مەترسی وشکبوون لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک هەیە
  2022-06-23       403       

كۆمپانیای نەوتی باكوور بە نووسراوی فەرمی بەغدای ئاگاداركردووەتەوە كە ئەگەر لە ماوەیەكی كەمدا كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك نۆژەن نەكرێنەوە، بەرهەمهێنانی نەوت كەم دەكات و رەنگە چەند ساڵێكی دیكە مەترسیی وشكبوونیشیان لەسەر دروست ببێت.

ئاوێنە: فەرهاد حەمزە، سەرۆكی ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكوور دەڵێت، ئەگەر دۆخی كێڵگە نەوتییەكان بەم شێوەیە بمێنێت، دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، چونكە لە ساڵی 2005دا رۆژانە لە كەركووك زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرا و ئێستا بەرهەمهێنان بۆ نیو هێندە كەمبووەتەوە، بۆریی گواستنەوەی نەوتی كەركووكیش بۆ بەندەری جەیهانی توركی بە تەواوەتی وێران بووە و دەبێت بۆ ئەوەش بۆریی نوێ رابكێشرێت.

عەلی حومادی، یاریدەدەری هونەریی پارێزگاری كەركووك ئاماژە بەوە دەكات، كەركووك بە هەموو پێوەر و مەرجەكان شایستەی ئەوەیە پاڵاوگەی هەبێت، ناڵێین بە ئەنقەستە، بەڵام نەبوونی تێڕوانینێكی روون لە وەزارەتی نەوت لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی كەركووك، وایكردووە دانیشتووانی كەركووك باجەكەی بدەن و ئێمەش وەكو ئیدارە دووچاری رەخنەی شەقام دەبینەوە بەهۆی نەبوونی چارەسەرێكی راست و جیددی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×