بەرزو بەڕێز بێت رۆژی دادپەروەری لە كوردستان
  2021-08-21       718       
21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد و پرسی جینۆساید و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵكی كوردستان رۆژێكی گرنگ بوو، بەو پێیەی رۆژی دەسپێكردنی دادگاییكردنی تاوانبارانی تاوانی "ئەنفال" بوو لە عێراق، کە بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی گەلانی کوردستان، كەسانێكی تاوانبار بە تاوانی گەورە "تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"، لەلایەن دادگایەکی وڵاتی بکەری تاوانەکەوە دادگایی بکرێن، لەو پایتەختەی بڕیاری تاوانی کۆمەڵکوژییەکانی تێیدا دراوە.
رێكکەوتی (21-8-2006)، پرۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال دەستی پێكرد،  خواستی قوربانیانی جینۆساید و شارەزایان و چالاكوانانی ئەو بوارە، بریتی بوو لە دادگایکردنی تاوانباران لە دادگایەکی نێودەوڵەتی، تا پرۆسەی ناساندنی جێنۆساید گەلی کورد بە جیهانی بكرێت،  هەرچەندە داواكە نەهاتە دی, وەلێ دادگاکە بڕیاری زۆر گرنگیدا، لەوانە چوار كەیسی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستانی بە جینۆساید ناساند، كە تەنها لە ماوەی 9 ساڵدا لە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدرابوون، كە ئەمەش لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتی بێوێنە بوو.
بەڵام مەخابن بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە دادگاییكردنی تاوانباران بە گشتی و بە تایبەتی تاوانبارانی ئەنفال جێبەجێ نەكرا و رێزی لێنەگیرا، كە گرنگترین بڕیارییان بریتی بوو لە رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا، بەڵام پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران بە شێوازی جۆراوجۆر، نەك تەنها داڵدەی تاوانبارییاندا و ژیانیان پاراست، بەڵکو فشاریان خستنە سەر دەزگا هەمە جۆرەكانی دادوەری و رێگرییان کرد لە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی 423 تۆمەتباری ئەنفال، كە زیاتر لە (61%)ـیان كورد بوون وتا هەنووكەش تاوانبارانی داواکراو لەلایەن پارتەکانی دەسەڵاتدارەوە دەپارێزن و هەندێکشیان پۆست و پلەیان پێبەخشراوە... هەندێکی دیکەشیان لەلایەن پارتەکانەوە لەسەر پشکی گەلی کورد پۆستی سەربازییان لە بەغدا پێدراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەكەم رێگر بووە لە بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا، بەتایبەتیش سەركردەكانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار, كەسوكاری قوربانیانیش نەك  نەیانتوانیوە سزای ئەو پارت و لایەنانە بدەن كە تاوانباران دەپارێزن، بگرە زۆرجاران لێرەو لەوێ دەبینین لەگەڵ تۆمەتباران بەشێوەی ئاسایی لە مەراسیمەكان دەردەكەون و كۆنە بەعسیەكان لە یادەكان لە ریزی پێشەوە دادەنیشنن.
ئێمە لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستان (21-8)، كە بە رۆژێكی گرنگ و  مێژوویی و پڕ  بەها بۆ خەڵكی كوردستان و دادپەروەری لە كوردستان دەزانین... داواكارین:

یەکەم: تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال"423 تۆمەتبار" و كەیسەكانی دیكەدا هاتووە، بە زووترین كات دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگای باڵای تاوانەكان بۆ دادگاییكردنیان و لە كوردستان وەك تۆمەتباری هەڵهاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بكرێت، نەك هاوڵاتی بە ئیمتیاز وەك ئێستا دەبینین.
دووەم: لیستی ناوەكانیان بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول، بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە وڵاتانی دەرەوە دەستگیربکرێن و دادگایی بكرێن كە تاكە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانە لە ئاستی جیهانی.
سێیەم: لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ڕۆژی 21 / 8 بە فەرمی بە ڕۆژی دادپەروەری بناسرێت و ئەو ڕۆژە بکرێت بە سیمبولی رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا, بۆ بەرچاو روونی هەموو لایەك, لە ساڵانی رابردوو, بە پێشنیاری ئێمە و بە پشتیوانی وەزیری شەهیدان مامۆستا ئارام ئەم رۆژە لە كابینەی حەوت فەرمیەتی پێ دراوە.
هەر بۆ وەبیرهێنانەوەی هەموو لایەك، ئێمە لە ساڵانی رابردوودا هەنگاوی کرداری و فشاری مەدەنیمان بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران گرتەبەر... لەوانە:
1_ (3) جار بە نامەی فەرمی داوامان لە داواكاری گشتی كردووە هەنگاو بنێن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی ئەنفال و لە وەڵامدا رایانگەیاندووە؛ كە وەزارەتی ناوخۆیە بە ئەركی خۆی هەڵناسێت بۆ دەستگیركردنیان... هاوکات جگە لە فەرمانگەی داواكاری گەرمیان و هەڵەبجە ئەوانی دیکە وەڵامیان هەرنەداوەتەوە، لە كاتێكدا زۆرترین ژمارەی تۆمەتباران لە سنوركانی هەولێرو دهۆكن، ئەمەو دواتر بەبێی هیچ هۆكارێك 3 تۆمەتباری زیندانیكراوی گەرمیانیش پاش چەندین ساڵ لە مانەوەیان... ئازادكران، لە كاتێكدا دەتوانرا بە ئاسانی ڕادەستی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بکرێن.

2_ هاوكات دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە:
- ٲ - ناوی تۆمەتبارانی ئەنفال بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول.
- ب - پرسیار لە ئەنجومەنی دادوەری بكرێت، كە ئایا تۆمەتبارانی ئەنفال لای ئەوان تۆمەتبارن دادەنرێن یاخود نا... بەڵام مخابن ئەنجومەنی دادوەری كە بە تۆماری ڤیدیۆیی لامانە، بەڵێنیاندا كار بۆ دەستگیركردنی ئەم تۆمەتبارانە بكەن، كەچی بە بەڵگە لامانە، کە تۆمەتباران لای ئەوان بە تۆمەتبار ئەژمار نەکراون و بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان هیچ ئەهمیەتێكی یاسایی نییە لایان.
-ج - ئەنجومەنی دادووەری وەڵامی رێكخراوە بیانیەکان نادەنەوە كە كار بۆ بەدادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال دەكەن لە دەرەوەی وڵات، لەو نێوەشدا گەورەترین هەلیان لە دەستدا بۆ بەجینۆساید ناسینی تاوانی ئەنفال لە ئاستی جیهانی، کە مێژوو لە داهاتوودا بەڵگەنامەكان ئاشكرا بكرێن شەرمەزاریان دەكات.

- ح - دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە كە فشار دروست بكەن بۆ ئەوەی لیستەكانی (شەهیدان، قوربانیانی جینۆساید و چەكی كیمیاویی و بریندارانی چەكی كیمیاویی، زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین) بڵاو بكرێنەوە، بۆ ئەوەی بۆ گەل شەفاف بێت و پاكبكرێنەوە لە ناوی تۆمەتباران، ئەمەشیان بەكاری خۆیان نەزانی.

- د - داوامان كرد موچەی شەهیدان و قوربانیان بكرێتە ستانداردێك بۆ دادپەروەری لە موچە، ئەوان داكۆكیان کرد لەوەی ئێستا هەیە كرد، بەرەی نا دادپەروەریان هەڵبژارد، گوایە یاساییە و بە یاسا رێكخراوە.


جیا لەوانەش ئەم ساڵ چەندین تۆمەتباری ئەنفال مردن، دەسەڵاتداران بەڕێزەوە بەشداری پرسەكانیانیان كرد و بە ستایشكردنیان رێزیان بۆ قوربانیان و بڕیاری دادگا نەهێشتەوە، بەم هەنگاوەش گەورەترین سوكایەتیان بە دۆسیەکانی جینۆساید كرد.
مخابن سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە 21ی تەموزی ساڵی 2019 نامەیەكی نا فەرمیمان لەلایەن داواكاری گشتییەوە  بە دەست گەیشت، بێ مۆر و تیایدا دەڵێین"(ئاماژە بەو سكاڵایانەی ناردوتانە بۆ سەرۆكایەتیەكەمان...ئێمە وەك داواكاری گشتی تەنیا كێشەكانی گشتی دەجوڵێنین، ئەویش لە رێگای دەستەی  مافی گشتییەوە كە لە بەرژەوەندی كۆمەڵگا بێت.. بەڵام ناكرێت كێشەی تایبەت بجوڵێنین... دەكرێت خاوەن كێشە سكاڵا بجوڵێنێت و ئێمەش بە دوادا چونی بۆ بكەین لە دادگا تایبەتمەندەكان.... لە گەڵ  رێزماندا).
بەم نامەیەش بزمارێكیان لە نەعشی دادپەروەریدا و هەموو كێشەكانی نیو ملیۆن قوربانی و دادپەروەریان بە كێشەی شەخسی لە قەڵەمدا و سەلماندیان دەزگایەكی  لەوە لاوازترن وەك پێشبینیمان دەكرد.

بۆیە بۆ هەموو لایەکی ئاشکرا دەکەین، ئێمە نەك بۆ رزگارنەبوونی تۆمەتباران لە سزاو گەڕاندنەوەی دادپەروەری سارد نابینەوە، بەڵكو لامان روونە دوارۆژ هەر بۆ هەق و راستییە، بە مردوویش بێت  تۆمەتباران لە سزا رزگاریان نابێت و دەرکەوت دەزگا دادوەرییەکانی كوردستان زۆر لەوە بێهێزترن بتوانن ئەم كەیسە دادپەروەریانە بجوڵێنن.

بەرزو بەرێز بێت روحی شەهیدان و  قوربانیانی ئەنفال و  هەڵەبجە و  بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و  كریستان و كاكەیی و شەبەك لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستاندا، سەركەوێت دادپەروەری لە پێناو بەرقەراربوونی حوكمی یاسا و دادگایەی بەهێزی سازشنەكەر لە كوردستان.

رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی رێكخراوە كوردستانیەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی  Koncicc 
رێكخراوی  گەشەپێدانی مافی مرۆڤ
ڕێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوان
ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید (چاک) کوردستان
ڕێکخراوی ناوەند داکۆکی پشدەر   بۆقوربانیان وجینۆسایدکراوان
گروپی کار بۆ ئەنفال

21-8-2021
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×