ڕەوتی سەدر: نابینە بەشێک لەهیچ حکومەتێکی تەوافوقی لە عێراق
  2021-12-05       678       
سەرەڕای گفتوگۆی نێوان شیعەكان، ئەندامێکی نووسینگەی موقتەدا سەدر ڕێبەری رەوتی ‏سەدر دووپاتیدەكاتەوە، ڕەوتەكە نابێت بەشێک لەهیچ حکومەتێکی تەوافوقی کە لە عێراق ‏پێکبهێنرێت.‏

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی لەزاری سادق حەسناوی ئەندامی نووسینگەی ڕێبەری ‏ڕەوتی سەدر بڵاویکردووەتەوە، ئەنجامی دیدارەکانی نێوان موقتەدا سەدر و چێوەی ‏هەماهەنگی، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوانیان.‏

ڕاشیگەیاندووە، ئامانجی ئەو کۆبوونەوانە گفتوگۆکردنە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی ‏زۆرینە و بەشداریکردنی چێوەی هەماهەنگی تیایدا دوای ڕەزامەندییان لەسەر ئەو مەرج ‏و پڕۆژە سیاسییانەی موقتەدا سەدر پێشنیازی دەکات.‏

وتیشی، “چێوەی هەماهەنگی هیچ مەرجێکیان ڕەتنەکردووەتەوە، تائێستاش لیژنەی ‏هاوبەشی هەردوولا پێکنەهێنراوە”.‏

ئەو ئەندامەی نووسینگەی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، “سەدر خاوەندارێتیی حکومەتی ‏زۆرینە دەکات، بەڵام لە حاڵەتی پێکنەهێنانی حکومەتی زۆرینە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی کارا ‏ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لە چێوەی چاودێریی پەرلەمانیدا”.‏

دووبارە هەڵوێستی ڕەوتەكەشی دووپاتكردەوە بەوەی، “ڕەوتی سەدر نابێتە بەشێک لە هیچ ‏حکومەتێکی تەوافوقی، چونکە حکومەتەکانی پێشوو لاوازبوون و کەموکوڕیی زۆریان ‏تێدابووە لەبەرئەوەی لەسەر بنەمای سازان پێکهێنرابوون”.‏

جەختیشیکردەوە، ڕەوتی سەدر نایەوێت عێراق ببێتە ماڵی جیا جیا لە شیعە، سوننە و ‏کورد، بەڵکو دەیەوێت هەمووان بە ناسنامەی نیشتمانیی عێراقییەوە هەوڵبدەن بۆ عێراقێك ‏کە هی هەموولایەک بێت.‏

باسی لەوەشکردووە، ڕەوتی سەدر سەرجەم هێزە سوننی و کوردییەکانیش قبوڵ دەکات، ‏بەڵام تائێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک بوونی نییە و هەمووان چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجامی ‏هەڵبژاردنەکانن.‏
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×