"لەدیوانی چاودێری دارایی 39 و لەدەستەی دەستپاكی 11 فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەی وەزیفییان پێدراوە"
  2022-06-18       699       

بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون سەبارەت بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی، لەدیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم 39 و لەدەستەی دەستپاكی 11 فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەی وەزیفییان پێدراوە.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی راپۆرته‌كه‌، دیوانی چاودێری دارایی كە دامەزراوەیەكی سەر بەپەرلەمانی كوردستانە 389 فەرمانبەری هەیە، وردبینی لەدۆسیەی هەموو فەرمانبەرەكانی ئەم دامەزراوەیە كۆتاییهاتووە‌و دەركەوتووە 39 فەرمانبەر بەشێوەی نایاسایی پلەی وەزیفییان پێدراوە‌و 31 فەرمانبەریش بەدەر لەیاسا سەرەموچەی زیادەیان بۆ بەستراوە.

راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەو چاكسازییەی لەدۆسیەی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری دارایدا كراوە بڕی 13 ملیۆن‌و 907 هەزار دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. 
تەنیا خەرجی موچەی دیوانی چاودێری دارایی مانگانە بڕەكەی (749ملیۆن) دینارە.

هه‌ر له‌راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون سەبارەت بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازییدا هاتووه‌،  دەستەی دەستپاكی كە دەستەیەكی سەربە پەرلەمانی كوردستانە 202 فەرمانبەری هەیە، وردبینی بەدۆسیەی هەموو فەرمانبەرانی ئەم دەستەیەدا كۆتاییهاتووە‌و دەركەوتووە 11 فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەی وەزیفییان پێدراوە‌و 7 فەرمانبەر بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ بەستراوە. 

راپۆرتەكە باسلەوە دەكات، بەهۆی ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەرانی دەستەی دەستپاكیدا كراوە بڕی 3 ملیۆن‌و 137 هەزار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. 
تەنیا خەرجی موچەی فەرمانبەران لەدەستەی دەستپاكی مانگانە بڕەكەی 267 ملیۆن دینارە. 

دەرەنجام: 
بەهۆی ئەو وردبینییەی لەدۆسیەی فەرمانبەرانی هەردو دیوانی چاودێری دارایی‌و دەستەی نەزاهەدا كراوە، بڕی 17 ملیۆن‌و 44 هەزار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×