جەمیل هەورامی: وڵاتانی هەرێمی لەپشت هاوپەیمانێتیەکەی سەدر و حەلبوسی و پارتیەوەن
  2022-01-27       915       

جه‌میل هه‌ورامی، ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان باس له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان سه‌در و حه‌لبووسی و پارتی ده‌كات و ده‌ڵێت، وڵاتانی هه‌رێمی له‌ پشت ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ن.

ئاوێنە: جەمیل هەورامی، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "ئێمە رێککەوتنی ستراتیژیمان هەیە لە زەمانی رەوانشاد جەنابی مام جەلال و کاک مەسعود، هەردووکیان واژۆیانکردووە تا ئێستا ئەو رێککەوتنە ستراتیژییە نە پارتی هەڵیوەشاندوه‌تەوە بە بڕیار نە ئێمەش هەڵمانوەشاندوه‌تەوە، بەڵام هەندێک بەندی تێدایە بە کەڵکی ئێستا نایەت".

ده‌شڵێت: "دەبووایە دیاری بکرایە، ئێمە تا ئێستا پابەند بووین و هەرگیز داوای سەرۆکی هەرێمان نەکردووە و داوای سەرۆکی حکومەتیشمان نەکردووە، چونکە پارتی زۆرینە بووە، بەڵام بەپێی رێککەوتنە ستراتیژیەکە دەبێت سەرۆک کۆماری عیراق بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت و سەرۆکی هەرێمیش پارتی بێت، هەتا ئەگەر پارتی دەنگی کەمیش بهێنێت بەپێی ئەو رێککەوتنە سەرۆکی هەرێم دەبێت پارتی بێت، بەڵام پارتی فێڵی لە یەکێتی کرد بەوەی چوو لەگەڵ (حەلبوسی و لەگەڵ سەدر) و ئەوانە رێککەوتنی کرد بە حساب کوتلەی زۆرینەن لە پەرلەمانی عێراق و هەموو شتێکیان بۆ دەچێتەسەر".

جه‌میل هەورامی، وتیشی: "خەڵک تەسەوری دەکرد یەکێتی نیشتمانی کوردستان شوێن بڕیاری پارتی بکەوێت، بەڵام ئێمە یەکێتی شوێن بڕیاری پارتی ناکەوێت، خەڵک تەسەوری دەکرد کە ئێمە کاندیدەکە بگۆڕین لەبەر خاتری کاک مەسعود، دەبێت کاندیدێک بێت کە کاک مەسعود پێی خۆش بێت، باشە کاک مەسعود (شاخەوان) ی کرد بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئێمە نەمانوت دەبێت بیگۆڕیت و ئەو دانەنرێت لە کاتێکدا شاخەوان باوکی موستەشار بووە کە یەکێکە لە شەشەمین ناوی داواکراو لە دادگای عێراقی، ئەوانەی کاتی خۆی ئەنفالیانکرد، بەڵام خۆ ئێمە نەمانوت ئەوە بگۆڕن یاخود خەڵک دەکەن بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئێمە ناڵێن با فڵانە کەس بێت هەر حزبێک هەڵبژادنی خۆیەتی، بەڵام پارتی بە گشتی حزبێکی مغرورە بەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ سووننە و لایەکی شیعە کردویەتی وەها دەزانێت هەموو شتێکی بۆ دەچێتەسەر، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان خاوەنی بڕیاری خۆیەتی ئەگەر دکتۆر بەرهەمیش دەرنەچێت لای ئێمە زۆر ئاساییە ئەوە پڕۆسەیەکی دیموکراسیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە جەماوەرەکەمان تێگەیشتووە کە یەکێتی خاوەنی بڕیاری خۆیەتی".

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق دەربارەی ئەوەی حزبەکەی پرسی بە یەکێتی نەکردووە بۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "یەکێتی کاندیدی نەبووە بۆ ئەو پۆستە، دەبوو بە پێچەوانەوە دڵخۆش بوونایە کە پارتی کاندیدی هەبوو، بەڵام بابەتی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دەستنیشانکردنی لە لایەن یەکێتیەوە بێ تەوافوقی لایەنە کوردستانیەکان کێشەیەکی گەورە بوو بە داخەوە نەدەبوو وابکەن".

"راستە سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی یەکێتیـیە بەڵام بۆ کوردە، سووننەکان هەموو یەکیان گرت لە کاتێکدا ئەوان خاوەنی قەزیەک نیین بەڵکو ئەوان پێکهاتەیەکن لە پێکهاتەکانی عیراق له سەردەمی‌ مەلیک فەیسەڵی یەکەمەوە هەتا چوه‌تە سەردەمی سەدام حسێن ناکۆکیشیان زۆر بووە بەڵام بۆخۆیان یەکیان گرتووە، ئەی باشە کوردیش لەوەتەی دەوڵەتی عیراقی دروستبووە تا ئێستا ئێمە دەپوکێنەوە ئەی ناکرێت ئێمەش یەک بین؟".

پاش کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەو حزبە لە راگەیەنراوێکدا سەرەڕای دیاریکردنی کاندیدی فەرمییان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، رایگەیاند: "پارتی بێ ئاگاداری ئەوان لەگەڵ سەدرییەکان رێککەوتوون".

جەمیل هەورامی، دەڵێت: "خەتای ئێمە نەبووە پارتی بە دزی ئێمەوە چوو رێککەوتنی لەگەڵ ئەوانەدا کرد، لەم لاشەوە وەفدی هاوبەشی ناردووە بۆ بەغدا لەولاوە سەدر و حەلبوسی هاتن لەگەڵ کاک مەسعود رێککەوتنیان کرد، ئەوان باردۆخەکەیان تێکدا و گوێیان نەدا بە یەکڕیزی کورد و ئەو مەسەلەیان تێکدا، بەڵام ئێمە رابردوویەک و مێژوویەکمان هەیە کاندیدەکەمان کاندیدێکی باشە ئەوان بۆچی مەرجی خۆیان بسەپێنن بەسەر ئێمەدا دەڵێن دکتۆر بەرهەم نەبێت و هەرکەسێکی تر بێت ئێمە مەرج قبوڵ ناکەین، ئەوە پرۆسەیەکی دیموکراتیە خۆزگە بمانتوانیایە بە کاندیدێک بڕۆیشتینایه، ‌بەڵام کە نەمانتوانیووە ئەوە کاندیدی خۆمان داناوە دەبێت بە سەرۆک".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو پۆستە بە موڵکی خۆی دەزانێت؟

لە وەڵامدا جەمیل هەورامی وتی: "وەک وتم ئێمە کاتی خۆی رێککەوتنی ستراتیژیمان کردووە لەگەڵ پارتیدا، دوای شەڕی ناوخۆ ئێمە رێککەوتنی ستراتیژیمانکرد بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی جارێکی تر ناکۆکیان نەبێت و پەنا نەبن بۆ شەڕ".
 

بەڵام خۆ ئەو کاتە شەڕی ناوخۆ بووە و پۆستی سەرۆک کۆمار نەبووە؟ وەڵامەکەی جەمیل هەورامی بەم جۆرە بوو: "ئێمە لە دوای شەڕی ناوخۆ ئیدارە یەکی گرتەوە ئینجا رێککەوتنی ستراتیجی کراوە لە نێوان رەوەنشاد مام جەلال و جەنابی کاک مەسعود، تا ئێستا ئێمە پابەند بووین بەو ڕێککەوتنەوە، راستە هەندێک شتی هەیە هی ئەم سەردەمە نیـیە و تێپەڕیوە، بەڵام ئەگەر ئێمە کاندیدێک دابنێنین بۆ سەرۆکی هەرێم با دەنگیش نەهێنێت لە پەرلەماندا ئەوان بەدڵنیاییەوە دەڵێن سەرۆکی هەرێم عایدی ئێمەیە و بەشی ئێمەیە و لە رێککەوتنی ستراتیژی وەها کراوە بۆ هەموو شتەکانی تریش".

 

وتیشی: "پارتی ئا لێرەدا فێڵێکی لە کورد کرد ئەو باردۆخە لەتکردنی ماڵی کورد ئایندەکەی خراپە، حزبەکانی تریش هەن گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ، لانی کەم دەبووایە کاک مەسعود کۆبوونەوەیەکی بکردایە بە هەموو لایەنەکان، حزب با بچوکیش بێت بەڵام حزبێکە و ئیجازەی حزبی هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ با بە زۆرینەی دەنگی حزبەکان ئەوەی بکردایە، تەنها تورکمان و مەسیحیەکان نەبێتچونکە پارتی دایناون بەڵام با گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و سۆشیالیست و زەحمەتکێشان ئەو حزبانەی کۆبکردایەتەوە و بیوتایە ئێوە دەڵێن چی، با هیچ نەبێت راوبۆچوونی ئەوانیشی وەربگرتایە".

 

ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەی پارتی و حەلبوسی و سەدر چی دەبێت؟

"ئەوە بواری زۆرە من حەزناکەم بکەومە موناقەشەی ئەوە و بە وردەکارییەوە باسی بکەم ئەمە شتی زۆرە و وڵاتانی هەرێمی لە پشتیەتی، ئەمە تەنها حەلبوسی و سەدر ئەوانە نییە، تەنها بۆچونی پارتی و بۆچونی حەلبوسی نییە، سعودیە و ئیمارات و تورکیا لە ئارادایە، ئەمانە هەمووی کاریگەریان هەیە لەسەر بابەتی سوونە و ئەوانە"<

دەربارەی راگەیاندنەکەی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە دەڵێت دەرگای گفتوگۆدان تا ئێستا کراوەیە مەبەستان ئەوەیە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەن گفتوگۆی کاندیدی سەرۆک کۆمار بکەن و سازش لەو مافەی خۆتان بکەن وەکو یەکێتی؟

جەمیل هەورامی روونکردنەوەی دا لەسەر ئەم قسەیە و وتی: "دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ هەموو حزبێکدا دەبێت هەموو کاتێک کراوە بێت، ئێمە لەگەڵ پارتی پێکەوە حکومەتمان پێکهێناوە، هەردەبێت دەرگای گفتوگۆ کراوە بێت خۆ داناخرێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ئێمە مەرجەکانی پارتی جێبەجێ بکەین، بۆچی دەبێت د. بەرهەم نەبێت بە کاندید؟! د. بەرهەم پەیوەندی باشی هەیە و زمانزانێکی باشە، پەیوەندی عیراقی و عەرەبی و نێودەوڵەتی باشە، ئێ بۆچی د. بەرهەم‌یان قبوڵ نییە و کەسێکی تر بێت ئەو مەرجە قابیلی قبوڵ نییە، دووەم ئەمە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە کۆی دەنگ بڕیاریانداوە ناکرێت دیسان جارێکی تر ئەنجومەنی سەرکرادایەتی کۆبێتەوە و بڕیار بدات نوێنەری خۆی بگۆڕێت".

وتیشی: "د. بەرهەم ئەگەر پێشینەی خراپی هەیە ئێمە کێشەمان نییە، ئەگەر لە پەرلەمان متمانەی لێسەندراوەتەوە کێشەمان نییە، ئەگەر پەیوەندی گومانلێکراوی هەیە و عەرەب و سووننە و ئەوان لێی ناڕازین کێشەمان نییه،‌ بەڵام د. بەرهەم یەکێکە لە متمانە پێکراوەکانی ناو عیراق و دەرەوە و لە دەوروبەریشدا بەڵام وەک دەزانرێت سەرۆک کۆمار ئەوەندە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نییە بتوانێت یەکسەر بڕیار لەسەر شتەکان بدات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×