ئامینە كاكەباوە؛ لە پێشمەرگەی كۆمەڵەوە بۆ پەرلەمانتاری سوید
  2021-12-08       3676       

ئاوێنە، بی بی سی:

ئامینە كاكە باوە، بۆتە دەنگی زیندانیانی سیاسی و ژنە چالاكوانانی ئێران، كوردو فەلەستینییەكان لە پەرلەمان و میدیاكانی سویددا. لە گفتوگۆكانی پەرلەمانی سویددا، ئەم نوێنەرەی ستۆكهۆڵمی پایتەخت، پرسی ژنانی كۆچبەر لەو وڵاتەو مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنێتەگۆڕێ.

ئامینە لە گوندی "تورجان"ی سەربە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبوە. ئەو كاتێك دەبێتە 13 ساڵان پەیوەندی دەكات بە كۆمەڵەوەو دەبێتە پێشمەرگە. ئامینە دەڵێت، فەرماندەی بنكەی سوپای پاسداران لە گوندەكەیان گوشاری بۆ باوكی هێنابو كە لەگەڵ ئامینەی گەنجدا هاوسەرگیری بكات. بەڵام ئامینە هەڵات و بوە كۆمەڵە.

ئامینە كاكە باوە، ئێستا بەپێی ناسنامە 50 ساڵانە، بەڵام ئەو دەڵێت، بۆ ئەوەی زوتر شو بكات، لە ناسنامەكەی سێ ساڵ گەورەتر تەمەنیان تۆماركردوە.

ئامینە لە شاخ فێری خوێندنەوەو نوسین بوە. ئەو دەڵێت: بەهۆی كەمی تەمەنییەوە، كۆمەڵە ئەوی بۆ شەڕ نەناردوە.

او در نوجوانی به کومه‌له پیوست

ساڵی 1992، ئامینە لە تەمەنی 19 ساڵاندا، كۆمەڵە بەجێدەهێڵێت و لە سوید دەبێتە پەنابەر، لەوێ وەك كچێكی كە خوێنەواری كەمەو نەچۆتە قوتابخانە، ئەژماردەكرێت.

ئامینە، شەوانە دەخوێنێت و رۆژانە كاردەكات و هاوكارییش بۆ خێزانە هەشت كەسییەكەیان لە ئێران، دەنێرێتەوە.

ئەو سەركەوتو بو لە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە بواری راوێژیی كۆمەڵایەتی و بڕوانامەی ماستەر لە فەلسەفە لە زانكۆی ستۆكهۆڵم.

ساڵی 2005، لقی سویدی رێكخراوی فیمینستی فرەنسی بەناوی "نە لەشفرۆش و نە ستەمدیدە" دادەمەزرێنێت. ئەو رێكخراوە داكۆكی لە مافی كچانی كۆچبەرو پەراوێزنشینی سوید، دەكات.

ساڵی 2008، ئامینە كاكە باوە لەلایەن پارتی چەپی سویدەوە كاندید دەكرێت و وەك یەكێك لە نوێنەرانی شاری ستۆكهۆڵم دەبێتە پەرلەمانتاری ئەو وڵاتەو لەو كاتەوە تا ئێستا توانیویەتی وەك پەرلەمانتار بمێنێتەوە.

ئامینە خۆی بە پەرلەمانتارێكی چەپ و سۆسیالیست دەزانی. ژوری كارەكەیی لە پەرلەمان بە وێنەی چێ گیڤاراو ژنە شەڕڤانانی كوردی رۆژئاوای كوردستان، رازاندۆتەوە.

خەبات دژبە توندوتیژی دژی ژنان، هاوسەرگیریی بەزۆر، خەتەنەی كچان، پشكنینی كچێنی، لە ریزی پێشەوەی بەرنامەی كاری ئامینە بوە. سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی سویدو وەزیری دادی ئەو وڵاتە، بە بی بی سی-یان وتوە، ئەگەر هەوڵەكانی ئامینە نەبونایە، ئەم پرسانە نەدەبونە بەشێك لە بەرنامەی سیاسەتمەدارانی سوید.

هەوڵەكانی ئامینە بونە هۆكاری ئەوەی هاوسەرگیریی بەزۆر، توندوتیژییەكانی دژبە ژنان لەسەر شەرەف، خەتەنەی كچان لە سوید وەك تاوان و كاری نایاسایی ئەژماربكرێن.

ئامینە هەروەها یەكێك لە نەیارە سەرسەختەكانی رەمزە ئایینییەكان لە قوتابخانەكانی سویدداو هاوكات داكۆكی لە پەنابەران دەكات. چەندین جار لەلایەن ئیسلامییە توندڕەوەكان و هەروەها راستڕەوە پەڕگیرەكانەوە هەڕەشەی لێكراوەو ساڵانێكە لەژێر پارێزگاریی پۆلیسی دژە تیرۆری سویددایە.

هەڵوێستە سەرسەختەكانی ئامینە كاكە باوە دژبە رەمزە ئاینییەكان و هەوڵەكانی بۆ قەدەغەكردنی باڵاپۆشی منداڵانی خوێندكار، بوە هۆی ئەوەی پارتی چەپ لە ساڵی 2019 لە ریزەكانی حزب دەری بكات، بەڵام ئامینە دەڵێت، پارتی چەپی سوید لەگەڵ گروپە ئیسلامییەكاندا هاوپەیمانی كردوەو ئەم خۆی چیتر نەیویستوە لەو حزبەدا بمێنێتەوە.

ئامینە كاكە باوە، ژنێكی چالاك و پڕ جۆش و خرۆشەو خێرا خێرا قسە ئەكات. ئەو بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ ژنان لە نمایشی جلوبەرگی ساڵانەی ستۆكۆڵمدا بەشداریی كرد. كامیلا تولین، دیزاینەری جلوبەرگی سویدی دەڵێت: ئامینە تەنها ئەهلی قسەكردن نییە، بەڵكو ژنێكی نمونەیە بۆ تەواوی ژنان.

تولین دەڵێت، ئامینە حەزی لەوەیە لە پەرلەمان وەك ژنێك جلوبەرگ بپۆشێت، بەڵام كاتێك قسە دەكات، وەك پیاوان توانای خۆی دەردەخات. ئەو هەمیشە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ دەپۆشێت.

لە ماوەی یەك ساڵی رابردودا، هەلومەرجێك لە گۆڕەپانی سیاسی سویددا هاتۆتە ئاراوە كە دەنگی ئامینە كاكە باوە، وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ، بۆتە دەنگێكی یەكلاكەرەوە. ئەو هەلومەرجەش ئەوی زیاتر كردۆتە جێی سەرنجی پارتی دەسەڵاتدارو میدیاكانی سوید.

آمنه کاکاباوند

رۆژی 22ی مانگی رابردو، بۆ یەكەمجار پەرلەمانی سوید، دەنگی بە ژنێكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی وڵات. ئامینە بۆ داكۆكیكردن لەوەی خاتو ماگدالینا ئەندرسۆن كە لە پارتی دەسەڵاتدارە، ببێتە سەرۆك وەزیران، وتی"ئەگەر ژنان تەنها مافی دەنگدانیان هەبێت و هیچ كاتێك بۆ پۆستە باڵاكان هەڵنەبژێردرێن، ئەوە دیموكراسی كامڵ نییە. بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان، لە قوتابخانەو شەقامەكانی بازنەی هەڵبژاردنی من، كچان و ژنان ئەوەیان لێم دەوێت كە دەنگ بۆ ژنێك بدەم ببێتە سەرۆك وەزیران."

دەنگەكەی ئامینە كاكە باوە وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ، بۆ هەڵبژاردنی خاتو ماگدالینا ئەندرسۆن وەك سەرۆك وەزیرانی نوێی سوید، یەكلاكەرەوە بو. بەڵام ئامینە لەبەرامبەر دەنگدانەكەیدا بەو حزبە ركابەرەی، توانی لەگەڵ وەزیری دادی سوید رێكبكەوێت كە رەزامەندی بدات لەسەر چەند داواكارییەكی ئەو لەبارەی ژنان و كوردانی سوریاوە.

ئامینە كاكە باوە، كە پێشتر پێشمەرگە بوە، دەڵێت: ئەو دژی چەكەو ئومێدەوارە كچان و كوڕانی گەنج ناچار نەبن چەك هەڵبگرن.

دەشڵێت"هیچ كەسێك نابێت توانای كچان بە كەم سەیر بكات. ئێوە بینیتان ئەم كچە نەخوێنەوارە پەنابەرەی كە نزیكەی 30 ساڵ بەرلە ئێستا هاتە سوید، ئەمڕۆ چۆن توانیویەتی بە دەنگی لەم وڵاتە ببێتە كەسێكی مێژوسازو هاوكاربێت لەوەی كە یەكەم ژن ببێتە سەرۆك وەزیران."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×