سبەی موچەی ئەم دو شوێنە دابەش دەكرێت
  2022-01-15       1224       

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەی یەكشەممە، موچەی وەزارەتی دادو ئەنجومەنی دادوەری دابەش دەكرێت.

ئاوێنە: سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی بۆ ئاوێنە ئەوەشی وت، لە ئەگەری گەیشتنی 200 ملیار دینارەكەی بەغدادا، لەماوەی دو بۆ سێ رۆژدا موچەی تەواوی ئەو وەزارەت و شوێنانە دابەشدەكرێت كە تاوەكو ئێستا موچەیان وەرنەگرتوە.

ئەو موچەیەی دابەش دەكرێت، موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوە كە لە 2ی 1ی ئەمساڵەوە دەستكراوە بە دابەشكردنی و پڕۆسەكەش بەشێوەیەكی سست بەڕێوەدەچێت و هێشتا بەشێك لە وەزارەت و شوێنەكان موچەیان وەرنەگرتوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردو، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"دواكەوتنی ئەو بڕە پارەیەی كە لە حكومەتی عێراقەوە دێت، هۆكاری سەرەكی خاو دابەشكردنی موچەیە."

وتیشی"ئێمە چاوەڕێین بەغدا 200 ملیارەكە بنێرێت، هەر كاتێك پارەكە بنێردرێت، ئێمە لەماوەی دو بۆ سێ رۆژدا موچەی ئەو وەزارەتانەی كە ماون، دابەش دەكەین."

بەپێی قسەی جوتیار عادل لە رۆژی سێشەممەی رابردوەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ناردنی 200 ملیار دینارەكەی بۆ هەرێمی كوردستان پەسەندكردوەو وتیشی"ئومێدەوارین لە چەند رۆژی داهاتو ئەو بڕە پارەیە بگاتە هەرێمی كوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×