نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەماوەی چەند مانگی رابردودا دابەزی
  2021-07-16       844       

ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان بۆ نزمترین ئاستی هەفتانەی خۆی لە ماوەی چەند مانگی رابردودا دابەزی، ئەوەش بەهۆی نزیكبونەوەی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەسایەی بەرزبونەوەی خواست لەسەر ئەو وزەیە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوتی خاوی برێنت، 37 سەنتی دیكە دابەزیوەو نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 73.10 دۆلار دابەزیوە كە ئەوەش گەورەترین ئاستی دابەزینی نرخی نەوتی خاوی برێنتە لە مانگی 5ی ئەمساڵەوە.

هەروەك ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی تەكساس 35 سەنت دابەزیوەو نرخی یەك بەرمیل گەیشتۆتە 71.30 دۆلار، ئەوەش گەورەترین ئاستی دابەزینی نرخی نەوتی خاوی تەكساسە لە مانگی 3ی ئەمساڵەوە.

رۆیتەرز هۆكاری دابەزینی نرخی نەوتی بۆ نزیكبونەوەی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس لە رێككەوتن بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت گەڕاندۆتەوە ئەوەش دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ئیمارات و سعودیە گەیشتونەتە چارەسەرێكی مامناوەند لەبارەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت.

دوێنێ پێنجشەممە، رێكخراوی ئۆپیك رایگەیاندبو، پێشبینی دەكەن لە ساڵی داهاتودا خواست لەسەر نەوت بەشێوەیەك بەرزببێتەوە بگاتەوە ئاستی بەر لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×