زمانی دیگیتەڵی (Digital Language)
  2021-10-14       457       

فازیل شەوڕۆ ـ دوبلن

 

بەشی یەکەم
    ئیستیشنەکەمان بە (١٣) نەفەرەوە، دوای دەرباز بوون لە (١٦) بازگەی پشکنینی سەربازی، بە (٦) سەعات لە کۆیەوە گەیشتە کەرکووکێ. ئێمەیان خستبووە پێش قافڵەی سەربازی، بۆ ئەوەی ئەگەر مینێک چانداربێ، ئیمە ڕێگایەکەیان بۆ پاک بکەینەوە، فڕۆکەی (مێک)یش لە دوایی بەرزاییەکانی قەرەناوەوە تا نزیک شار، بەسەر سەرمانەوە بوون. کە گەیشتینە کەرکووکیش، تا (نێڕن)ی (٢١) نەفەری قەپات بوو، بووە دوای عەسر، (نێڕن) بە حەچە حەچ بە (٨) سەعات گەیشتە بەغدا. یەکەم سەفەرم بوو بۆ بەغدا، لە زانکۆ وەرگیرا بووم...(١٩٧٠)
   دەروبەری سەعات (١٠) شەو گەیشتینە گەراجی(عەلاوی). بەندە هەرچەند سەرم دەیناو دەبرد، حاڵی نەدەبووم، ئەمە خەونە یان خەیاڵ؟ ئەمەی دەیبینم ڕاستییە یان چاوم ڕەشکەوپێشکە دەکا؟ ئاخر ناحەقیم مەگرن، لەوەتەی ساڵی (١٩٦٣)وە، منیش وەکو هەموو خەڵکی، سەرلەئێوارەوە، لە ماڵەوە بەندکرابووم، چونکە شەو مەنعی تەجەول بوو، تەقەی شەوانە شتێکی ئاسایی بوو. کێ دەیتوانی سەر دەربێنێ. ئەو شەوە هاوینەی خوێندکارێکی ئامادەیی بازرگانی لەبەر دەرگای ماڵی خۆیان، لەبەر ڕووناگی گلۆپی عەموودی بەردەرگا، سەعی دەکردو جاش و ئەمن بە گولـلەیەک نێوچەوانیان سمی، کەس لە گەڕەکی (جەمعییە) نەیدەوێرا بیگەێنێتە نەخۆشخانەولەجێی خۆی گیانی دەرچوو.(ڕۆحی شاد).
    توومەز من وامدەزانی هەر هەموو دونیا مەنعی تەجەولەو لە هەموو دونیا خەڵک لە ئێوارە و بەند دەکرێن. ئێستا بەغدا بە هەزارها گلۆپی تریسکەداری ڕەنگاوڕەنگ و ئەو هەموو چێشتخانەو گازینۆ و دوکان وسەاو ئوتێل و ئۆتۆمبیل و هات وباتە، هەر دەڵێی وڵاتێکی دیکەیە، ژن و پیاو، کوڕ وکچ، گەورەو منداڵ لەسەر ئەو شەقامانە جمەیان دێ... وردە وردە هاتمەوە سەرەخۆ و تێگەیشتم کە ئەوە هەر شارو دێیەکانی ئێمەیە بە قوڕگیراون و بەغدا شامێ شەریفە و کەس بە کەس نییە.
ئێستاش کە لەبەردەم شووشەی کۆمپیوتەرەکەم دادەنیشم وا دەزانم تازە (گەیشتوومەتە بەغدا)، چۆن؟
    وادەزانم کە ئەوەی ئێستا لەبەر دەستمە (مۆبایلۆکەکە، لاپتۆکەکە، ئایپدۆکەکە....) و بە پەنجەکانم دنووک لە دوگمەکانی دەدەم وچیم بوێ بۆم دەستەبەردەکەن و هیچی تر نا... ئاوێ بینەوە دەستان بشوو! لێ، ئەگەر سەر بە کتێبخانەیەکی سەردەمییانەی وڵاتە پێشکەتووەکان داگریت وچەند دانە کتێبێک دەربارەی (زمانی ئەو ئامێرانە) ـ کە بە هەزاران هەزاریان لێ داندراوە ـ بکڕی و بخوێنێتەوە، تێدەگەی کە جیاوازیەکە وەک (کۆیە) و (بەغدا)یەکەی (١٩٧٠)یە.
داخی گرانم، بە زەحمەت دوو کتێبی زانستیی و سەردەمییانە بە زمانی کوردی دەربارەی (تەکنەلۆژیای ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر) لە کتێبخانەکانماندا دەستدەکەوێ، لە کاتێکدا هەرچی زانکۆ و کوڵێژ و مەڵبەندو کۆمپانیای ڕۆژاوا و ئەمەریکا و وڵاتە پشکەوتووەکانی خوارووی ئاسیا هەیە، شەووڕۆژیان لە خۆیان حەرامکردووە بە بێ ماندووبوون هەر خەریکی لێکۆڵینەوەو پشکنینەوەی (ئەم جیهانە ئەفسووناوییەی تەکنەلۆژیای سەردەمن) لە هەر (١٢) سەعاتێکدا کتێبێکی زانستی نوێ دربارەی ئەو (شەیتانە ڕەحمەتە شەرخوازە خێرخوازە ناشیرینە جوانە) چاپدەکرێ.
   ڕەنگ بێ ئەو (لاپتۆپە یان مۆبایلە)ی لەبەر دەستتدایە هەر بای (٤٠٠) دۆلارێک بێ، لێ بێخەر بی کە هەر ئێستا کۆمپانیای ئەوتۆ هەیە لەناو بەرنامەکانی (لاپتۆپەکەت و مۆبایلەکەت) بە بڕی (٧٢) ملیار دۆلار تەنها لە (فێیسبووکەکەت)کاردەکات! کۆمپانیا هەیە لەم دەقیقەیەدا (٢٥) هەزار کارمەندو کارزان و کریکاری ئێش دەکەن. تۆ هیچ ئاگات لەوان نییەو ئەسڵەن تێشیان ناگەی..بەڵام ئەوان باش باش لە تۆ تیدەگەن. ئەوان بەزمانێک قسەدەکەن کە وەک سولێمان پێغەمبەر لە هەموو شتێک تێدەگەن... زمانی وان زمانی (دیگیتەڵییە).
زمانی دیگیتەڵی چیەو چیان لەبن سەرە و بەنیازی چین؟



بەشی دووەم: زمانی دیگیتەڵ چییە؟
   پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، با ئاماژەیەک بەهێز و قودرەت و دەسەڵاتی ئەم زمانە بکەین. ئیمڕۆ کلیلی کۆدی زمانی دیگیتەڵی لەدەست کێدابێ، ئەوە ئەو بەهیتزترین و بەدەسەڵاترین کەسە لە جیهاندا. هەرچەندە (ئەنیشتاین) پەشێمانی خۆی نیشاندا لە ناردنی دوو نامەکەی بۆ (ڕۆزڤێڵت)ی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە ساڵی (١٩٣٩) ـ کە مووژدەی توانای داهێنانی بۆمبی ناوکییان تێدابوو ـ بەڵام کە ئەمەریکای دەستڕەش (٢٧٠) هەزار ژاپۆنی بە دوو بۆمبە ناوەکییەکەی لە (هیرۆشیما و نەگەزاکی) کردە قوربانی، ئەنیشتاین گوتی:" من هەڵەبووم، لێ کارێکێشم کردووە، کەس نەوێرێ جارێکی دیکە بیر لە جەنگی جیهانی بکاتەوە." تا ئەم ئان و ساتە قسەکەی ئەو زانایە ڕاستدەچووە. لە ماوەی (٢٤) ساڵدا (١٩١٥ ـ ١٩٣٩) دوو جەنگی جیهانیان بەرپاکرد، ئەگەر کار وا بڕۆیشتایە، دەبوایە لەو (٧٣) ساڵەی دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، ئێستا جەنگی سێیەم و چوارەم و پێنجەمیش ڕوویاندابووایا! ئەوەندە بۆمبە ناوەکی و هایدرۆجنییەی ئێمڕۆ لە جبەخانەکاند ئەمبارکراون بای ئەوە دەکەن کە (١٢) جار سەرتاپای گۆی زەوی بسووتێنن و زییڕۆحی تێدا نەهێڵن. ـ لە بیرتان نەچی هێزی یەک بۆمبی هایدرۆجینی یەکسانە بە هێزی (١٠٠٠) لەو بۆمبە ناوەکییەیی بە هیرۆشیما دادراـ.
  بە کوردی وکرمانجی هەر داوی تاقیکردنەوەی بۆمبە هایدۆجینییەکەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی (١٩٥٣)، زلهێزەکان بیریان لە چەکێکی دیکە کردەوە کە ئەوان بکاتە بەهێزترین دەسەڵاتی سەر ئەم زەمییەوە خەڵکەکەش وا قڕنەکا و خۆشیان هەر بمێنن. ئەوەبوو(زمانی دیگیتەڵی)یان داهێنا.
زمانی فەرمانداری دیگیتەڵی(DIGITAL Command Language (DCL)بریتییە لە زمانێکی ئەمرکەری ستاندەر کە سیستەمێکی تایەبەتمەند بە خۆی دایدەهێنێت و لەڕێی ئامێرو کەرەستە تەکنەلۆژییەکانی سەردەم بەکاردێن. یان ساکارتر بڵێین، ئەو زمانەیە کە هەموو ئەو تەکنەلۆژیا سەردەمییانە ئیش پێدەکات و وەگەریان دەخا. لە ڕووی زانیستییەوە زمانەکە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزوپالۆزە لە زمانی شەیتان دەچێ، بە کۆدی هێندە سەیروسەمەرە دەنووسرێن، مەمانان تێیدا هەڕەی لەبرەی ناکەینەوە و ئەلفوبێی کۆدەکانی زانستییانە پێیان دەگوترێ (integers, bit arrays, arrays and booleans)، خاوەنەکەشی کۆمپانیای (Compaq) کە بارەگایەکەی لە نزیک شاری (هیستۆن)ی ئەمەریکای باکوورە و لەساڵی (١٩٨٢) دەستبەکارە.
  پێش ئەوەی بپرسین: (ترەمپ) مەبەستی چی بوو کە لە وتاری دانیشتنی لەسەر کورسی عەرش، لە (٣٠ / ١ / ٢٠١٨) بە گۆنگرێسی گوت:" دەبێ کارێ بکەین چەکی ئیستیراتیژی بەڕێوەبردنی جیهان لەمست خۆماندابێ؟" 
بۆ ئەوەی هێز و قودرەتی زمانی (دیگیتەڵ)تان بۆ بەیان بکەم، با چەند پرسیارێ بکەم.. ئەرێ! ئێوە لەخۆتان پرسیووە:
o بۆ لە ئیسپانیا، یاری (کلاسیکۆ) بەڕێوەدەچێ و لە جادەی ئیسکانی هەولێر، گەنجەکان یەکتری دەدەنە بەرچەقۆ؟
o بۆ زۆر لە هەرزەکارانی خوولیای گەمەی (نەهەنگی شین) کە دەگەنە کۆتایی گەمەکە خۆیان دەکوژن؟
o بۆ کە ئیسرائیل لە (٢٩ / ٥/ ٢٠١٢) نامەی (ئەڤینی ئینتەرنێتی) بۆ ئێران ناردوو بۆ ماوەی (١٢) سەعات هەرچی کۆمپانیای نەوتی ئێران هەبوو شەپڕەی لێدا و لەکارکەوت، ئێران فززەی لێوەنەهات؟
o بۆ لە رۆژی (١٤ /٥ / ٢٠١٨) ـ کە ڕێووڕەسمی کردنەوەی سەفارەتی ئەمەریکا لە قودس بەڕیوەچوو، (١٠٢) فەلەستینی سڤیلی خۆپێشاندەر، بە دەستی جوولەکەکان کوژران، کەچی تەماشاچییەکانی ڕێورەسمەکە، لە جیهاندا، دەقات بەرانبەر ئەوانە بوون کە تەماشای خۆپێشاندان و قەلوعام کردنی فەلەستینەەکانیان کردبوو لە تیڤییەکاندا؟
o ئەدی بۆ لە (٢١ / ٤ / ٢٠١٨) (فادی البطش)ی فەلەستینییان لە مالیزیا تیڕۆرکرد؟
o چۆن مارەبڕینی (هاری ومیکان)بەیەک ڕۆژ،نزیکەی بای یەک ملیار دۆلار شەپقە و کلاو و مەگ و مەدالیاو تەتەوپەتەی ڕازاوە بە وێنەی ئەو دوو عاشقە، لە بازاڕەکانی بەریتانیا بەو خەڵکە ساغکردەوە؟
o ئەدی خۆت لە خۆت نەپرسیووە سیحری ئاڵوودەبوونی ئەو خەڵکە بەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە چ دایە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانەوە زۆر پرسیاری دیکەش لە فەرهەمگی زمانی (دیگیتەڵی) دایە... .

 

بەشی سێیەم: زمانی دیگیتەڵ چۆن کاری خۆی دەکات؟
   لەبەشی یەکەمدا دەروازەی بابەتەکەمان کردەوەو لە بەشی دووەمدا سەرپێیانە پێناسەی(زمانی دیگیتەڵ)مان بۆ کردن. لەم بەشەدا هەوڵدەدەین وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوە بدەینەوە، کە ڕەنگ بێ چەند ئەلقەیەکی بووێ.
ئیمڕۆ، (٢٠٢٠)، لەم جیهانەدا( ٢٠٦) نەتەوە بوویان هەیە و کۆی زمانەکانیش (٧٠٩٩) زمانە. تەنیا (١٩٥) نەتەوە خاوەن دەوڵەتەی خۆیانن و لەوانیشدا (١٩٣)یان ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. خەون و مرازی (زمانی دیگیتەڵ) ئەوەیە کە:
یەک: ئەو(٢٠٦) نەتەوەیە لەژێر یەک ڕەشماڵدا کۆکاتەوە کە ناوی لێناوە ڕەشماڵی ( نەتەوەی دیگیتەڵی)ە.
دوو: ئەو (٧٠٩٩) زمانە لە قالبی یەک زماندا داڕێژیتەوە، ئەویش (زمانی دیگیتەڵییە).
    باشە مەقسەدی وان لەو پلان ونەخشەو دەسیسەیە چییە؟
وەڵامەکەی یەک ڕستەیە:٠ کۆنترۆڵکردنی ئابووری هەموو جیهان بۆخۆیان. واتا بەسەرمایەدارکردنی جیهان.
   چۆن ئەوان دەتوانن ئەم خەونە بێننە دێ؟ ئەو کاتەی کە مرۆڤ..هەموو مرۆڤەکان... دەکەن بە ڕۆبۆت. (ڕەنگ بێ زرینگانەوەی دەستەواژەکانم لەبەر گوێ هێندەکان نەشاز و نەبیستراو بێ.) بۆیە ساکارانەتر وا بابەتەکەتان بۆ شیدەکەمەوە.
داڕێژەوانی (زمانی دیگیتەڵی) لەسەر (٣) ئاست لە یەک ئان وساتدا کار دەکەن:
١)  خەساندنی دەوڵەتەکان.
٢)  بەڕۆبۆتکردنی مرۆڤەکان.
٣)  فەرزکردنی ئەقڵی دیگیتاڵی بەسەر هەموو شتەکاندا.
با لەسەر هەر یەک لەم خاڵانەی سەرەوە، بە چڕوپڕی دوو قسە بکەین:
١)  خەساندنی دەوڵەتەکان:
ئۆکسجینی ژیان و بەردەوام بوونی دەوڵەت( لە دەسەڵات و خەڵک) بریتییە لە سەرمایە و هێز. هەر کاتێ ئەوان توانیان ئەم دوو جەمسەرە بگرنە دەست، ئەوا لەجێبەجێکردنی نەخشەکەیان سەرکەوتوو دەبن. وا ئێستا بە فیعلی کار بۆئەمە دەکەون و هەنگاوی باشیشیان هاویشتووە. خەزنەی سەرمایەی هەموو جیهان وا لە دەستی (٦) وڵاتدایە، ئەوان ئاغاو باقی وڵاتەکانی دیکە پاڵەو ڕەنجبەر. بڕوانە (فوێنزولا) یەکەمین بەرهەمهێنەری نەوتە لە دونیاو برسییترین وڵاتە. بڕوانە (ئێران) دراوسێمان و حاڵی (عیراقی) خۆشمان بەچاوی خۆتان دەبینن. وا بەبێ تەقە ئابووری (تورکیا)ی ناتۆ دێ چۆکدابدا. ڕەنگ بێ بڵێیت : جا ئەمە خەتای سیستمی حکومڕانییەکەیانە. ڕاست دەفەرموویت، بەڵام دەبێ بزانیت کە هێزی سەرمایەداری جیهانی ئەوانی کردۆتە داشی شەترنج و هیچ بەهاو سەنگێکی ئازادانەیان لەدەست دانەماوە. با نموونەیەکی دیکەتان بۆ بێنمەوە، ئەگەر بۆ (٢) مانگ گەنم ـ وەک کۆمەک ـ نەدەن بە (میسر)ی (٨٢) ملیۆن کەسی، نانیان نییە بیخۆن! ئەمە بۆ وڵاتانی ئەوروپاش هەر دروستە. بینیتان یۆنان و ئیسپانیاو ئایرلەندا لە ساڵی (٢٠٠٨) چۆن کەوتنە سەر ساجی عەلی و ئەگەر زوو سەرمایەدارەکان بە هانایانەوە نە هاتبانایە، لە برسان وڵاتیان وێران دەبوو.
کەواتە ئەم (٦) وڵاتە سەرمایەدارەی جیهان دەتوانن لەماوەی (٤٨) سەعات، بازاڕی هەموو جیهان بە ئارەزووی خۆیان سەوداکەن. ئەمەش بەبێ (زمانی دیگیتەڵی)مەیسەر نابێ..

 

بەشی چوارەم: خەساندنی سەربازیی وڵاتە یەخسێرکراوەکان:
   لە بەشی سێیەمدا گوتمان: داڕێژەرانی (زمانی دیگیتەڵی) لەسەر (٣) ئاست لە یەک ئان وساتدا کار دەکەن: بۆ ئاستی یەکەم کە (خەساندنی دەوڵەتەکان)ە قسەمان لەسەر شێوازی یەخسیرکردنی وڵاتەکان کرد لە ڕووی ئابوورییەوە لە لایەن هێزە سەرمایەدارەکانەوە، ئێستاش قسە لەسەر ئەو دەکەین چۆن لە ڕووی سەربازییەوە ئەو ولآتانە دەخەسێنن.
  ئێمڕۆ دوو جۆرە هێزی سەربازی بەکارن، جا هێزی زەمینی، دەریایی یان ئاسمانی بن. جۆری یەکەم، پێشکەتووترین چەکی ڕووبەڕووە وەک تانک و زرێپۆش و فرۆکەو کەشتی و خەواسە و جۆرەها مووشەک. لەڕاستیدا ئەم چەکانە ئێمڕۆ زۆر گاریگەر نین، جاران شەڕە گەڕەکێ دەکرا و زۆر جار (قۆچەقانی ـ بەردەقانی) یان بەکار دەهێنا، ئێمڕۆ ئەم چەکانە هەرچەند پێشکەوتوو بن وەک قۆچەقانییەکانی زەمانی زوویان لێهاتووە، هەر بۆ شەڕە گەڕەکی نێوان وڵاتانی وەک ئێران و عیراق سوریا و یەمەن و تورکیا و کوردستان و کەمبۆدیا و ڤێتنام ـ ئا ئەم جۆرە وڵاتە لاتانە بەکەلک دێن. ئەمەش زیاتر بۆ دۆشینی وڵاتە گوان ئاوسەکانی وەک سعودیەو ئیمارات و قەتەر و ئیران و عیراقن. گارگەکانی چەک هەمیشە پێویستیان بە بازاڕی ئەم وڵاتە هەیە. هەر بۆ نموونە کە لە (٨ / ٨ / ١٩٨٨) شەڕی عیراق و ئێران ڕاوەستا. فەرەنسا لە هەمان ڕۆژدا (٦٠) هەزار کرێکاری ئەو کارگانەی ڕەوانی ماڵەوە کرد. ئێمڕۆ وڵاتێکی وەک تورکیا کە بە دووەم هێزی ڕێکخراوی (ناتۆ) حیساب دەکرێ، لێ ئەگەر لە گەڵ وڵاتێکی وەک ڕوسیا و ئەمەریکای لێی بەقەومێ، (٢٤) سەعات خۆی ڕانگرێ.
جۆری دووەمی چەکەکان، چەکی ئیلکترۆنینە، ئەمەیان بەرهەمی (زمانی تیگیتەڵییە). تەنیا بەچەند ئامێڕێک کە قەبارەیان لەباولێکی جلکان گەورەتر نییە دەتوانن، کاریگەرترین جەنگ بەرپابکەن و بەڕێوەبەرن. کلیلی ئەم چەکانە تەنها لە مستی وڵاتە زڵهێزەکاندایە و دەتوانن بە کونفە یەکونێک ماجارای گەورەترین جەنگ بگۆڕن. بۆ نموونە، ئەگەر شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئیڕان بەرپاپێ، ئەگەر ئێران لە سەعاتی یەکەم دەستی خۆی نەوەشێنێ و زەبری کوشندە لە جوولەکە نەدا، ئەوا جوو، کە خاوەن هێزی (زمانی دیگیتەڵییە) دەتوانی لە چەند سعاتێکدا هەر هەموو وزەی کارەبای ئێران و کۆمپانیاییەکانی نەوت و کۆمپانەییەکانی دیکەو سەرتاپای هێزی زەمینی و ئاسمانی و دەریاییان ئیفلیج و شەپڕەدار بکات. ئەویش بە شێواندن و ڕاگرتنی هەموو شەپۆڵەکانی ئینتەرنێت و مانگەدەستکردەکان و کومپیوتەرەکان دەبێ. هەر بۆیە ئەم دوو لآتە هەمیشە جەخت دەکەنەوە کە خوازیارنێن شەڕ لە نێوانیان هەڵگیرسێ. لەبیرتانە کە لە ساڵی (٢٠٠٣) هێزی سەربازی ئەمەریکا هێڕشی کردە سەر عیراق، فرۆکەوانەکانی عیراقی وەک کوێریان لێهات، هیچیان نەدەدێ و خۆشیان نەیاندەزانی بۆمبەکانیان بە چی دادەدەن، چونکە ڕادارەکانیان ئیفلیچ و کرابوون.
   کەواتە ئێمڕۆ ئەم چەند وڵاتەی کلیلی (زمانی دیکیتەڵی)یان لە مستدایە، حوکمی هەموو دونیا دەکەن. باسی هێزی چەکی ناوەکیمان نەکرد چونکە لە پێشتر گوتمان ئەم چەکە کەلکی نەماوەو نازانن چۆن لە کوڵ خۆیانی بکەنەوە و مەسرەفی هەڵوەشاندنەوەیان لە خەرجی دروستکرنیان قورسترە.

 

بەشی پێنجەم: چۆن (زمانی دیگیتەڵی) دەیەوێت مرۆڤەکان بکات بە ڕۆبۆت؟
  لە بەشەکانی پێشتر باسی ئەوەمان کرد چۆن زمانی دیگیتەڵ لەسەر ئاستی وڵاتاندا کاری خۆی دەکات. ئێستا دێنە سەر بەشێکی دیکە، ئەویش بە ڕۆبۆتکردنی مرۆڤە.
     ئێستا کە تۆی بەڕێز، ئەم بابەتە دەخوێنیتەوە، (٣) ڕەهەند بوونیان هەیە. 
١.  زەمەنێکی دیاریکراو، بە سەعات و رۆژ و مانگ و ساڵ دەتوانی دەستنیشانی بکەی. 
٢.  مەکانێکی دیاریکراو، بە چاوو هەستپێکردن و پێگەی جوگرافیایی هەست بە بوونی دەکەی.
٣.  بیرەوەرییەک دروستدەبێ، واتا دەتوانی وەک یادەوەرییەک لە ئایندە بیهێنیتەوە بەرچاوی خۆت.
هەر کاتێک (زمانی دیگیتەڵی) توانی ئەم (٣) ڕەهەندە بسڕێتەوە، ئەوا تۆ چەند خەسڵەتێکی سەرەکی مرۆڤ بوون لە دەست دەدەی. بە شێوەیەکی دیکە هەرکاتێک توانرا (تۆ) لە (خۆت) بترازێنن و لێکتان بکەن، ئەوا تۆ دەکەویتە بازنەی بەنامۆییبوون. چۆن؟
  بۆ سڕینەوەی (زەمنەکە)، (زمانی دیگیتەڵی) تۆ دەردەهاوێتە دەرەوەی بازنەی زەمەن، وەک ماسی دەرمان خواردوو، دوای مودەتێک هەست بە بوونی زەمەکەی جاری جاران ناکەی.  پێگەیەکی سەرەکی بوونی تۆ وابەستەی (زەمەنە)، بڕوانە ئێستا تۆ دەقیقە بە دەقیقە دەتوانی وەسفی یەکەم ڕۆژی جەژنێکی جاری جاران بکەی، بۆ نموونە لە ساڵەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کەی لەخەو هەڵدەستای، کەی نان و چای بەیانیاتان دەخواردو دواتر خۆگۆڕین و چەژنانە وەرگرتن و سەردانی ماڵی خزمان و پێشوازیکردن لە میوان و خزم و درواسێیان و چوونە دەرەوەو گەڕانەوە و گەمەو کات بەسەربردن و نانخوادنی چەژن و دەرچوونی پاشنیوەڕۆ .... تاد. تەنانەت زۆر شێوە و ڕووداو سەرگوزشتەی ئەو ڕۆژەشت هەر لە بیرە، چونکە تۆ بەشێک بوویت لەو زەمەنە وەک کارەکتەر و وەک سەلمێنەری بوونی ئەو زەمەنە.
 با ئێستا بگەڕێنەوە بازنەی سەردەمی(زمانی دیگیتەڵی)، تۆ کە پێجەکەی خۆت لە فێسسبووک دەکەیتەوە، ئەگەر بریارت دابێ هەر (دە) دەقیقەیەک لەوی بمێنییتەوە، هەست دەکەی وا (دە) دەقیقەیەکە بووە بە سەعات ــ یان چەند سەعات! لەم ماوەیەشدا، بەسەر داگرتن بە پێچی هاوڕێیەکانی خۆت، سەفەری چەندان زەمەنتکردووە. وەک بینێت: دوێنی پرسەی کۆنە بردەرێکی بووە! ساڵی پار وەک ئیمڕۆ ئازیزێکت ژنی هێناوە یان شوویکردووە! لە پێچیکی دیکە بەهارەوە چوون بۆ سەیران! لە دیمەنێکی دیکەدا، خۆێشاندانە لە بەغدا! لە دیمەنێکی دیکەدا تۆپانێیە لە مەدرید! لە دیمەنێکی دیکەدا پێشەوا قازی وتار دەخوێنێتەوە لە مەهاباد! لە دیمەنێکی دیکەدا دەیناسورێکی دۆزراوەی زەمانی زۆر زوو نمایشکراوە....تاد! بە کوردی و کرمانجێ لەم هاتووچۆیە بێسەرەبەرەی، بێ نەخشەو پلانەی، بێ مەقسەدو مەبەستەی، کردووتە، هەستدەکەی سەرخۆش بوویت. مێشک ناتوانی دیمەنی ئەو هەموو زەمەنانە ڕێکخاتەوە بۆ تۆ.. کەواتە ئەگەر لێت بپرسن: دەنگ وباسی فێسبووک چییە؟ تۆ ناتوانی لە دوو سێ شت پتر وەبیر خۆت بینیتەوە! تۆ هەستت نەکردووە کە ئەم زمانەی فێسبووک، تۆی توڕداوەتە دەرەوەی بازنەی (زەمەن).
ئێستا بەراوردێک بکە لە نێوان ڕۆژەکەی چەژنی جاران و ئەم گەشتەی فێسبووکەت. تێدەگەی دوو (زەمەنی) چەندە جیاوازن. لە مێشکتی تۆدا، خواکردە، (٣) زەمەن هەیە: زەمەنی ئەقڵی خۆت: بۆ نموونە کەی لەخەو هەڵدەستی و کەی یەکەم جگەرە دەکێشت. زەمەنی سەعاتەکەی دەستت وە زەمەنی گەردوونی کە ئەم هەسارە بەڕێوەدەبات و تۆ لە گەردیلەیەکی بچووک بچووک بچووک بچووکی سەرە دەرزییەک بچووکتری لەوێ دا.

 

بەشی شەشەم: سڕینەوەی ڕەهەندی (مەکان):
  لە بەشی پێنجەمدا تایبەت بە چۆنیەتی کارکردنی (زمانی دیگیتەڵی) لە بە ڕۆبۆتی کردنی مرۆڤ، قسەمان لەسەر فەناکردنی (زەمەن) کرد، ئێستاش بەشی دووەمی ئەم ئەلقەیە تەرخان دەکەوین بۆ سڕینەوەی ڕەهەندی (مەکان).
   یەکێک لە کۆڵەکەکانی سەلماندنی بوونی مرۆڤ (مەکانە)، بەدەر لە مەکان تۆ وجودێکت نییە، هەر ئەم ڕەهەندەش وای کردوە کە نیشتمان ئەوەندە خۆشەویست بێ تا ڕادەی ئامادە بوونت خۆتی لە پێناویدا بکەیتە قوربانی. نیشتمان فەزایەکی گەورەتر لە مانای وشەکە دەگرێتە:(نیشتمانی ناخ، نیشتمان ماڵ، نیشتمانی زێد، نیشتمانی سنوور دیاری کراوی وڵاتەکەت.) مێشکی مرۆڤ خواکردە وا ڕاهاتووە کە هەمیشە وجودی تۆ بە یەک تاکە مەکان ببەستێتەوە وەک جەستە. جا کاتێک لە ڕیی ئەقڵەوە بە فڕۆکەی زمانی دیگیتەڵی لە زەمەنێکی کورتی چەند خولەکیدا، تۆ چەندان جێکەو شوێنکی(دوورونزیک) دەگەڕێی ئەوا مێشک سەری لێدەشێوێ و دەکەوێتە بارەدۆخی بێئاگای، ئەمەش وادەکات تۆ بکاتە کەسێکی بێ جەستە، چونکە تۆ (لە هەموو ئەم شوێنانەیت و لە هێجشیان نیت).
   با وردتر ئەم خاڵە خوردکەینەوە. کە دێیتە ژووری فێیسبووکەکەت تۆ جێگەو پێگەی خۆت دەزانی . دەزانی لە کوێ دانیشتوویت، بەڵام بە گەڕان بەناو پێجی هاوڕییەکانت، تۆ چەندا جێگە دەکووتیتەوە (هوڵی پرسەیەک، دیمەنی شاڕیکی حەلەبی بۆبارانکراو، بن تاوەرەکەی ئیڤڵ، گۆڕەبانی شاری عفرین، فرۆکەخانەیەک لە بەرلین، پێشەنگای فلیمێک، گۆڕەپانی یارییەکی تۆپانێی جیهانی لە مەدرید.... تاد) بینیت لەم چەند دەقیقەیەدا چەندان شارو وڵاتان گەڕایت کە لە نێوانیاندا شوێنی خۆش و ناخۆش هەیە، حەز بە یەکەمیان دەکەیت و دڵتەنگ دەبی بە دووەمیان. ئەم سوڕە سوڕەو هاتووچۆیە، کاری ئاسایی مێشک تێکدەدا و وا دەکات تۆ هاوسەنگی جازبییەی مەکانت تێکچێت وەک کەسێکی سەرخۆش و مەستت لێدێ. کاتێک کە لە ژووری فێێسبووک دێتە دەرەوە دەگەوڕێتەوە ژوورە ئاسایەکەی خۆت کە زۆر جیاوازە لە گەڵ ئەم هەموو شوێنەی کە تۆ تازە بینیت. ئەمە هۆکارێکە بۆ سڕینەوەی بەشێکی بوونی تۆ. چونکە هاوسەنگی مەکانت سەنتەری تێکچوو. ئەمەش کافییە بۆ شێواندی مێشک و ئەنجامدانی کارو کردەی نابەدڵ و نابەچێ ـ تا ڕادەی خۆ کوشتن ـ خوا بمانپارێزێت!
دوا بڕگەی ئەم تەوەرە بەمە قوفڵ دەدەم ، جێگەیەک لە دیدی تۆدا وابەستەی یادگاری و بیرەوەرییە. چونکە ئەم دووانە پەیوەستن بە مەکان، جا کە مەکانت نەما بیرەوەریشت نامێنێ و کاڵدەبێتەوە. ئەمە بەجوانی لە نێوان یادەوەری نەوەی نوێ ویادەوەری باوانیان دیارە: نەوەی نوێ خاوەن هیچ بیرەوەریەکی ڕابردووی قوول نییە. باوانیش نغرۆ بوون لە بیرەوەرییەکانی ساڵانی پێشوو، کە پڕن لە ناوی جێگەو شوێنی وەک ماڵ و گەڕەک و ڕووبارو شاخ و باغ و ڕێگاو بان و گوندو شارو...تاد.(تۆ وەرە بە نەوەی نوێ بڵی باسی رۆژی جەژنم بۆ بکە... ڕەنگ بێ هەر چەند ڕستەیەکت بۆ ڕیز بکات، بەڵام وەرە هەمان پرسیار لە باوکت بکە بزانە بە سەعاتێک لە وەڵامەکەی نابێتەوە، بۆچی؟ چونکە نەوێ نوێ وابەستەی مەکانەکان نین، بە پێچەوانەی باوانیان... .
ئەمە کاردانەوەی (زمانی دیگیتەڵییە) بەبێ ئەوەی زۆرمان پێبزانین.

 

بەشی حەوتەم: گۆڕینی ڕەهەندی بیرەوەرییەکان.
   لە دوو ئەلقەی پێشتر قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە چۆن زمانی دیگیتەڵ کار دەکات بۆ سڕێنەوەی ڕەهەندی (زەمەن و مەکان) لە مێشکی مرۆڤەکاندا. ئێستاش تیشک دەخەینە سەر ئەلقەی سێیەم کە لە دووە ڕەهەندەکەی پێشتر گرنگترە:
خودای میهرەبان توانستێکی یەکجار مەزنی ئامارکردنی بیرەوەریی و زانیاری بە مرۆڤ بەخشیووە، کە هیچ بوونەوەرێک نییە لەم بوارەدا شان لە شانی بدا. مێشکی مرۆڤ ـ بە گوێرەی تەمەن و پلەو ڕادەی زیرەکی و بلیمەتی خۆی ـ دەتوانی لە نێوان (١٠) تا (١٠٠) (Terabytes) بیرەوەری ئاماربکات و لە کاتی پێویستیدا سوودی لێوەرگرێ. بۆ زانیاریتان (١) (Terabytes) یەکسانە بە (١٠٠٠) (Gigabytes) ئێمڕۆ باشترین (لاپتۆپ) (بیرەوەرییەکەی (Ram)کەی، دەگاتە (١٦) (Gigabytes). بەرهەمەکانی کۆمپانیای(Apple) بیرەوەرییەکانیان هەر لە نێوان (٢) تا (٨) (Gigabytes)ە . جا سەیرکە کە مێشکی مرۆڤ چەندان ملیۆنان جار لە ئەقڵی کۆمیوتەرەکەی تۆ زیرەکترە. هەر بۆ زانیاریتان کۆڕپەڵە لە (١٦) رۆژی تەمەنیدا لە نێو زانداندا یەکەم شانەی مێشک دروست دەکات و لە (١٢) مین حەفتە دەستدەکات بەکار کردن و منداڵ لە تەمەنی (٥) ساڵیدا (٩٠٪) خانەکانی مێشکی گەشەی کردەوە. لێرەدا بایەخ و گرنگی بیرەوەری بۆ مرۆڤ بەدیار دەکەوی کە:
o هەرچی تۆ دەیزانت لەم قۆناغەی تەمەنتدا ئەو ئەو شتانەیە کە لە مێشکتدا ئامارکراون.
o هەرچی داهێنان هەیە بە سوود وەرگرتن لە زانیارە ئامارکراوەکانی مێشک سەرچاوەیان گرتووە.
o مرۆڤ تاکو ئێستا نەیوانیووە هیچ شتێک لە هیچەوە دابهێنیت.
   بۆیە تێکچوونی بار و هاوسەنگی بیرەوەری لە مێشکدا زۆر کێشە بۆ خاوەنەکەی دروست دەکات و نەخۆشییکانی لەبیرچوونەوە کە زۆر جۆریان هەیە، تاکو ئێستا چارەسەری بنەڕەتییان بۆ نەدۆزراوەتەوە.
   با بگەڕێنەوە سەر بابەتیەکەی خۆمان کە زمانی دیگیتەڵییە. داهێنەرانی ئەم زمانە کار بۆ ئەوەناکەن کە ڕەهەندی بیرەوەری لە مێشکی مرۆڤەکاندا بسرنەوە ـ چونکە ئەمە زەرەر بە خۆیان دەگەێنێ ـ بەڵام شەووڕۆژ لە کارو چالاکی دان بۆ (گۆڕینی ڕێرەوەکانی بیرەوەری مرۆڤەکان). چۆن؟
    پێشتر گوتمان هەموو مەغزای ئەو سین وبەینەی زمانی دیگیتەڵ بۆ ئەوەیە (نەتەوەی دیگیتەڵی بێنیتە ئاراوە بۆ ئەوەی بازاڕی خۆی پێگەرم بکات و وا لە خەڵکەکە بکات بێ ئاگایانە خۆیان بە بەرهەمە دروستکراوەکانی ئەو کۆمپانیانە دا ببدەن و خەڵکە کە بدۆشن). ئەمەش ئەو کاتە ئەنجام دەدەرێت کە دوگمەی داگیرسان و کوژاندنەوەی بیرەوەری کەوتە دەست زمانی دیگیتەڵ. واتا ئەو کاتەی بریاردەر دەبێتە کەسانی دیکە و خۆت ناتوانی بریار لە ئەنجامدانێ کارێک بدەی، چونکە لە مێشکتدا بیرەوەریکان گۆڕاون بە بیرەوەری زمانی دیگیتەڵ.
با وردتر ئەم خاڵە ڕوون بکەمەوە.
   باوکم ـ رۆحی شاد ـ تا کۆچی کرد یەک سەعاتی دەستی هەبوو کە پتر لە (٤٥) ساڵ بەکارهێنا. ئەو سەعاتەی لە بەغدا کڕی بوو زۆر خۆشی دەویست. کاتێک کارێکی قورسی بکردابووایە، وەک چەکوش ڕاوەشاندن، سەعاتەکەی لە دەست دەکردەوەو دەیخستە ناو گیرفانی کورتەکەکەی، نەک باخەڵی شەرواڵەکەی، چونکە جێگەی گیرفانی کورتەکەکە کەمتر زەبری بەردەکەوت و سەلامەتتر بوو. کە دەستنوێژی دەششت، سەعاتەکەی لە مەچەکی دەکردەوە، هەموو شەوانیش لە ناو دەسماڵیکی نەرمی دەپێچایەوە و دەیخستە ژێر سەرینەکەی، قەت نەمدێ جارێک ئەو سەعاتە بکاتە مەچەکی پێش سرینەوەی بەو دەستماڵە، هەمیشە لە یەک کاتی دیاریکراویشدا ـ کە (٨) شەو بوو ـ قورمیشی دەکر، ئەویش زۆر بە ئەسپایی و دڵی نەدەهات تا دواین سووڕ، قورمیشی بکات تا زەنبەلەکەی عەزیەتی پێنەگات... .
   ئیمڕۆ، کوڕەکەم مۆبایلی (Samsung Galaxy s8) بەکاردەهینێ کە هەر (٨) مانگێک دەبێ کریویەتی، و بەبێ ئەوەی مۆبایلەکەی هیچ عەیبێکی هەبێ، چاوەڕوانی دەرچوونی مۆدیلی تازەی (Samsung Galaxy ) یە، ئەوکات مۆبایلە کۆنەکەی نیوەی قیمەتی خۆی ناکاتەوە تازەکەش خۆی لە (١٠٠٠) دۆلارێک دەدا. جا ئەمە بۆ هەموو کەرەستەو شتەکانی دیکەش هەروایە.
  پرسیارێک: سڕری ئەم دوو شتە جیاوازە لە چ دایە؟ سڕرەکە لەوەدایە کە باوکم چەندا بیرەوەری لە گەڵ سەعاتەکەیدا هەبوو و دڵێ لێ نەدەبۆوە، بەڵام کوڕەکەم نەیتوانییوە هیچ بیرەوەرییەک لە ناخیدا ئاماربکات کە وابەستەو بەرهەم و دەرهاویشتەی ئەو مۆبایلە ی بێ. ئەوا جگە لە کاریگەری ئەو هەموو میدیا سیحراویانەی سەردەم کە لەکاتی دەرچوونی مۆبایلێکی تازە ڕێکلامی بۆ دەکەن و وا دەکەن بریاردەری کڕینی ئەم کەرستەیە لەدەست تۆدا نەبێ و لە دەست کۆمپانیەکەدا بێ، چونکە لە دیدی تۆ مامۆایلەکە نەبۆتە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کە ناتوانی خۆتی لێ دەرباز بکەی.
لە بیرمە تا حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو خەڵک چەندە شانازیان بە قەلەم پاندانێک، یان چەرخێک، یان قوتویەکی جگارە، یان گیزدانێکی پارەم یان بە ڕادیۆیەک....تاد. دەکردو بۆ چەندان ساڵ بەکاریان دەهێناو ، دوای خۆشی منداڵەکانیان وەک توحفە ئەو شتانەیان هەڵدەگرت یان بەکاریان دەهێنا. (سەردانێکی مۆزەخانەی پەروەردە، لە هەولێر، وێنەی زۆر ئەو شتانەتان دەخاتەوە بیر کە مامۆستاکانی جاران خۆشیان دەویستن و بەکاریاندەهێنان....).
ئیمڕۆ زمانی دیگیتەڵی،  مرۆڤەکان دەکات بە ڕۆبۆت تا خۆت بریاردەر نەبی و ناخ و مێشکت خاڵی بێ لە بیرەوەرییە جوانەکانی جاری جاران. کەواتە چاوەڕوان دەکرێ نەوەی ئایندە نەوەی بێ بیرەوەری بن، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی و کەس نازانێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو کوێ دەچن، ئێستا خۆتان دەبینن کە کوڕو کچ هەیە باوکی خۆی لە ماڵی خۆی فڕیدەداتە سەر جادە.... !


بەشی هەشتەم: چۆن زمانی دیگیتەڵ کاردەکاتە سەر زمان و ئەدب و هونەر:

   بینیتان، چۆن (زمانی دیگیتەڵی) کار دەکات بۆ هێنانە ئارای ژینگەیەک کە تێیدا مرۆڤەکان بەدەربن لە زەمەن و بەدرەبن لە مەکان و بیرەوەرییەکانیان گۆڕانکاری بەسەر دابێ. ئێستا قسە لەسەر زمان دەکەین. پێشتر گوتمان ئیمڕۆ، (٢٠١٨)، لەم جیهانەدا( ٢٠٦) نەتەوە بوویان هەیە و کۆی زمانەکانیش (٧٠٩٩) زمانە. زمانی دیگیتەڵی کاردەکات بۆ ئەوەی هەموو نەتەوەکان بکاتە یەک نەتەوە بەناوی: (نەتەوەی دیگیتەڵی) کەواتە دەبێ ئەم تاکە نەتەوەیە زمانێکی سەربەخۆشی هەبێ ئەویش زمانی دیگیتەڵییە.
  بیرۆکەی داهێنانی زمانێکی دەستکرد بۆ کۆی دانیشتووانی سەر ئەم زەمینە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نوزدەم، کاتێک (Zamenhof) ی جوولەکە کە بە ڕەجەڵەک هۆلەندییەو دکتۆری چاو بووە، یەکەم بەردی بناغەی ئەو زمانەی دانا. داهێنەران ناوی (ئیسپەرانتۆEsperanto)یان لەو زمانە ناوە. لە بانگەشەکەیاندا دەڵێن. مەرامانە زمانێک دابهێنین کە:
• سادەو سووک و هاسان بێ بۆ فێر بوون.
• هەموو حەشیمەتەکەی ئەمسەر زەمینە بتوانێ بەکاری بێنێ و ببێتە زمانی گەردوونی.
• سەڵتەنەت و لاف وگزافی زمانە بەهێزەکانی وەکو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و چینی بشکینیت و زمانەکان هەموویان یەک پلەو مەقامیان هەبێ و کەس زگی بەخۆی نەسووتێ.
بەندە لە ساڵی (٢٠٠٨) ، لە ئیرلەندا، لە چەند خوولێکی فێربوونی ئەم زمانە بەشدارم بووم. لەم زمانەدا هەر (٢٨) پیتی لاتینی هەیە. ڕاناوی نێرومێی نییە، کۆ کردنەوە هەر بەزیادکردنی یەک پیت دەبێ ـ خۆمان دەزانین کە تاک و جووت و کۆ لە زمانێکی وەکو زمانی عەرەبی چەندە ئاڵۆز و زەحمەتە ـ ، فرمانی یاریدەدەری هەر یەک فرمانە لە کاتێکدا لە زمانی ئینگلیزی (٧) فرمانمان هەیە. حساب و بیرکارییەکەی وەک حسابی دایکمە کە بە (٨٠) دەڵێ (٥٠) و (٣٠) ئەوانیش بە (٥٠) دەڵێن: پێنج (١٠)، هەر بۆ نموونە ئەم ژمارەکانیەتی( سفر:نوو / ١: ئونو / ٢: دوو / ٣: تڕای / ٤: گەڤەر / ٥: گڤین / ٦: سەس / ٧: سەب / ٨: ئۆک / ٩: ناو / ١٠: دەک).
ئێمرۆ نزیکەی (٢) ملیۆن کەس ئەم زمانە فێربووەو منداڵێش هەیە ئەم زمانە بۆتە زمانی دایکی. داهێنەرانی ئەم زمانە دەڵێن: ئەگەر بۆ فێر بوونی زمانی ئەڵمان (٢٠٠٠) سەعات و بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی (١٥٠٠) سەعاتمان پێویست بێ ، ئەوا بۆ فێربوونی زمانی ئیسپەرانتۆ، هەر (١٥٠)ن سەعاتمان دەوێ. ئەوەی بەندە هەستی پێکردبێ، جوولەکە دەستێکی لە داهێنانی ئەم زمانە هەیەو لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانیان پێداناوەو ساڵانەش ڕێکخراوی (یۆنیسکۆ) پاڵیشتی ماددی و مەعنەوی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم زمانە دەکات.
  با ئێستا بگەڕینەوە لای چەند زمانێکی زیندوو و بزانین حاڵ و حەواڵیان چۆنە. وە چۆن زمانی ئیسپەرانتۆ لە پشت پەردەوە کاری خۆی دەکات.
• تۆ دەزانی ئیمڕۆ ژمارەی عەرەب (٣٥٩) ملیۆن کەسەو و نزیکەی (١٠٠) ملیۆنیش غەیرە ئەم زمانە دەزانن. بەڵام جگە لە قورئانخوێنە بەتواناکان، زۆر بەدەگمەن دەتوانن بە دروستی هەموو دەنگی حەرفەکانی عەرەبی لە گەروو و زاردا دروست بکەن. زەحمەتە جگە لە قورئانزانەکان بزانن ئەم دوو وشەیە چۆن تەلەفوز دەکرێ(ضهر / ظهر) ـ کە دوو دەنگ و مانای جیاوازیان هەیە.
• تۆ دەزانی، بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (یۆنیسکۆ) لە هەموو جیهانی عەرەبیدا، هیچ مامۆستایەک ناتوانی پتر لە (٢٠) دەقیقە بە عەرەبی فەسیح دەرس بڵێتەوە زوو بادەداتەوە سەرت شێوەزارەکەی خۆی؟
• تۆ دەزانی ڕۆژانە نزیکەی (٧٠) هەزار ملیۆن جار وشەی (OK) بەکار دێ؟ ئەدی چی دەبێ ئەگەر ئەم وشەیە شەش حەت خوش و براشی بو پەیدا بێ!
• تۆ دەزانی لەم (٧٠٩٩) زمانی ئیمڕۆ, لە (١٠٠) ساڵی داهاتووە هەر (٦٠٠) زمانیان دەمێنن و ئەوانی دیکە لەناو دەچن؟
  تۆ وەرە، گوێ لە گفتوگۆی خەڵکی وڵاتێکی وەکو لوبنان بگرە و بزانە چەندە شێوازی زمانەکەیان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووەو سیخناخ بووە بە وشەو دەستەواژەی بێگانە بەتایبەتی ئیبگلیزی و فەرەنسی... .

 

ئەم گۆڕانکارییانە بۆچی لە زمان ڕوودەدەن؟
  زمان کەرەستەیەو بە گوێرەی دەستی بەکاربەرەکەی بەکار دێ. ئەوکاتەی بەکاربەرەکەی تێڕوانین و لێکدانەوەو جیهانبینی گۆڕانکاری بەسەر دادێ ئەوا زمانیش هەمان گۆڕانکاری بەسەر دادێ. ئیوە ڕۆژ نییە نەڵێن، ئینتمای نەوەی نوێ بۆ خاک و نەتەوە کاڵ بۆتەوە... کەواتە ئاساییە ئینتمای ئەم نەوەیە بۆ زمانەکەشی کاڵ بێتەوە.... .
   با بادەینەوە سەر زمانی کوردی و بزانێ ئەو حاڵی چۆنە لەبەرانبەر ئەم گەرداوە گەردوونیەدا.
    لە ساڵی (٢٠١٤) بەندە لە دەزگای ئەکادیمای کوردی لە هەوڵێر سیمینارێکم پێشکێشکرد دەربارەی ( ئاسایشی نەتەوەیی زمانی کوردی)، لەوێدا بە بەڵگەو داتای باوەڕپێکراو، نیشانمدان کە نمرەی زمانی کوردی لەو (١٣) نمرەیەیی کە بۆ زمان داندراوە (6B)یە، واتا لە تەلەزگەیە، یەک نمرە داببەزێت بەرە فەوتان مل دەنێ، یەک نمرە بەرە پێشەو بچی، مووژدەیە و سەرکەوتینی گەورەیە، بۆیە فەرز و سوونەتە کە پلانی (٥) ساڵی و (١٠) ساڵی (٢٥) ساڵیمان هەبێ بۆ خزمەتکردنی زمانی کوردی. زۆر بە وردی ئەو پێشنازانەم خستەروو کە دەبێ کاری بۆ بکەین.
  کێشەکانی زمانی کوردی بەدەر لە هەڕشەو گوڕەشەی زمانی دیگیتەڵی، زۆرن پتر لە نێەوەمان ڕینووسی لاتینی بەکار دێنێ، سلیمانێ نازانێ چ باسە لە ئامەد و شرناخیش نازانێ چ لە خانەقین دەگوزەرێ... تا بڵێی زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان نەک موقەسیرن بەرانبەر وەلاوە نانێ زمانی کوردی. ماقوولە من نزیکەی (٣٠) زانکۆم هەبێ و تاکو ئێستا ئینسایکلۆپیدایەکی کوردیم نەبێ؟ کوا ناوی تەیروتوارو گیاندارو ڕووەک و داروبەردو شاخ وداخ و کانی رووبار.... تاد. نیشتمانەکەم؟ بۆچی تاکۆ ئێستا فەرهەنگی مێژووی ڕەجەڵەکی وشەی کوردیمان نییە؟ ئێوە دەزانن زانکۆیەک کە (٥) هەزار خوێندکاری تێدابێ. ئەگەر ڕابەرو نیەت و ئیرادەیان هەبێ دەتوانن بە (٢) ساڵ باشترین ئینسایکلۆپیدییای زمانی کوردی بنووسنەوە؟ زۆر شتی دیکەش... کە مێژوو بەسەریاندا باز نادات.

 


ئایا زمانی کوردی لەمەترسیدایە؟

بەڵێ و نەخێر.
بەڵێ ئەگەر کار وەک ئێستا بروا. نەخێر ئەگەر زوو بەخۆماندا بچینەوەو بە جددی کاری بۆ بکەین. 
ئاگاداربن قوڕی زمانی دیگیتەڵی بۆ زمانە هەژارەکان گیراوەتەوە پێش زمانە دەوڵەمەندەکان!
بەشی نۆیەم: ئەدەب و هونەر لە ژێر ڕەحمەتی زمانی دیگیتەڵدا:
   گوتمان زمانی دیگیتەڵی ڕاستەوخۆ کاردانەوەی نەرینی لەسەر زمان هەیەو بەجددی کار دەکات بۆ داهێنانی زمانی دیگیتەڵیی نەتەوەیی. لەبەر ئەوەی ئەدەب، بە هەموو ڕشتەکانیەوەو هونەر بە هەموو شێوەکانیەوە، بەرهەمی داهێنراوی هزرو خەیاڵ و رۆحن، ئەوا ڕاستەوخۆ، گوڕانکاریی و کاردانەوەکانی سەرزمان، دەگوێرێنەوە بۆ سەر بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان.
   لەو ڕۆژەی شەکراوی ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر خورایەوە و ئەم دووانە لێک مارەکران، کۆی خێزانی مرۆڤایەتی گوڕانکاری گەورەی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەسەر داهات. ئێمڕۆ ـ ٢٠٢٠ ـ دوو نەوە بوونیان هەیە نەوەوی سەردەمی دیگیتەڵی و نەوەی پێش ئەو سەردەمە، لە دوای نیوەی ئەم سەدەیە، هەر یەک نەوە بوونی دەبێ ئەویش نەوەی سەردەمی دیگیتەڵییە.
   بۆ ڕوونکردنەوەی کاریگەریی ئەم زمانە لەسەر ئەدەب، وا باشتر بەراوردێک لە نێوان (خوێندنەوە) لە لای ئەم دوو نەوەیە بکەین:
تا کۆتایی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو، لە شارەکانی کوردستاندا، کە کتێبێک چاپدەکرا، هەرچەند ئەو کات ڕێکلام و ڕاگەیاندنەکان وەک ئێستا زۆر نەبوون، لە ماوەیەوکی کەمدا زۆربەی خوێنەرانی کورد دەستیان دەگەیشتە ئەو چاپکاوەیەو، ئەوا ئەو کتێبە لەم دەستەو بۆ ئەودەست، ئەم ماڵ و ئەو ماڵی دەکرد. خوێنەران پتر پاشنیوەڕۆیان یان شەوان کتێبیان دەخوێندەوە، ئەوان بە مێشک و هۆش و ڕۆحەوە کتێبەکانیان دەخوێندەوە، وەک بڵێ خۆیان بۆ تاقیکردنەوە ئامادەبکەن. بۆیە لە زۆر کۆڕ و دانیشتین و دیوەخاناندا، وەک ڕەخنەگری بە ئاگا دەیانتوانی قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکەن کە خوێندبوویانەوە. ئەو کات لە کتێبخانە گشتییەکانیش چوار تا پێنج کتێب دەخوازرایەوە. بۆیە دەکرێ ئەم نەوەیە بە (نەوەی ئاڵتوونی) ناوبنرێت، ئێستاش ئەوان وەک فەرهەنگ ئەو زانیاری و مەعریفانەیان لە ناخدا بە ئامارکراوی ماوەتەوە. چونکە خوێندنەوە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزەو هەموو هەستەوەرکانی مرۆڤ تێیدا بەشدار دەبن. خوێندنەوە دروستکەری کەسێتی مرۆڤەکان و ئایندەی نەتەوەیە.
  ئیمـرۆ، بۆ نەوەی نوێی سەردەمی دیگیتەڵ. شیوازی خوێندنەوە گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە، لە خوێندنەوەی مێشک و هۆش و رۆح بۆتە خوێندنەوەی گرتەی چاو(Eye - catch)، خوێندنەوەیەک کە تەنها ئۆرگانی (چاو) تێیدا بەشدارە، بەدەر لە مێشک و هۆش و ڕۆح. چۆن؟
    لە کاتی خوێندنەوەی کتێب لە مێشکدا چەندا ڕژین کاردەکەن، کە دەبنە مایەی گۆڕانکاری لە کەسەکەدا لە ڕووی کەلتوور و ژینگە و هزرو هۆش و ناسنامەو ئەدەب وجیهانبینیدا، ئەمەش بە گۆڕینی پیت و وشەکان بۆ دەنگ و وێنە ، دواتر بۆ یادەروەی و دەنگدانەوە لە ناخی ئەوکەسەدا ڕوودەدەن، هەرچی خوێندنەوەی دیگیتەڵییە، کە لە ڕیی بەرهەمەکانی ئینتەرنێتەوە دەگەنە دەستمان. خەسڵەتی دروستکردنی گوڕانکارییەکانیان تێدا نییە. بۆچی؟ چونکە ئەوی لە خوێندنەوەکەدا بەشدارە تەنها( پەنجەو چاوە). زانستییانە، لە تاقیگەکاندا سەلمێندراوە لەگەل هەر (کلیکێکی Clicking) بابەتيکی ئینتەرنێتی، چەخماغەیەکی ئەلکتریکی لە مێشکدا بروسکەیەک دروەستدەکات، کە وزەیەکی ڕاچلەکێنی تێدایە کار لە مێشک و هەستی مرۆڤ دەکات، شێوەی کارتێکردنەکە خاڵی نییە لە نیگەرانی و ترس و شلەژان و دڵەڕاوکێ... تاد. ئا لەم چرکەساتەدا لە مێشکدا بروسکە بیرکردنەوە ڕووداەدات کە لە ئاکامی تریشقە تەماشاکردنی برووسکەکە دەردەچێ. لێرەدا خوێنەر دەبێتە خوێنەرێکی ڕووکەشی، دوور لە بیرکردنەوەی قوڵ و شیکردنەوە ڕادەڕبرین، بەتایبەتی کە (کلیکەکان) خێر خێرا ئەنجام دەدرێن و دیمەنەکانی بەرچاو زوو زوو دەگوڕێن. لێرەدا مێشک سەری لێدەشیوێت و ناتوانی بە کۆکردنەوە و ئامارکردنی ئەم هەموو بروسکە بیرکردنەوەیە ڕابگات. ئاکامەکەی ئەم دیاردەیە ئەمانەن:
• ئەگەر لە خوێنەرەکە بپرسی، چیت خوێندوە، هیج زانیارییەکی وردی نییە بۆ وەڵامەکە.
• ئەگەر داوای لێبکەی بابەتێکی چەند پەرەگرافی بخوێنێتەوە، ناتوانێ و زوو وازی لێدێنی و هەست بەبێزاری دەکات.
   لێرەدا، ئەدەب و هونەر، هیچ بەهاو قیمەتێکیان نابێ، چونکە چێژوەرگرتن لەوان بە (گرتەی چاو) وەدست نایە، ئەو جگە لەوەی کە خوێنەری ئینتەرنێتی سەلیقەی ڕۆمان خوێندنەوە چیرۆک و بابەتی دوورودرێژی نییە. هەمیشە چاوەکانی نەوەی نوێ لە بازدانە دان، لەم (پێج بو ئەوەی دێ و لەم واڵ بۆ ئەوەی ) ئەو بەدوای خۆشییەکەی کەمخایەنی سووک وەدستهاتوودا دەگەڕێ، کە ئەمە لە جیهانی ئەدەب و هونەردا مەیسەر نابێ. جگە لەوەی کە هونەرە تەکنەلۆژییەکانی ئەم ئامێرە دیگیتەڵانە، وای کردوە بەزەحمەت تۆ بتوانت، تابلۆیەکی هونەری ڕەسەن لە تابلۆیەکی هونەری ساختە (fake) جیا بکەیتەوە. تەنانەت ئەمە بۆ کۆپلە شیعرێکی جوان و ناسکیش دروستە، چونکە دەستکاری و گزیکردنی بیرۆکەو وێنەی هونەری و خەیاڵەکان بۆتە کارێکی ئاسان و زەحمەتە بەرهەمی ڕەسەن و ناڕەسەن لێک جیابکەیتەوە.
    دەبێ ئەوش بزانین لە جیهانی دیگیتەڵیدا هەموو کەسێک دەیەوێ خۆی بناسێنێت و دەیەوەی بە بەرانبەرەکەی بڵێ(من کێم؟) بەڵام لە جیهانی ئەدەب و هونەردەدا ئەوە ئەدیب و هونەرمەندە کە بە پەیامگر دەڵێ: (من کێم؟) . ئەمەش سەربەری هاوسەنگی جیهانبینییەکانی لەنگ کردوەو شتەکان لاسەنگ دێنە بەرچاو.
   نابێ ئەم خاڵە گرنگەش فەرامۆش بکرێت، کە ئیمڕۆ وەک چۆن ئاڵودەبوون بە بادەو ماددەی هۆشبەرو جگارەکێشان هەیە، بەهامان شێوە ئاڵودەبوون بە ئینتەرنێت هەیەو وەک نەخۆشەکانی دیکە دەروونناسان و پزیشکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. خۆشتان دەزان کە کەسی ئاڵوودەبوو، ناتوانی لە گەڵ جیهانی ئەدب و هونەر ڕێبکات و بەزەحمەت پێی ئاشنا دەبێ. ئەمە ئێستا لە ڕیکخراوی (WHO) بە وەردی قسەی لەسەر دەکرێت و بەر لە حەفتەیەک ئەم ڕێکخراوەیە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە لە تەشەنکردنی ئاڵوودەبوونی ئینتەرنێتی بە هەموو شێوەکانیەوە.
ئەدەب و هونەر لە سەردەمی زمانی دیگیتەڵی زۆر لە مەترسیدان و چاوەڕانی فریاڕدڕەسی بەتواناو کارامەن زوو بە هانایانەوە بچن.
باشە ئێستا چارە چییە؟ چۆن دەتوانین ڕووبەڕووی ئەم ئەژدیهایە فرە توانا و هێز و قودرەتە (کە زمانی دیگیتەڵە) ببینەوە؟

 

بەشی دەیەم و کۆتایی: ئێستا چۆن بەرەنگاری ئەم دیاردە هاوچەرخە ببینەوە؟
    لەڕستیدا، ئەم داهێنراوەش وەک زۆربەی داهێنراوەکانی مێژوو، جووت جەمسەرە، لە زۆر بواری زانستی و پزیشکی و گەردوونناسی و مرۆڤناسی ....تاد. سوود و قازانجی یەکجار زۆری هەیە، لە زۆر بواری دیکەشدا تا بڵێی جێگەی ترس و دڵەڕاوکێیە لەسەر ئایندەی ژیان و ئاسایشی نەتەوەیی کۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. خاڵی گرینگ ئەوەیە، لەم زمانە نوێدەدا، کە دوو سەرە، کام جەمسەریان هەڵدەبژێرین ـ خێرەکەی یان شەڕەکەی؟ وە کێ ئەم داهێنانە سەردەمییانە بەکاردێنی؟
  پێشتر گوتمان مەترسیی دیوە نەرێنییەکانی ئەم زمانە پتر لەسەر ئەو کۆمەڵگایانەیە کە ئاستی ڕۆشنبیری و ئابووری و کەلتووریان هێندە نزمە کە بە زەحمەت دەتوانن لەگەڵ عەمبازەکانی ئەم پێشکەتنە خێرایانەی سەردەم هەنگاوان هەڵێنن. جا خۆشمان یەکێکین لەو کۆمەڵگایە ئاست نزمانە ـ بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی جیهاندا.
   بابەتی (زمانی دیگیتەڵی)، کە وابەستەی ئایندەی ژیانە لەسەر ئەم هەسارەیەدا، ئێمڕۆ بۆتە بابەتێکی هێندە بایەخدار، کە بۆتە خەمی کۆی مەڵبەندە ڕۆشنبیری و زانستییەکانی وڵاتە پێشکەتووەکان و رۆژ نییە باس و توێژینەوەو لێکۆلێنەوەی تازەبابەتی لێ هەڵنەهەنجرێت. زۆریش لە زانا و لێکۆلەرانی بابەتەکە، بە قەد مەمانان ڕەشبینی نیشان نادەن. ئەوان ڕشتن لەسەر ئەو بۆچوونە کە (کاکڵی خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، لەوەتەی خەلق بووە، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردانەهاتووەو، نایەت، بڕوانن ئێستاش ئەدیب و نووسەران کە بە ناخی مرۆڤایەتیدا شۆڕدەبنەوە، هەر دەگەنە هەمان ئاکام و سەرچاوە کە ئەرستو، یان شەیسکپیر، یان هەمنگوای دەستنیشانیان کردووە، ئەوەی گۆڕاوە ئامرازو ئامێرەکانە.
بۆ خوێندەوەی کتێب تا ئێستاش هێندە بەهەندە؟   لە کتێبێ (قودرەتی ئەدەب لەسەردەمی دیگیتەڵیدا)* کە (٢) نوسەری بەناوبانگ:(Martha C. Pennington , Robert P. Waxler) نووسیویانەو تازە بڵاوکراوەتەوە، زۆر زانستییانە پێشنیارو پێشنازییەکانیان، بۆ ڕووبەڕووبۆنەوەی لایەنە خراپەکانی زمانی دیگیتەڵ ڕاڤەکردووە:
   ئەوان دەڵێن:" دەبێ مرۆڤایەتی، لە ڕێی مەڵبەندەکانی فێرکردن و ئەدەب و مەعریفە، هەوڵبدەن، نەوەی نوێ بگەڕێنەوە سەر سکە ڕاست و دروستەکەی ژیان و پێشکەتن و سەرفیرازی، ئەویش بە گەڕانەوەی مرۆڤەکان بۆ باوەشی (کتێب)، بە هەموو شێوەکانیەوە." ئەوان وای لێکدەدەنەوە، کە سەرەڕای ئەو هەموو گۆڕانکاریانەی کە ڕۆژانە هەستی پێدەکەین، کتێب قیمەت و بەهای خۆی لەدەست نەداوەو ڕۆژ بە ڕۆژ بازاڕی گەرمترە، جا بۆ ئاشناکردنەوەو ئاشتکردنەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ کتێب، دەبێ لە باغچەی ساوایانەوە دەستپێبکەین. ئێمڕۆ، لە وڵاتە پێشکەتووەکاندا، بۆ قوتابی پۆلی دووەمی سەرەتایی، بۆ نموونە، ریزبەندێک ناوی کتێب لە نێوان (٣٠ تا ٥٠) ناونیشان دەدرێت بە باوانی قوتابی و دەبێ لەماوەی ئەم ساڵەدا ئەم قوتابیە ئەم کۆمەڵە کتێبە بخوێنێتەوە ـ بێگومان کتێبەکان لە کتێبخانەی قوتابخانەدا بەردەستن، جا لەگەڵ خوێندنەوەی هەر کتێبێک دەبێ باوانی قوتابی ناونیشانەکە نیشان بدات، ئەمە پرۆگرامە بۆ سەرجەم قوتابی و فێرخواز تا زانکۆ تەواو دەکات.
   لە نێوان ئەم هەموو کتێبەشدا ئەوان زۆر جەخت لەسەر ڕشتەکانی ئەدەبی دەکەنەوە، چونکە ئەوان ئاودێری ڕۆحی مرۆڤن و چێژ و خەیاڵ و جیهانبینی نوێتر بەمرۆڤ دەبەخشن.
   داخیگرانم، ئێمڕۆ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەندو کۆمەڵگا تازە پێگەیشتووەکاندا، خوێندنەوە زۆر بێ بایەخکراوەو بۆتە شتێکی لاوەکی بێوەج و بێ قیمەت. ئەمە لوتکەی مەترسییەو کاتی ئەوەهاتووە مەڵبەندە بەرپرسەکان لە وەزارەتی پەروردە و وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و وەزارەتی پلاندادان و هەموو ئەوانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان وابەستەی ئەم بابەتەن، بە جددی بێنەسەر خەت وبە نەخشەو پلان واقیعی دەستبەکاربن بۆ گەڕاندنەوەی بەها بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی بۆ هەمووان. وانەکەن و زوو بەخەبەر نەیەن، دوور نییە ببنە قوربانی ئاگری (زمانی دیگیتەڵی) و زۆر شت لەدەست بدەن و باش چەند ساڵێکی دیکەدا هەست بە بۆشایەکی زۆر گەورە بکەن لە نێوان خۆیان و وڵاتانی پێشکەتوودا،.
  ڕووە ڕووکەشەکانی شارستانییەت لە شتە ماددیەکاندا، هیچ پەیوەندییەکی بە پێشکەوتنەوە نییە.
(کاتێک تازە تەلەڤزیۆنی ڕەنگاوڕەنگ کەتبووە بازاڕ، لە ڕۆژنامەیەکی بەریتانی کاریکاتێرێک کێشرابوو کە وێنەی پیاوێکی پێخواستی میسری بوو، تەلەڤزیۆنێکی ڕەنگاوڕەنگی خسبووە سەر شانێ و بە غاردان بەرەو ماڵ دەچۆوەو بە دەیان مێشی و مەگەزی لە سەرو گێلاکی ئاڵابوو. لە ژێر کارکاتێرەکە نووسرابوو: سوپاس بۆ خودا، بوومە خاون تەلەوزیۆنی ڕەنگاوڕەنگی خۆم). چەند دەترسم ئێمەش وەک ئەم کابرا میسرییەمان لێ بەسەر بێ! بە ئۆتۆمبیلە وەنەوشەکان و خانووە چەند نهۆمەکان و زێرە جوانەکانی دوبەی هەڵمەخەڵەتێن...!
ئاگاداربن:
خوێندنەوە کلیلی هەزارو یەک دەرگایە!

 

سەچاوەکان، ماڵپەر ئینتەرنێت و کتێبی ئەلیکترۆنی زۆر، وەک:
* Why Reading Books Still Matters: The Power of Literature in Digital Times


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×