
16 هەزارو 999 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 217 هەزارو 982 كەسیان
چاكبونەتەوەو 76 هەزارو 112 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 518 توشبویان لەژێر
چاودێری چڕدان.